ئارزو تەمۆ: سەربەخۆیی ئابووری بناغەی ڕزگاری ژنانە لە توندوتیژی و وابەستەیی

ئارزو تەمۆ، کارگێڕی کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ، جەختی لەوە کردەوە کە ئازاردانی زارەکی یەکێکە لە مەترسیدارترین و بەربڵاوترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها سەربەخۆیی ئابووری پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی ژنان.

ئارزو تەمۆ: سەربەخۆیی ئابووری بناغەی ڕزگاری ژنانە لە توندوتیژی و وابەستەیی

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بانگەوازەکان نوێ دەکەنەوە بۆ تیشکخستنەسەر شێوازە جیاوازەکانی ئەو توندوتیژییەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی توندوتیژیی زارەکی، کە بە یەکێک لە بڵاوترین و کاریگەرترین جۆرەکانی دادەنرێت، سەرەڕای ئەو پشتگوێخستن و کەمبایەخکردنەی کە دەوریدا داوە.

 

چونکە وشە بریندارکەرەکان، بێڕێزییەکان، گاڵتەپێکردن، کەمکردنەوەی بەهای ژن، ئەو کردارانەن کە لە زۆر کۆمەڵگەدا بوونەتە ڕەفتارێکی ڕۆژانەی باو، لە ناو خێزان و قوتابخانە و شەقام و شوێنەکانی کاردا ئەنجام دەدرێن، تەنانەت هەندێک لە ژنان هەست ناکەن کە زیانبەرکەوتووی توندوتیژین، یان لە شکاندنی بەربەستی بێدەنگی و بەرەنگاربوونەوەیدا تووشی سەختی دەبن.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ئارزو تەمۆ، کارگێڕی کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە توندوتیژیی زارەکی یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی توندوتیژیی ئەنجامدراو دژی ژنان، بەهۆی ئەو کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستییانەی کە بەجێی دەهێڵێت، وتی: ڕووبەڕووبوونەوەی پێویستی بە گۆڕینی عەقڵییەتی باڵادەستی پیاوسالاری و بەهێزکردنی هۆشیاریی ژنانە سەبارەت بە مافەکانیان.

 

توندوتیژیی زارەکی... کردارێکی ڕۆژانە کە نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە

ئارزو تەمۆ ڕوونیکردەوە، کە توندوتیژی بە شێوازە جیاوازەکانییەوە، چ جەستەیی بێت یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان زارەکی، بووەتە بەشێک لەو کولتوورە باوەی لە زۆر کۆمەڵگەدا هەیە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەندێک جار بە بیانووی شەرەفەوە ئەنجام دەدرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە مەترسیدارترین شت لەم دیاردەیەدا ئەوەیە کە ژنان توندوتیژی بە شتێکی سەپێنراو بەسەریاندا یان چارەنووسێکی نەگۆڕ دادەنێن، ئەمەش پەیوەستە بە عەقڵییەتی پیاوسالارییەوە کە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر ژندا بسەپێنێت و ئیرادەیان سنووردار بکات.

 

هەروەها دووپاتی کردەوە، کە توندوتیژیی زارەکی دزە دەکاتە ناو وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە لە ڕێگەی وشە و بێڕێزی و نوکتەی ئازاردەر و ئەو دەربڕینانەی تواناکانی ژن بە کەم دەزانن، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە ڕاهاتنی کۆمەڵگە لەسەر ئەم کردارانە لە مەترسییەکەی کەم ناکاتەوە، بەڵکو کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانی قووڵتر دەکاتەوە، بەتایبەتی لای ژنان و منداڵان.

