نەغەم چاچان
حەسەکە – لە ناو هەلومەرجە سەختەکانی ئاوارەیی و ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێش ڕێگەی پەروەردە بە زمانی دایک، ئێلینی ١٠ ساڵ دەبێتە دەنگی ئەو منداڵانەی دەیانەوێت بە زمانی خۆیان بخوێنن، ئێلین کە بەهۆی داخستنی قوتابخانەکان و گۆڕانی بڕیار و مەرجەکان ناتوانێت بە زمانی کوردی درێژە بە خوێندنەکەی بدات، بە خۆشەویستی زمان و ناسنامەکەی وتی: خودا منی بە کوردی ئافراندووە، من کوردم، ناتوانم بە زمانی عەرەبی بخوێنم، داواکارییەکەی ئێلین بچووکە بەڵام بە واتا گەورەکەیەوە، دەبێتە بانگەوازێک بۆ مافەکانی منداڵان بۆ خوێندن بە زمانی دایک و هیوایەک کە لە ناو سەختییەکانی ئاوارەییدا خۆی دەردەخات.
ئێلین سوڵتان بە دڵێکی منداڵانە و بە هیوای گەڕانەوە بۆ ماڵ و قوتابخانەکەی، داواکاری خوێندن بە زمانی کوردی دەکات و ڕایگەیاند، کە ئەو و منداڵانی تر دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و دەرفەتیان هەبێت بە زمانی دایک بخوێنن وتی: دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان، دەمانەوێت لە قوتابخانەکەمان بخوێنین، دەمانەوێت بە زمانی دایک بخوێنین، چونکە ئەمە زمانی ئێمەیە.
ئێمە زمانەکەمان دەوێت
ئێلین کە بەهۆی هەلومەرجەکانی ئاوارەیی و داخستنی قوتابخانەکان لە خوێندن بە زمانی کوردی بێبەش دەمێنێتەوە، بە هەستە منداڵانەیەکەی ئاماژەی بەوە کرد، کە خوێندن بە زمانی دایک بۆ ئەو تەنها پەروەردە نییە، مافێکە کە دەیەوێت بیپارێزێت وتی: دەمانەوێت بە زمانی خۆمان بخوێنین، زمانی کوردی تەنها زمانی ئێمەیە، بۆچی ناتوانین بە زمانی خۆمان بخوێنین؟ ئێمە زمانەکەمان دەوێت، نەک زمانێکی تر.
وتیان قوتابخانەکان بە زمانی عەرەبی دەکرێنەوە
لە ناو ئەو سەختییانەی کە لەگەڵ کۆچبەریدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئێلین باسی خۆی و منداڵانی تر دەکات کە بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و خوێندن بە زمانی کوردی داواکارییان کردووە، بەڵام ئەو وەڵامانەی دراونەتەوە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەواندا نەبوون، ئێلین بیری خستەوە کە ئەوان لە لایەنە بەرپرسەکان، داواکاری کردنەوەی قوتابخانە کوردییەکانیان کردووە وتی: وتمان دەمانەوێت قوتابخانەکانمان بکرێنەوە، دەمانەوێت بە زمانی کوردی بخوێنین، بەڵام وتیان قوتابخانەکان بە زمانی عەرەبی دەکرێنەوە، ئێمە زمانی کوردیمان دەوێت، دەمانەوێت بە زمانی خۆمان بخوێنین.
ئێمەش مرۆڤین ئێمەش مرۆڤین
ئێلین، بە قسە سادەکانی بەڵام بە واتایەکی قووڵەوە، سەرنجی خستە سەر مافی هەموو منداڵان بۆ خوێندن بە زمانی دایک و لەسەر یەکسانی لە نێوان منداڵاندا، بەبێ ئەوەی زمان یان ناسنامەکەیان ببێتە ئاستەنگ و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا: ئێمە کوردین، ئەوانیش مرۆڤن، ئێمەش مرۆڤین، خودا ئێمەی بە کوردی ئافراندووە، ئەوانیشی بە عەرەبی ئافراندووە، بۆچی بە زۆر خۆمان بکەین بە عەرەب؟ دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان، قوتابخانەکانمان بکرێنەوە و بە زمانی خۆمان بخوێنین، دەمانەوێت وەک منداڵانی تر بخوێنین، ئێمەش دەمانەوێت فێر ببین و داهاتوویەکی باش بۆ خۆمان دروست بکەین.







