ناوەندی هەواڵ
تارانە ڕەحیمی، زیندانی سیاسی کە لە دۆسیەی ناسراو بە "مەیدانی شەهیدانی ئەسفەهان" سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ئەوەی لە زینداندا لە پلیکانێک کەوتە خوارەوە و تووشی قەیرانێکی تەندروستی سەخت بوو، بۆ نەخۆشخانەیەک گوازرایەوە، بارودۆخی ئەو ژنە بە نیگەرانکەر پێناسە دەکرێت و خێزانەکەی هێشتا نەیانتوانیوە شوێنی لە نەخۆشخانەکە یان هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە بارودۆخەکەی دڵنیا بکەنەوە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە، تارانە ڕەحیمی دوای شەڕی زارەکی لەگەڵ پیاوێک بە ناوی "ئەسگەری" کە بەرپرسێکی باڵی ژنانی زیندانەکە بووە، لە پلیکانەکان کەوتووەتە خوارەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە لەکاتی دابەزینی بە پلیکانەکاندا هاوسەنگی لەدەستداوە و بە نزیکەی هەشت یان نۆ هەنگاوەوە کەوتووەتە خوارەوە و سەری بە زەویدا دراوە.
بەڵام بەرپرسانی زیندانەکە دوای کەوتنەخوارەوە بارودۆخەکەیان بە جددی وەرنەگرت، لەبری ئەوە لێیانداوە و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە خۆی بەنەخۆش نیشان دەدات، لەگەڵ تێکچوونی باری تەندروستی، چەند زیندانییەکی ژن پەلەیان کرد بۆ یارمەتیدانی، کارمەندانی کلینیکی زیندانیش دەستوەردانیان کرد بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای نیگەرانی کارمەندانی پزیشکی سەبارەت بەو دۆخە مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی، بەڵام سەرەتا داواکاری گواستنەوەی دەستبەجێی بۆ نەخۆشخانە ڕەتکرایەوە، ناڕەزایەتی زیندانییەکانی ژنانی دیکە و پێداگری هەندێک لە کارمەندانی کلینیکەکە لەسەر سەختی بارودۆخەکەی لە کۆتاییدا بووە هۆی گواستنەوەی.
خوشکەکەی بەناوی ڕومینا ڕەحیمی کە بەهەمان شێوە زیندانی سیاسییە، چووە کلینیکەکە و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە دۆخی خوشکەکەی و داوای چاودێری پزیشکی خێرا دەکات، هەروەها شەهرزاد شەهبازی، پارێزەرەکەی لە پۆستێکی ئینستاگرام هۆشداری لە سەختی باری تەندروستی بریکارەکەی داوە و وتی: ژیانی تارانە لە مەترسیدایە، هەروەها تارانە چەند ڕۆژێک پێشتر ئاگاداری کردبووەوە کە بەدەست خوێنبەربوونی گەدە و سەرئێشەی توند و ئازاری ئەژنۆیەوە دەناڵێنێت.
دۆخی ئێستا نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پارێزراوییەکەی زیاتر کردووە، چونکە پێشتر نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ کراوە بە دانانی پلێت و برغوی کانزایی، هەروەها پێشینەی نەشتەرگەری سکی هەیە بەهۆی کیسەوە، شایانی باسە کە تارانە ڕەحیمی و خوشکە دووانەکەی ڕومینا ڕەحیمی لە نێو خۆپیشاندەرانی مانگی کانوونی دووەم ی ٢٠٢٦ بوون، لە پێوەندی لەگەڵ دۆسیەی ناسراو بە "مەیدانی شەهیدان لە ئەسفەهان" دەستبەسەر کراون.