 

شکاندنی بێدەنگی و دانانی سنوور لە بەرامبەر خراپەکاریدا

ئارزو تەمۆ پێداگریی کرد لەسەر پێویستیی شکاندنی بەربەستی بێدەنگی لەلایەن ژنانەوە، ئەوەی کە مامەڵە لەگەڵ بێڕێزییەکاندا نەکەن وەک شتێکی سروشتی یان قبوڵکراو،  داوای کرد هەڵوێستی ڕوون وەربگرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەکانی کەمکردنەوەی بەهایان، سنوورێک دابنێن کە لەسەر ڕێزی هاوبەش دامەزرابێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە خێزانەوە دەست پێ دەکات، لە ڕێگەی چەسپاندنی یەکسانی و خۆشەویستی و قبوڵکردنی ئەوی تر، دامەزراندنی پەیوەندیی خێزانیی دیموکراتیک کە لەسەر دەسەڵات و هەژموون دانەمەزرابێت، بەڵکو لەسەر لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن لە مافی هەموو تاکەکانی بێت.

 

گۆڕینی عەقڵییەتی پیاو بنەمای هەڵوەشاندنەوەی بازنەی توندوتیژییە

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کاریگەریی توندوتیژیی زارەکی تەنها لەسەر خودی ژن نامێنێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ منداڵان، لە ژینگەیەکدا گەشە دەکەن کە بێڕێزی و ترسی تێدا باڵادەستە، ئەمەش ڕەنگە لەسەر کەسایەتی و متمانەبەخۆبوون و داهاتوویان ڕەنگ بداتەوە.

 

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە ئەم کردارانە خۆیان نەوە دوای نەوە بەرهەم دەهێننەوە، ئەمەش وا دەخوازێت کەمپەینی هۆشیاری و کۆڕ و خولی ڕاهێنان ڕابگەیەندرێن کە ئامانجیان گۆڕینی ئەو بیرکردنەوەیە بێت کە لەسەر هەژموون دامەزراوە، بەهێزکردنی کولتووری ژیانی هاوبەش و یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە چاکسازیی کۆمەڵگە بە گۆڕینی دیدگای پیاو بۆ ژن دەست پێ دەکات، دەستبەرداربوون لەو عەقڵییەتەی کە مافی کۆنترۆڵکردنی پێ دەدات، پێداگریی کرد لەسەر پێویستیی ئەوەی دایکان و باوکان بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان بەدوور لە منداڵان، پاراستنیان لە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژی.

 

سەربەخۆییی ئابووری هەنگاوێکە بەرەو بەهێزکردنی ئیرادەی ژن

لە میانی قسەکردنیدا دەربارەی توندوتیژیی ئابووری، ئارزو تەمۆ پەیوەندیی نێوان سەربەخۆییی داراییی ژن و توانای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژیی بەستەوە، وتی: پاشکۆیەتیی ئابووری توانای بڕیاردان و بەرگریکردن لە مافەکانی لاواز دەکات.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە مانەوەی ژن بە بارمتەی یارمەتیی دارایی کە پیاو پێشکەشی دەکات، زیاتر لەبەردەم فشار و خراپەکاریدا دای دەنێت، لە کاتێکدا سەربەخۆییی ئابووری مەودایەکی فراوانتری پێ دەبەخشێت بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی یەکلاکەرەوە و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و بێڕێزی.

 

داوای لە ژنان کرد پڕۆژە ئابوورییەکانیان پەرە پێ بدەن، وۆرکشۆپی کاری تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، ئامادەییی خۆیان لە بوارە بەرهەمهێنەرە جیاوازەکاندا بەهێز بکەن، بە شێوەیەک کە داهاتێکی سەربەخۆ و توانایەکی زیاتر بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان بۆ مسۆگەر بکات.

 

ئارزو تەمۆ قسەکانی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوە کۆتایی پێ هێنا کە سەربەخۆییی ئابووری تەنها هۆکارێک نییە بۆ دابینکردنی داهات، بەڵکو هەنگاوێکی بنەڕەتییە بەرەو بەهێزکردنی ئیرادەی ژن و خاوەندارێتیی بڕیارەکەی، ئەنجامدانی خەباتێکی بەهێزتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا بە هەموو شێوازەکانییەوە، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک کە یەکسانی و ئازادی و کەرامەتی تێدا باڵادەست بێت.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.