ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد – بەگوێرەی ڕاپۆرتی تایبەت بە ژن، ئاشتی و ئاسایشی ساڵی ٢٠٢٦ـی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ن.ی)، لە جەنگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ـدا زیاتر لە ٣٧ هەزار مەدەنی کوژراون، لە هەر چوار کەس سێ کەسیان کە کوژراون لە ژنان و منداڵانی کچ پێکدێن، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات کە ڕێژەی ئەو ژن و منداڵە کچانەی لە جەنگە چەکدارییەکاندا دەکوژرێن لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە دوو هێندە زیاد بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێستا نزیکەی ٧٥٠ ملیۆن ژن و منداڵی کچ لە مەودای ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوچەکانی جەنگ و پێکدادانەوە نزیکن و لەوێ دەژین، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٤٠ ملیۆن زیاد بووە و لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
پەروا ئینال، هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا، ڕایگەیاند، کە جەنگ زۆرتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت و زۆرینەی ئەوانەی گیان لەدەست دەدەن ژنن.
”دەبێت هەر موسڵمانێک لە هەمانکاتدا ببێتە نوێنەری ئاشتی”
پەروا ئینال ئەوەی خستە ڕوو کە جەنگە ئایینی و مەزهەبییەکان و هەندێک جاریش هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە کەمینەکان، هیچ پەیوەندییەکیان بە جەوهەر و ئیسلامی دیموکراتیکیەوە نییە و ئەو جەنگانەی ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدەن لەلایەن وڵاتە ئیمپریالیستەکان، پێشەنگەکانی جەنگ و بازرگانانی چەکەوە پشتیوانی دەکرێن.
پەروا ئینال پرسیاریکرد، وتی: باشە، ڕۆڵی ئێمە لێرەدا چییە؟ ئەو دەربڕینانەی بیر هێنایەوە کە لە زیاتر لە ١٨ ئایەتی قورئاندا هاتوون، ئایا عەقڵتان بەکار ناهێنن؟ ئایا بیر ناکەنەوە؟
پەروا ئینال ڕوونیکردەوە، کە لە جیاتی لاسایکردنەوەی ئەم دەربڕینانە، لێپرسینەوە و هەڵسەنگاندن پێویستە وتی: هانمان دەدات بۆ بیرکردنەوە، لە ڕاستیدا، ئەو تایبەتمەندییانەی ئێمە لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکەنەوە عەقڵ، ئیرادە و ویژدانن، وەک موسڵمان دەبێت سەیری ئیسلام بکەین، ئیسلام پڕۆژەیەکە بۆ مرۆڤایەتی، ئیسلام پڕۆژەیەکە بۆ ئاشتی، پێغەمبەران نێردراوی ئاشتین، دەبێت موسڵمانان نێردراوی ئاشتی بن.
پەروا ئینال، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت موسڵمانان بەتایبەتی لەو جوگرافیایەی تێیدا دەژین ئاشتی سەرکەوتوو بکەن و دەبێت موسڵمانان تێبکۆشن، ئایەتی ٢٥ـی سوورەتی یوونسی بیر هێنایەوە کە تێیدا دەفەرموێت، ”خوا بانگتان دەکات بۆ جێگەی ئاشتی (داروسەلام) و هەرکەس بیەوێت ڕێنوێنی ڕێگەی ڕاست دەکات” و هەروەها بە تێکۆشان بۆ ئاشتی، دەتوانین جەنگ لەناو ببەین.
”ستەمی دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینرێت”
پەروا ئینال، ستەم و زۆرداری و کۆمەڵکوژییەکانی بیر هێنایەوە کە لە فەڵەستین، ئێران و ئەفغانستان دژ بە ژنان بەردەوامن و وتی: ستەمی دژنت ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینرێت.
پەروا ئینال وتی: هەرچەندە فەڵەستینییەکان خاوەنی دەوڵەتن، بۆ ئەوان لە هەموو شوێنێک شەرمەزارکردن و ناڕەزایەتی هەیە، بەڵام ئەوان بە جەنگ، برسێتی و بێبەشی ئازار دەچێژن، ئەی موسڵمانان چی دەکەن؟ ئەم کێشەیە تەنها بە شەرمەزارکردن چارەسەر نابێت.
پەروا ئینال، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئێران دژ بە لەسێدارەدانی ژنان و ستەمی هەنووکەیی شۆڕشێک ڕێکدەخرێت وتی: لە هەر شوێنێک فشار هەبێت، بێگومان لە دژیدا شۆڕشێک دروست دەبێت، فشار شۆڕش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئایەتەکان دەڵێن لە ئاییندا زۆر و ستەم نییە، پێغەمبەرمان هەندێک شتی بە کەسانی دەوروبەری وت بەڵام ئەوان گوێیان پێ نەدا، پێغەمبەرمان دڵتەنگ بوو و وتی: بۆچی گوێ ناگرن؟ دواتر ئایەتێکی بۆ هات و لە ئایەتەکەدا دەفەرموێت، "تۆ بریکار و سەرپەرشتی ئەوان نیت، تۆ تەنها بانگخواز و گەیەنەرێکیت." ئێمە لەمە چی تێدەگەین؟ بە زۆر یان قەدەغەکردن هیچ شتێک ناکرێت یان ناسەپێنرێت، چونکە ئەمە دژ بە ئایینی ئیسلامە.
”دەبێت لە ناو پەیوەندیدا بین لەگەڵ ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگە دوور خراونەتەوە”
پەروا ئینال، ڕایگەیاند کە ئەوان تەنها پێکەوە دەتوانن ژنانی توێژ و بۆچوونە جیاوازەکان ئاشتی بونیاد بنێن و وتی: دەبێت بە دڵنیاییەوە لە ناو پەیوەندیدا بین لەگەڵ ئەو کەسانەی دوور خراونەتەوە، بۆچی دەڵێین "ئەوی تر"، ئێمە لە هەمان جوگرافیا دەژین؟ ئایەتی ١٣ـی سوورەتی حوجورات باڵادەستی ڕەگەز، زمان یان نەتەوە ڕەت دەکاتەوە،لە سورەتی حوجورات دەفەرموێت، "یەکتری بناسن." کاتێک یەکتری دەناسین و لەیەکتر تێدەگەین، قبووڵکردن دێتە ئاراوە، ویستی خوا ئەم فرەچەشنییەیە، لەبەر ئەوە، با بۆ ئاشتی کار بکەین، با ببینە نێردراوی ئاشتی، ئەگەر لە دۆخی ئێستا ڕازی نەبین و ئەگەر ویژدانمان ئازاری هەبێت، دەبێت ئیتر بێینە مەیدان و هەوڵ بدەین.
پەروا ئینال باسی لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە لە تورکیا بۆ چارەسەری دیموکراتیکیانەی پرسی کورد دەستی پێکراوە و بەم قسانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئەگەر بڵێین موسڵمانین و ئەگەر بمانەوێت لە ناو ئارامیدا بژین و ئەگەر بمانەوێت جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی بێت، دەبێت زیاتر کار بکەین، دەبێت بیخەینە ڕوو کە ئەم پڕۆسەیە چۆن سوود بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.




