توندوتیژی تەنیا بە سزادان بنبڕ ناکرێت

حەبیبە بابان- چالاکوان و نووسەر

توندوتیژی تەنیا بە سزادان بنبڕ ناکرێت

لە مێژووی خەباتی کۆمەڵایەتی و رزگاریخوازیی گەلاندا، بەروارگەلێک هەن کە  دەبنە سیمبولی هۆشیاری و ئیرادە و پێداگری لەسەر گۆڕانکاریی ریشەیی. رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر لە سەرانسەری جیهاندا وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەناسرێت، بەڵام بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەم رۆژە نابێت تەنیا وەک بۆنەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە یان بەستنی کۆنفرانس و کۆڕی رەمزی تێپەڕێت. کوردستانی ئەمڕۆ پێویستی بەوەیە ئەم بەروارە بکاتە وێستگەیەکی کرداری و نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەقینەی هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە دەبنە کۆسپ لەبەردەم ئازادی و کەرامەتی ژنانی کوردستان.
بەپێی ئەزموونی خۆم وەک پارێزەرێک، توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئازارێکی درێژخایەنی جەستەیی و دەروونی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە درێژکراوەی پاشماوەی هەندێک چەمک و نەریتی دواکەوتووانەی ناو کۆمەڵگەیە. کاتێک ژنێک لە کۆمەڵگەدا رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، هەر ئەو بە تەنیا قوربانی نییە، بەڵکو تەواوی سیستمی خێزان و تەندروستیی دەروونیی نەوەکان و ئایندەی گەشەپێدانی ئابووری و فەرهەنگیی وڵات تووشی پاشەکشە دەبێتەوە. بۆیە پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، زیاتر دەبێتە ئەرکێکی سەرەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و ناتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆ چالاکیی یەک رۆژ، بەڵکو پێویستی بە بەرنامەیەکی تۆکمە و سەرتاسەریی بەردەوام هەیە.
لەم رۆژەدا، پێویستە لە کوردستان
چی بکرێت؟
بۆ ئەوەی ئەم یادە لە چوارچێوەی دروشم دەربچێت و ببێتە هەنگاوێکی کرداری بەرەو دروستکردنی کەشێکی ئارام بۆ ژنان، پێویستە لەسەر ئاستی جۆراوجۆر کار لەسەر کارابوونی بێ مەرجی یاساکان بکرێت.
گەورەترین رێگری بەردەم بنبڕکردنی توندوتیژی، هەبوونی کەلێنی یاسایی یان کارپێنەکردنی یاساکانە لەژێر گوشاری کۆمەڵایەتیدا. 
لەم رۆژەدا پێویستە دامەزراوە دادوەرییەکان و لایەنی باڵای بەرپرس، جەخت لەوە بکەنەوە کە ئەنجامدانی هەر تاوانێک بە پاساوی نامووس یان کێشەی خێزانی هێڵی سوورە و ناکرێت بە هیچ شێوەیەک سازانی لەسەر بکرێت.
پێویستە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە شێوەیەکی گشتگیر و بێ جیاکاری لە هەموو شار و شارۆچکەکان جێبەجێ بکرێت، دادگا دەبێت ببێتە پەناگەی یەکەم و کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری.
لەلایەکی دیکەوە، هەڵمەتی گشتگیری هۆشیاری لەڕێی میدیا و پەروەردەوە هەنگاوێکی ترە کە پێویستە کاری لەسەر بکرێت.
توندوتیژی تەنیا بە رێکاری سزادان بنبڕ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ریشەکێشکردنی بیری توندوتیژی هەیە. دەبێت لەم رۆژەوە هەڵمەتێکی نیشتمانی دەست پێبکرێت کە تیایدا وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرنامەی تایبەت بە یەکسانیی جێندەری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ تێکەڵی سیستمی خوێندن بکەن. 
هاوکات، میدیاکان و مینبەری مزگەوتەکان دەبێت لەبری بەرهەمهێنانی وتاری توند، ببنە سەکۆی پەرەپێدانی کەلتووری لێبورده‌یی، دیالۆگ و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەکی مەعنەوی یان جەستەیی بۆ سەر ژنان.
پەرەپێدانی سەنتەرەکانی داڵدەدان و هێڵەکانی فریاگوزاری هەنگاوێکی تری کاریگەرە بە ئاراستەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.
یەکێک لە کێشە گەورەکانی ژنانی قوربانی لە کوردستان، نەبوونی دڵنیاییە لە پاش سکاڵاکردن. پێویستە لایەنی بەرپرس، بودجە و ئیمکاناتی لۆجیستی بۆ سەنتەرەکانی داڵدەدانی ژنان زیاد بکات و گەرەنتیی ئاسایش و پاراستنی ژنانی داڵدەدراو بکات. هاوکات پێویستە هێڵی گەرمی ٢٤ کاتژمێری لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا بە کادری شارەزا و پۆلیسی مەشقپێکراوەوە ئامادە بن تا دەستبەجێ بەپیر داواکاریی فریاگوزاریی ژنانەوە بچن.
ئاشکرایە کە پاشکۆیەتیی ئابووری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان تا ژنان ناچار بکات لەناو پەیوەندی و ژینگەی توندوتیژدا بمێننەوە. 
دەبێت پلانێکی درێژخایەن بۆ پشتیوانیکردنی ئابووریی ژنان رابگەیەنرێت، لەوانە رەخساندنی دەرفەتی کار، پێدانی قەرزی بچووک بۆ پرۆژەی ژنان، راهێنانی پیشەیی و نەهێشتنی جیاکاری لە مووچە و پلەبەرزکردنەوەدا لە کەرتی تایبەت و گشتیدا.
ناتوانرێت باس لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی و سیاسیی گەلی کوردستان بکەیت بەبێ ئاماژەدان بەو رۆڵە پێشەنگ و کارامەیەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پشتگیریکردن و پشتیوانی پرسی ژناندا بینیویەتی. یەکێتی لەگەڵ بڵێسەی دامەزراندنیدا لە ساڵی ١٩٧٥، پرسی ئازادیی ژنی وەک بەشێکی بونیاتی و جەوهەری لە خەباتی رزگاریی نیشتمانیدا پێناسە کرد. 
لە سەردەمێکدا کە نەریتە کۆنەپەرستەکان ژنیان کورت دەکردەوە لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا، یەکێتی دەرگای شۆڕش و خەباتی چەکداری و رێکخستنی لەسەر واڵا کردن، ژنانی کورد بوونە پێشمەرگە، رێکخستنی نهێنی، کادری راگەیاندن و پزیشکی و شانبەشانی پیاوان میژوویەکی پڕ لە سەربەرزییان تۆمار کرد.
ئەم دیدگا پێشکەوتووخوازە لە کرۆکی رێباز و بیری مام جەلالدا سەرچاوەی دەگرت کە بڕوای نەگۆڕی بەوە هەبوو، کۆمەڵگەیەک ئازاد نابێت تاوەکو نیوەکەی تری کە ژنانن ئازاد نەبن. 

