بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سیاسی و دیپلۆماسی یەکێکە لە ستراتیژییە دیپلۆماسییەکانی کۆنگرەی ستار

ڕۆناهی حەسەن، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندی و هاوپەیمانی دیموکراتیک ڕایگەیاند، کە بەشێک لە ستراتیژییەکانی داهاتوویان بریتین لە نووسینی دەستوور و ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سیاسی و دیپلۆماسی.

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سیاسی و دیپلۆماسی یەکێکە لە ستراتیژییە دیپلۆماسییەکانی کۆنگرەی ستار

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- ساڵی ٢٠٢٦ بۆ کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ساڵی شەڕ و قەیرانەکان بوو، لە ئەنجامدا چەندین قەیرانی مرۆیی، کولتووری، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی هاتنە ئاراوە، ئەمەش دۆخی ژنانی مەترسیدارتر کرد، لە نێو ئەو هەموو هێرش و قەیرانانەدا بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر هێرشی جیهادییەکانی سەر بە هەتەشە، دەنگدانەوەیەکی دروست کرد.

 

ڕۆناهی حەسەن، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندی و هاوپەیمانییە دیموکراتییەکانی کۆنگرەی ستار بۆ ئاژانسەکەمان کارو تێکۆشانی ئەمساڵی خۆی هەڵسەنگاند.

 

پێشێلکاری و تاوانەکانی دژی ژنان تۆمار کران

ڕۆناهی حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، کە بونیادنانی پەیوەندی و هاوپەیمانیی دیموکراتیک لەگەڵ کۆمەڵگە خۆجێییەکان، کوردستانی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتی، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانیان و وتی: بۆ ئەوەی لە نێوان شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و ژنانی ناوچەکە، کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتیدا پردێکی هاوپشتی دروست بکات و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێت، دیپلۆماسی لە دۆخی شەڕدا ڕۆڵی پارێزەریی گێڕا، کارەکانی ئێمە بەستراونەتەوە بە گۆڕانکاری و وەرچەرخانە سیاسییەکانی وڵات، ئەو هێرشانەی کە لەسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێ کرد و گەیشتنە ڕۆژئاوای کوردستان، دیپلۆماسیی کۆنگرەی ستار توانی ڕۆڵی پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان بە ڕاگەیاندنی ڕووداوەکان، تۆمارکردنی پێشێلکاری و تاوانەکانی دژی ژنان و گەیاندنی بە دەزگا یاساییە نێودەوڵەتییەکان بگێڕێت، چونکە ئامانج ئەوە بوو فشار بخرێتە سەر حکومەتی ڕاگوزەر تا دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا بهێڵێتەوە و ببنە هی هەموو ژنانی سووریا.

 

گرنگترین دۆسییەکان لە جانتای ئەو شاندەدا بوون کە چووبووە ئەورووپا

ڕۆناهی حەسەن بیری هێنایەوە کە شاندێکی ژنان لە ڕۆژئاوا بە چەندین وڵاتی ئەورووپادا گەڕاوە و بەم شێوەیە باسی ئەو دۆسیانەی کرد، کە لە جانتاکانیاندا بوون: لە بەرامبەر پشتگوێخستنی ژنان لە لایەن حکومەتی ڕاگوزەرەوە لە سووریای نوێ، شاندێک لە ژنانی کورد، عەرەب، سریان و ئەرمەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی ئەڵمانیا، بەلجیکا، سوید و فەڕەنسایان کرد، لە ڕێگەی دیدار لەگەڵ پەرلەمانەکان و ڕێکخراوەکانی ژناندا ویستیان گرنگیی پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا گفتوگۆ بکەن، مسۆگەری یەپەژە، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژن لە گرنگترین ئەو دۆسیانە بوون کە لەسەر مێز گفتوگۆ کران. کەمپەین بۆیان دەست پێ کرا، هەرچەندە زۆر نەبێت بەڵام لانیکەم هەندێک لە داواکارییەکانمان ئەنجامیان هەبوو.

 

پشتیوانیی ژنانی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

ڕۆناهی حەسەن تیشکی خستە سەر پشتیوانیی ژنانی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ڕوونیکردەوە، کە چەندین شاند لە دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنانەوە هاتوون، وتی: تەنها ئەم شاندانەی ژنان نەبوون، لە کوردستانیشەوە هاتنە ڕۆژئاوا و ویستیان لە پاراستنی ئەو سیستەمەی کە ژنان بونیادییان ناوە ببنە پاڵپشت و دەنگیان بگەیەننە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، چونکە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەمین نموونە بوو لەگەڵ ئەوەی هیوایەک بوو بۆ زۆرێک لە گەلان و کۆمەڵگە جیاوازەکان.

 

لە کۆنفرانسەکانی ئەمساڵەوە دیدگایەکی ئەرێنیی ژنان بۆ سووریای نوێ

ڕۆناهی حەسەن ڕایگەیاند، کە ئەمساڵ دوو کۆنفرانسی گرنگیان ساز کردووە و بەم شێوەیە باسی هۆکار و گرنگییەکەیانی کرد: بە بەشداریی ڕێکخراو و تەگەرەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ کەسایەتییەکانی ژنانی سووریا کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی زوومەوە ئامادە بوون، دوو کۆنفرانس بەڕێوە چوون، گرنگ بوو کە لەسەر بەشداریی ژنان لە سووریای نوێ گفتوگۆ بکەین و بزانین چۆن لە ناویدا جێ دەگرن یان ڕۆڵ دەگێڕن، لە هەر کۆنفرانسێکەوە دیدگایەکی ئەرێنی هاتە ئاراوە کە چۆن پێکەوە دەتوانین سووریای نوێ بونیاد بنێین.

