ڕەنگەکان و چیرۆکەکان... ژنانی گەنجی ئەفغانستان بە هونەر بەرەنگاری بێبەشبوون دەبنەوە

لە هەوڵێکدا بۆ هێشتنەوەی هونەر و داهێنان بە زیندوویی، بە زیاتر لە ١٠٠ تابلۆی هونەری، ژنانی گەنجی ئەفغانستان لە پێشانگایەکی هونەریدا لە ناوچەی دەشت بەرتشی لە کابولی پایتەخت، یادەوەری و بەهرە و هیواکانی خۆیان بەرجەستە کرد.

ڕەنگەکان و چیرۆکەکان... ژنانی گەنجی ئەفغانستان بە هونەر بەرەنگاری بێبەشبوون دەبنەوە

بەهاران لەهیب

کابول ـ هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕەنگەکان و تابلۆ هونەرییەکان لە ناوچەی دەشت بەرتشی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان بوونە پانتاییەک کە ڕێگە بە ژنانی گەنجی دەدات گوزارشت لە خۆیان بکەن و بەهرەکانیان دەربخەن.

لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی دەسەڵات٦ تاڵیباندا، ژنان و منداڵانی کچ لە ئەفغانستان لە خوێندن و کارکردن و بەشداریکردن لە زۆرێک لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بێبەش کراون، لە سایەی ئەم بارودۆخەدا، هەندێک لە ژنانی گەنج ڕوویان لە وێنەکێشان و هونەرە شێوەکارییەکان کرد، هەندێکیشیان کاروانی هونەریی خۆیان بە پشتبەستن بە خۆفێرکردن دەست پێ کرد، تەنانەت بەبێ وەرگرتنی ڕاهێنانی ئەکادیمی یان فێرکردنی هونەریی فەرمی.

لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵێک لە ژنانی گەنجی وێنەکێش و ئارەزوومەندی هونەر پێشانگایەکیان ڕێکخست کە هەشت ڕۆژ دەخایەنێت، لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەستی پێ کردووە و تا ٢٦ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، هونەر لە سایەی ئەو کۆتوبەندە فراوانانەی بەسەر ژیانی ژناندا سەپێنراون، بۆتە ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە خود و دەرخستنی توانا و لێهاتووییەکان.

لە کاتی سەردانماندا بۆ پێشانگاکە، ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان و منداڵانی کچ لە نێو سەردانیکەراندا سەرنجی ڕاکێشاین، زۆرێکیان ئامادە بوون بۆ بینینی کارە هونەرییەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاندان بۆ هاوتاکانیان، پێشانگاکە تەنها دەرفەتێک نەبوو بۆ هاوپشتی و پشتیوانی، بەڵکو پانتاییەکیشی پێکهێنا بۆ بەسەربردنی کات و دوورکەوتنەوە لە فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە و چێژوەرگرتن لە هونەر.

پێشانگاکە لەلایەن هەریەک لە گەلەریی ’حەریر” و دەستپێشخەریی ”ترپەی هونەر”ەوە ڕێکخرا، کە تێیدا زیاتر لە سەد کاری هونەری نمایش کران، لە نێویاندا ٧٥ تابلۆیان هی ژنانی گەنج بوون. ئەم کارانە، هەریەکەیان بە شێوازی خۆی، چیرۆکگەلێک لەسەر ئەزموونی خاوەنەکانیان و تێڕوانینیان بۆ ژیان و جیهانە تایبەتەکانیان هەڵدەگرن، بۆ ژنانێکی گەنج کە سەرەڕای ئەو کۆتوبەندانەی بەسەریاندا سەپێنراون، لە داهێنان و گوزارشتکردن لە خۆیان لە ڕێگەی هونەرەوە بەردەوامن.

یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە بە ئاژانسەکەمانی وت: زۆرینەی خوێندکارەکانمان ژنانی گەنجن، ژمارەیەکی زۆر کەمیش گەنجمان هەیە، گەنجەکان زۆربەی کات بە پاڵنەری خۆشەویستی و گرنگیدانیان بە هونەر دێن، بەڵام ژنانی گەنج، لەپاڵ خولیا و مەیلە هونەرییەکانیان، زۆربەیان بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و دۆزینەوەی ئامرازێک دێنە ئێرە کە یارمەتییان بدات بۆ خۆڕاگری و بەردەوامبوون لە ژیان.

”دەبێت تواناکانمان بۆ بەرزترین ئاست بەرز بکەینەوە”

هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ یەکێک لە مامۆستایان و بەشداربووانی پێشانگاکە ئەنجام دا کە ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ دەستپێشخەریی ”ترپەی هونەر” کار دەکات، فاتمە محەمەدی، جەختی لەوە کردەوە، کە وێنەکێشان بوارێکە لە سایەی ئەم بارودۆخەدا ڕێگەمان پێ دەدات کات لە چالاکییەکدا بەسەر ببەین کە خۆشمان دەوێت، هەروەها پاڵنەرێکی بەهێزمان پێ دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون. لە کاتێکدا ناتوانین بچینە قوتابخانە و درێژە بە خوێندنمان بدەین، وێنەکێشان بووەتە ئامرازێک کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین بەهرە و تواناکانمان نمایش بکەین.

فاتمە محەمەدی بە سێ کاری هونەری بەشداریی لە پێشانگاکەدا کرد، کە زۆربەیان یادەوەرییەکانی ڕابردوو و دیمەنەکانی ئەفغانستانی کۆنیان دەهێنایەوە یاد، سەبارەت بە یەکێک لە تابلۆکانی وتی: چەند کارێکم لە پێشانگاکەدا نمایش کران، لە نێویاندا ئەم تابلۆیە کە سەر بە شێوازی کۆنە، بە شێوەیەکی گشتی، ئەم جۆرە کارانە ئەم ڕۆژانە جێگەی سەرسامیی خەڵکن، چونکە یادەوەریی قووڵ لە دەروونیاندا زیندوو دەکەنەوە، ئێمەش بیرۆکەکەمان لەوە وەرگرت و کارمان لەسەر تەواوکردنی ئەم تابلۆیە کرد، کارکردن لەسەری مانگێکی تەواوی خایاند، ئەمڕۆ دڵخۆشین کە دەبینین سەردانیکەران پێی کاریگەر دەبن و شتێکی تێدا دەدۆزنەوە کە بەر هەستەکانیان دەکەوێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، فاتمە محەمەدی پەیامێکی ئاراستەی ژنان و منداڵانی کچ لە ئەفغانستان کرد: لەم بارودۆخە سەختەدا خۆتان بەدەستەوە مەدەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دۆزینەوەی لێهاتوویی و بەهرەکانتان بەردەوام بن، کۆشش بکەن بۆ نزیکبوونەوە لە ئامانجەکانتان، دەزانین بارودۆخەکە سەختە، بەڵام دەبێت ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بدەین بۆ پەرەپێدانی خۆمان و بەرزکردنەوەی تواناکانمان بۆ ئاستی بەرزتر.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.