بەم تێگەیشتن و تێڕوانینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، رابەرایەتیی بزووتنەوەیەکی گەورەی بە کەلتورکردن و یاساییکردنی مافەکانی ژنانی کرد لەوانە: 
١ - پشتگیریکردنی تەواو لە دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان و سەکۆ سەربەخۆکانی ژنان تا بڕیار و داڕێژەری سیاسەتی خۆیان بن.
٢ - هەموارکردنی کۆمەڵێک یاسای کەسێتی و بارودۆخی شارستانی کە پێشتر رێگەی بە جیاکاری دابوو، بەتایبەت توندکردنەوەی سزای بکەرانی تاوانی ناموس و دەستکاریکردنی یاسا پەیوەندیدارەکانی فرەژنی.
٣ - یەکێتی یەکەم لایەن بوو کە بە کردار بڕوای بە توانای ژنان لەکایەی بڕیارداندا هەبوو، هەر لەبەر ئەمەش بوو رێژەیەکی بەرچاوی لە پۆستە حزبی و پەرلەمانی و حکومییەکاندا هێنایە پێش، بەشێوەیەک کە ژنان بوونە وەزیر، پەرلەمانتار و بڕیاردەر.
لەم یادەدا، کاتێک یەکێتی خەبات بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان دەکات، ئەم مێژووە دەبێتە رێنوێنییەکی بەردەوام تا وەک داینەمۆی سەرەکیی داكۆكیکردن لە مافەکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بمێنێتەوە.
دەبێت ٢٥ی نۆڤەمبەر ببێتە دەستپێکی کاروانی کارکردنی جددیتر لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستاندا. مافی ژنان بۆ ژیانێکی ئارام و دوور لە توندوتیژی مافێکی سەرەتایی، مرۆیی و دەستوورییە. با ئەم رۆژە بکەینە دەستپێکی پەیمانێکی نوێی نیشتمانی، کە تیایدا یاسا سەروەر بێت، کۆمەڵگە هۆشیار بێت و جیاکاریی رەگەزی لە سەرتاسەری کوردستاندا کۆتایی بێت.