سیدار ئیبراهیم: پێویستە هونەری کوردی بگاتە هەموو شوێنێکی جیهان

سیدار ئیبراهیم، هونەرمەند  سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە کەمیی دەرفەت و پشتگیری بەربەستن لە بەردەم پێشخستنی هونەری کوردیدا و دیاری کرد کە دەبێت فۆلکلۆری کوردی بگاتە هەموو شوێنێکی جیهان.

سیدار ئیبراهیم: پێویستە هونەری کوردی بگاتە هەموو شوێنێکی جیهان

نەغەم چاچان

قامشلۆ - هونەر تەنها بوارێک نییە بۆ نیشاندانی جوانی و داهێنان، لە هەمان کاتدا ئامرازێکی گرنگە بۆ گێڕانەوەی بەسەرهات، هەست و کێشەکانی کۆمەڵگە، لە ڕێگەی مۆسیقا، سینەما و هونەرە بینراوەکانەوە، هونەرمەندان دەتوانن دەنگی خۆیان بگەیەننە کۆمەڵگە و دەرگای نوێ بۆ بیر و داهێنان بکەنەوە، لەم چوارچێوەیەدا، فێستیڤاڵی "ئاوازەکانی پاییز" بە ئامانجی پێشخستنی کولتوور، هونەر و کۆکردنەوەی هونەرمەندان و هۆگرانی هونەر، دەرفەتێکی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و پێشکەشکردنی بەهرەکان پێشکەش دەکات.

پەیوەست بە فێستیڤاڵەکەوە سیدار ئیبراهیم، هونەرمەند و دەنگبێژی گروپی یەکپار سەبارەت بە ئامانجی سەرەکیی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی "ئاوازەکانی پاییز" بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

سیدار ئیبراهیم، بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی "ئاوازەکانی پاییز" هەڵسەنگاند وتی: شەش ساڵە لە گروپی یەکپاردا وەک هونەرمەند و دەنگبێژ کار دەکەم، هەروەها ئەمە جاری پێنجەمە کە ئێمە فێستیڤاڵی ئاوازەکانی پاییز بەڕێوەدەبەین و خۆشحاڵین کە دیسان لەم چالاکییە هونەرییەدا جێگە دەگرین.

پێشخستنی فۆلکلۆری کوردی

سیدار ئیبراهیم سەرنجی خستە سەر ئامانجی سەرەکیی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە وتی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە فۆلکلۆری کوردی نەک تەنها لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشبخەین، بەڵکو بە هەموو جیهانی بناسێنین، وەک دەبینین، هەموو ساڵێک هۆگریی کۆمەڵگە بۆ فۆلکلۆر زیاتر دەبێت، ئەمەش هانمان دەدات کە ئەم میراسە کولتوورییە بە زیندوویی بهێڵینەوە و پێشی بخەین.

فێستیڤاڵەکان بۆ پێشخستنی هونەر و کولتووری کوردی زۆر گرنگن

سیدار ئیبراهیم سەرنجی خستە سەر گرنگیی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵە هونەرییەکان لە پاراستن و پێشخستنی میراسی کولتووریدا وتی: ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە بۆ گەلەکەمان و بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتێکی گرنگە، چەندە هونەرمەندەکانمان لە بواری گۆرانی، هەڵپەڕکێ، سینەما و هەموو بوارە هونەرییەکاندا کار و بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن، ئەوەندە دەتوانین هونەرەکەمان پێشبخەین و کولتوورەکەمان بە زیندوویی بهێڵینەوە.

بەربەستەکانی بەردەم گروپی یەکپار و هەوڵدان بۆ گەیاندنی هونەری کوردی

سیدار ئیبراهیم سەرنجی خستە سەر سەختی و کەمیی ئەو دەرفەتانەی کە گروپی یەکپار لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆنسێرت و چالاکییە هونەرییەکانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، سەرەڕای بەربەستەکان، دەیانەوێت هونەری کوردی لە زۆر شار و مەیدانی جیاوازدا پێشکەش بکەن و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئێمە وەک گروپی یەکپار دەمانەوێت لە هەموو شارێک فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بەڕێوەببەین بەڵام بەداخەوە دەرفەتەکانمان زۆر کەمن، ئێمە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت یان فێستیڤاڵێک زۆر سەختی دەچێژین، بۆ دابینکردنی دەرفەتەکانی پێشکەشکردنی هونەرەکەمان زۆر هەوڵ دەدەین، هەموو کەس پێویستی بە هونەر، خۆشی و مۆسیقایە، چونکە مۆسیقا ڕۆح تێر دەکات، لەبەر ئەوە دەبێت هونەری کوردی، بەتایبەتی هونەری هونەرمەندانی ڕۆژئاوا، دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت کە لە هەموو شوێنێک پێشکەش بکرێت و لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوببێتەوە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بە هەموو دەرفەتە هەبووەکان هونەرەکەمان بگەیەنینە گەل و لە مەیدانە جیاوازەکاندا پێشکەشی بکەین.