لە٧٠٪ی ژنانی ڕۆژنامەنووسی سودان کارەکانیان لەدەستداوە و ٣٠٠ ڕۆژنامەنووسیان تووشی توندوتیژیی ئۆنلاین بوون

سکرتاریەتی ڕەگەزی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان ئاشکرای کرد، زیاتر لە ٧٠٪ی ڕۆژنامەنووسانی ژن کارەکانیان لەدەستداوە و ٣٠٠ کەسیان تووشی توندوتیژیی ئۆنلاین بوون، داوای چالاککردنی میکانیزمەکانی پاراستن و لێپرسینەوەشی کرد.

لە٧٠٪ی ژنانی ڕۆژنامەنووسی سودان کارەکانیان لەدەستداوە و ٣٠٠ ڕۆژنامەنووسیان تووشی توندوتیژیی ئۆنلاین بوون

سودان

سکرتاریەتی ڕەگەزی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان ئاماری شۆککەری ئاشکرا کرد، کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ئەو ئازارانەیە کە ژنانی ڕۆژنامەنووسی سودان لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە بەرگەی گرتووە، هەروەها زیاتر لە ٧٠٪ یان کار و سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە، هاوکات زیاتر لە ٣٠٠ ژنی ڕۆژنامەنووس تووشی جۆرەها توندوتیژیی ئۆنلاین بوون.
ئەمەش لە راگەیاندراوێکی سکرتاریەتدا هات کە بە بۆنەی ١٦ ڕۆژی چالاکیی دژی توندوتیژی ڕەگەزی، کە ئامانج لێی تیشک خستنە سەر توندوتیژی ڕەگەزی و بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستن و لێپرسینەوە بوو.
سکرتاریەتەکە ڕایگەیاندووە، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سودان ڕووبەڕووی ئامانجکردنی فرەلایەنە دەبنەوە کە کاریگەری لەسەر پارێزراوی و مافە پیشەییەکان و بژێوی ژیانیان هەیە لە نێوان ململانێی بەردەوام و تێکچوونی بارودۆخی ژیان و کەمبوونەوەی هەلی کار و پشتیوانی.
ڕوونیکردەوە، کە توندوتیژییەکانی ئۆنلاین بەرامبەر بە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە زیادبووندایە، زۆرجار بەهۆی هەڵوێستە پیشەییەکانیانەوە، لەوانەش پشتیوانیکردنیان بۆ ئاشتی و ڕەتکردنەوەی ململانێکان، هەروەها کەیسەکانی بەڵگەدار بریتین لە هاندان، ناوزڕاندن و هەراسانکردنی ئۆنلاین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم نیشاندەرانە بۆ ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی ئەو ژنانە دەبنەوە کە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا کاردەکەن.
ئامانجگرتنەکە تەنها لە بواری دیجیتاڵیدا سنووردار نەبوو، ڕاپۆرتەکانی پێشووی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ٦٧٣ پێشێلکاری بەرامبەر بە کارمەندانی ڕاگەیاندن تۆمارکراوە، لەوانە کوشتنی ٣٤ ڕۆژنامەنووس، ١١٦ حاڵەتی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، ڕاگرتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ١٢٠ ڕووداوی هەڕەشەکردن و ڕق لێبوونەوە وتاردان، ٣٤ حاڵەتی بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ و تەقەکردن، ٦٤ حاڵەتی لێپێچینەوەی یاسایی.
داوای کرد، کە میکانیزمی لێپرسینەوەی یاسایی و دیجیتاڵی چالاک بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانباران لە سزا ڕزگاریان نەبێت، هەروەها داوای پەسەندکردنی بەرنامەی بەپەلەی کرد بۆ یەکخستنەوەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە بازاڕی کار و دابینکردنی پاراستنی پێویستیان لە ئامانجکردنی پیشەیی و ڕەگەزی و دیجیتاڵی تێکەڵاو.
لە کۆتاییدا، جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس داواکارییەکی کەرتیی نییە، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەریکردنی مافی خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی ڕووماڵکردنی پیشەیی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی، بەتایبەتی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا.