لە مۆسیقاوە بەرەو بەرەنگاری... ئانا تیخۆ گۆرانی بۆ ئازادیی ژنان دەڵێت

ئانا تیخۆ، هونەرمەندی چیلی لە گۆرانیی "Antipatriarca"دا، لە ئەلبوومی "Vengo"، کارێکی مۆسیقی پێشکەش دەکات کە تێکەڵەیەکە لە کەلەپووری لاتینی و ڕۆحی بەرەنگاریی ژنان، کە تێکۆشانی ژنان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا بەرجەستە دەکات.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.

ناوەندی هەواڵ

مۆسیقا هەمیشە تەنها ڕووبەرێک نییە بۆ هونەر و دەربڕین، بەڵکو ڕەنگە ببێتە دەنگێک بۆ بەرەنگاری و ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی کۆمەڵایەتی، لەم ڕوانگەیەوە، گۆرانیی "Antipatriarca" وەک کارێکی مۆسیقی دەردەکەوێت کە پەیامێکی ژنانی ڕوون هەڵدەگرێت.

ئانا تیخۆ ساڵی ١٩٧٧ لە فەرەنسا لە دایک بووە، لە خێزانێکی چیلی کە بۆ هەڵاتن لە دیکتاتۆرییەتی پینۆشێ پەنایان بردبووە بەر تاراوگە، هەر لە منداڵییەوە، دیدگای هونەریی ئەو لە ژێر سایەی پرسەکانی توندوتیژیی سیاسی، داگیرکاری و باڵادەستیی باوکسالاریدا گەشەی کردووە، تا مۆسیقا بکاتە ڕووبەرێک بۆ بەرەنگاری و دەربڕینی ڕەتکردنەوە.

دوای گەڕانەوەی بۆ چیلی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە مەیدنی هیپ هۆپدا بە دەنگە سیاسییە تایبەتەکەی دەرکەوت، و لە ئەلبوومەکەیدا بە ناوی «Vengo» کە ساڵی ٢٠١٤ دەرچوو، گۆرانیی "Antipatriarca"ی پێشکەش کرد، کە لە ڕێگەیەوە هەڵوێستی ژنانی خۆی بە ڕوونی و بەهێزی بەرجەستە کرد.

گۆرانییەکە ئاوازی شمشاڵ و ئامێرە ژێدارە نەریتییەکانی زنجیرەچیاکانی ئەندێز لەگەڵ ڕیتمە توندەکانی هیپ هۆپدا تێکەڵ دەکات، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕۆڵە باوانەی کە ملکەچی، بێدەنگی و گوێڕایەڵی بەسەر ژناندا دەسەپێنن،

بە وشەی ڕاستەوخۆ، تیخۆ مافی ژن لە خاوەندارێتیکردنی ژیان و جەستەی خۆیدا ڕادەگەیەنێت، هەموو شێوەکانی سەرپەرشتیاری و پاشکۆیەتی ڕەت دەکاتەوە، "نە ملکەچ و نە گوێڕایەڵ، ژنێکی بەهێز و یاخی، ئازاد و تووڕە، تەنها خاوەندارێتی خۆی دەکات، هەرگیز دووبارە نابێتەوە، هەرگیز دووبارە نابێتەوە..."

دەنگی بەرەنگاری لە شەقام و مەیدانەکاندا

لە کاتی دەرچوونییەوە، "Antipatriarca" سنوورەکانی گۆرانیی تێپەڕاندووە و بووەتە سروودێکی ئامادە لە بزووتنەوە ژنان و کۆمەڵایەتییەکاندا، لە خۆپیشاندانی کچە خوێندکارەکانی چیلی و ڕێپێوانەکانی "ژنێکی تر لەدەست نادەین" لە ئەرژەنتینەوە، تا چالاکییەکانی هەشتی ئادار و ٢٥ی تشرینی دووەم، گەیشتن بە خەباتە ژینگەییەکان و بزووتنەوەی گەلە ڕەسەنەکان.

ڤیدیۆکلیپەکە ئەم ڕەهەندە بەکۆمەڵە بەرجەستە دەکات، لە ڕێگەی دەرکەوتنی ژنانێک لە تەمەن، پیشە و پێکهاتەی جیاوازەوە، کە ڕووبەڕووی کامێرا دەبنەوە و وشەکانی گۆرانییەکە دەڵێنەوە، لە دیمەنێکدا کە هێزی هاوپشتیی ژنان و تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافییەکان کورت دەکاتەوە.

بەم واتایە، "Antipatriarca" تەنها گۆرانییەکی ژنان نییە، بەڵکو هاوارێکە بە ڕووی توندوتیژیی باوکسالاری، قۆستنەوەی ژنان و پەراوێزخستنیاندا، پێشوازییەکە لە ئیرادەیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و سەندنەوەی ئازادییەکانیان، ئەمە بەرەنگارییەکە کە لە مۆسیقادا ڕیتمی خۆی دەدۆزێتەوە و لە هاوپشتیشدا هێزەکەی.