 

ژنانی عەلەوی و درووز بێ پاڵپشتیی ڕۆژئاوا نەمان

ڕۆناهی حەسەن ڕوونیکردەوە، کە هیچ سنوور و جوگرافیایەک ڕێگری لە هاوپشتیی ئەوان لەگەڵ ژناندا ناکات و سەبارەت بەو کارانەی کە بۆ ژنانی عەلەوی و درووز کراون، وتی: بۆ ئێمە دۆزی ژنان یەکە، هەر بۆیە کاتێک ژنانی عەلەوی و درووز ڕووبەڕووی هێرشەکانی حکومەتی کاتی بوونەوە، ئێمە لەگەڵیان بووین. چونکە تووشی کارەساتێکی گەورە بوون، لە کوشتن، ڕفاندن و دەستدرێژییەوە بگرە تا زۆر کرداری تر، ڕۆژئاوای کوردستان دەنگ و هاواری ژنانی عەلەویی بە بەڵگەوە گەیاندە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان، تەنها ئەمەش نا، ئێمە هاوکاریی مرۆییشمان گەیاندە ئەوان، لەم چوارچێوەیەدا، کەمپەین دەستیان پێ کرد و کاری زۆر گرنگ و چالاکیی جیاواز بەڕێوە چوون.

 

دیپلۆماسیی ژنان لە سووریا

ڕۆناهی حەسەن ئەوەی خستە ڕوو کە ڕژێمی بەعس پەیوەندیی نێوان ئەوان و ژنانی سووریای پچڕاندبوو، بەڵام بە ڕووخانی ڕژێم پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ ژنانی سووریادا دروست بووە.، وتی: هەلومەرجی گونجاو بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ ژنانی سووریادا ڕەخسێنران، دوای ڕووخانی ڕژێم ئێمە خۆمان گەیاندە ژنانی ناوەوەی سووریا و لەسەر دەستووری نوێی سووریا، مسۆگەری مافەکانی ژنانمان لە ڕووی سیاسی، یاسایی و مافەوانییەوە گفتوگۆ کرد، چۆن ئێمە لە پەرلەمانی سووریا و هەڵبژاردنەکانیشدا خاوەن ڕۆڵ بین، بۆ ئەوەی لە سووریا زیاتر خاوەن ڕۆڵ بین، ئۆفیسێکی خۆمان لە دیمەشق پایتەختی سووریا کردەوە.

 

ڕۆناهی حەسەن جەختی لەوە کردەوە، کە ویستوویانە ئەمساڵ لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆ ببنەوە، بەڵام بەهۆی سنوور، کێشە جیاوازەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵاتانەوە نەیانتوانیوە وتی: نەمانتوانی لە ڕووی فیزیکییەوە کۆ ببینەوە، بەڵام توانیمان زۆر کاری هاوبەش بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجام بدەین، بۆچوون و داواکارییەکانمان بگەیەنینە یەکتر و خەباتێکی هاوبەش لە زۆر وڵاتدا بەڕێوە ببەین، لە بیری نەکەین کە کوردانی دەرەوەی وڵات زۆر پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد.

 

دیپلۆماسی بەرەو کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوە دەڕوات

ڕۆناهی حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوان بەرەو سازکردنی کۆنفرانسەکەیان دەڕۆن و لەسەر ستراتیژیی نوێی خۆی وتی: بە گۆڕانی دۆخی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان، دۆخی ئێمەش گۆڕا، ئێمە بەرەو سازکردنی کۆنفرانسەکەمان دەڕۆین، دوای ئەوەی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا هەموو بڕگەکانی بەشەکەی خۆمان گفتوگۆ کرد، لەو کۆنفرانسەی کە ساز دەکرێت، ستراتیژیی داهاتوومان دیاری دەکرێت، وەک یەکەم هەنگاو یەکەم ئۆفیسی خۆمان لە دیمەشق کردەوە بەڵام لە داهاتوودا لە شارەکانی تری سووریاش دەیکەینەوە و کارەکانمان فراوانتر دەکەین.

 

”لە ٢٣ وەزارەتدا تەنها یەک ژن هەیە و لە نێو ١٢٢ پەرلەمانتاردا تەنها ٢٢ ژن هەن”

ڕۆناهی حەسەن ڕوونیکردەوە، کە ئەمڕۆ ژنانی سووریا ڕووبەڕووی توندوتیژیی سیاسی و دیپلۆماسی بوونەتەوە و بەم بانگەوازە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: دوورخستنەوەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان، نەناسینی ئیرادە و ناسنامەیان یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژیی سیاسی و دیپلۆماسی کە بەرامبەر ژنان بەڕێوە دەبرێت، ئێمە بەرەو ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژیی سەر ژنان دەڕۆین، هەر بۆیە ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر ژنانی سووریا دەکرێت، زۆر بەرفراوانە، لە ٢٣ وەزارەتدا تەنها یەک ژن هەیە و لە نێو ١٢٢ پەرلەمانتاردا تەنها ٢٢ ژن هەن، دەنگی ٢٢ ژن لە بەرامبەر دەنگی سەدان پیاودا کەم دەمێنێتەوە و ناتوانێت بەرزتر ببێتەوە، لەبەر ئەوە ئێمە لەناو تێکۆشانداین، ئێمە لە سووریای نوێدا دەبین و دەبێت لە نووسینەوەی دەستوورەکەشیدا جێ بگرین، هەروەها دەبێت بگەینە ئاستێکی وا کە ژنان خۆیان دەستووری خۆیان بنووسنەوە، هاوپشتی و یەکێتییەکی بەهێز لە بەرامبەر دوژمنانی ژناندا دروست بکەن، ئەگەر دەست لەناو دەست بنێین دەتوانین دژی ئەو توندوتیژییەی لێمان دەکرێت، تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوە ببەین.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.