پزیشکێکی یەمەنی دەروازەی ماڵەکەی دەکاتە پۆلێکی خوێندن

لە تەعزی گەمارۆدراو، پزیشک سەفییە مەقتەری دەروازەی ماڵەکەی کردووەتە پۆلێکی خوێندنی کراوەو بەرەنگاری بۆردوومانکردنی قوتابخانەکان و ڕاگرتنی خوێندن بووەتەوە، دەستپێشخەرییەکە بە وانەوتنەوە بە منداڵانی خێزانەکەی لە شەواندا دەستیپێکرد، زۆری نەخایاند فراوان بوو.

پزیشکێکی یەمەنی دەروازەی ماڵەکەی دەکاتە پۆلێکی خوێندن

ڕانیا عەبدوڵا

یەمەن ـ لە ژێر سایەی بارودۆخە مرۆییە ئاڵۆزەکان و وەستانی پرۆسەی خوێندن بەهۆی ململانێ و ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەسەر شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن سەپێنراوە، سەفییە مەقتەری، پزیشکی ددان نموونەیەکی ئیلهامبەخشی لە ڕۆڵی ژن لە دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکاندا لە کاتی قەیرانەکاندا بەرجەستە کرد، کاتێک دەروازەی ماڵەکەی گۆڕی بۆ پۆلێکی خوێندنی بچووککراوەی فێرکردنی منداڵانی گەڕەکەکە، بەربەستەکانی شوێن و تەسکیی ڕووبەرەکەی تێپەڕاند بۆ مسۆگەرکردنی بەدەستهێنانی خوێندن و بەگەڕخستنی کاتە بەتاڵەکانیان بە شتێک کە سوودیان پێ بگەیەنێت.

لە بیرۆکەیەکی ماڵەوە بۆ دەستپێشخەرییەک

چیرۆکەکە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە ناو ماڵی پزیشک سەفییە مەقتەرییەوە دەستی پێکرد، کاتێک لە شەواندا کاتی تەرخان کرد بۆ وانەوتنەوە بە منداڵانی خێزانەکە بۆ پاراستنیان لە بۆشایی ململانێکان و پاشەکشەی ئاستی زانستییان، لەگەڵ تێبینیکردنی دراوسێکان بۆ گڕوتینە زۆرەکەی منداڵان، بیرۆکەکە فراوان بوو تاوەکو منداڵانی گەڕەکەکەشی گرتەوە، ئەمەش ناچاری کرد پۆلەکە بگوازێتەوە بۆ دەروازەی باڵەخانەکە و بیکاتە کەشێکی کراوە بۆ زانست.

دەربارەی پاڵنەرەکانی، وتی: بیرۆکەکە دوای ڕووداوەکانی ٢٠١٥ و وەستانی خوێندن هات، بینیم دووبارەبوونەوەی وەستانی منداڵان لە فێربوون هەڕەشەی لەناوچوونی نەوەیەکی تەواو دەکات، بۆیە دەستم کرد بە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی وەک بابەتێکی سەرەکی بەهۆی لاوازیی ئاستیان تێیدا، شانبەشانی چەمکە سادەکانی ژیان کە پەیوەستن بە نیشتمانپەروەری، پاکوخاوێنی، ڕێزگرتن، و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تر، نەک وەک پڕۆگرامێکی نەریتی، بەڵکو لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگی هاندەرانەوە.

دەربارەی کاردانەوەی دانیشتووانیش وتی: لە سەرەتادا بابەتەکە سادە بوو، بەڵام کاردانەوەی دایک و باوکان سەرسوڕهێنەر بوو، ئەوان زۆر ڕێزیان لەم هەنگاوە گرت، منداڵان پێش کاتی وانەکە بە درەوشاوەیەکی زۆرەوە ئامادە دەبوون، بەبێ هیچ بەرامبەرێک جگە لە هێنانی دەفتەر و پێنووس.

ڕاگرتنی خوێندن

دەستپێشخەرییەکەی سەفییە مەقتەری لە دوای پێکهاتە مەیدانی و ئەمنییە خێراکانی تەعز و بۆردوومانە هەڕەمەکییەکانی سەر شارەکە لەلایەن حووسییەکانەوە دێت کە بووە هۆی ڕاگرتنی خوێندن و داخستنی قوتابخانەکان، نووسینگەی پەروەردە و فێرکردن لە تەعز بڕیاری ڕاگرتنی کاتیی خوێندنی گەڕاندەوە بۆ بۆردوومانە بەردەوامەکان و ئەو حاڵەتی ترس و تۆقینەی تووشی خوێندکاران بووە، بەتایبەتی لە پۆلە سەرەتاییەکاندا، نووسینگەکە کاری کردووە بۆ دابینکردنی جێگرەوەی بەپەلە، دیارترینیان کاراکردنی خوێندن لە دوورەوە و دانانی پلان بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەستچوونی فێرکاری و بابەتە کۆبووەکان پێش وادەی تاقیکردنەوەکان.

هەروەها لیژنەی فریاگوزاری لە تەعز هاندا بۆ ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە، پەیمانگا، کۆلێژ و زانکۆ حکومی، تایبەتەکان لە ناوچەکانی شارەکە کە کەوتبوونە ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانەوە، پێدانی مۆڵەتی کاتی بە فەرمانبەرانی دامەزراوە حکومییەکان.

لیژنەکە لە گشتاندنەکەیدا ڕوونیکردەوە، کە ئەم ڕێکارە ناوازانە لە پەرۆشییانەوە بووە بۆ پارێزراوی خوێندکاران، کادیرانی پەروەردەیی و هاوڵاتیانی مەدەنی، پاراستنی گیان و موڵک و ماڵ لە ژێر ڕۆشنایی ئەستەمیی ڕێکخستنی پرۆسەی خوێندن، ڕاگرتنی خوێندن تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر بەردەوام دەبێت و تاوەکو بارودۆخە ئەمنییەکەی ئێستا نامێنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی بازنەی لێکەوتەکانی ململانێکە بوو کە لە هێڵەکانی بەرەنگاربوونەوەوە درێژ بووەتەوە بۆ دڵی دامەزراوە پەروەردەییەکان و خزمەتگوزارییە ڕۆژانەکانی دانیشتووان.

دەنگی سوودمەندبووان

ژمارەیەک لەو منداڵانەی بەشدارن لە دەستپێشخەرییەکەدان باسیان لە کاریگەریی ئەم وانەیە کرد لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان لە ناوەڕاستی داخستنی قوتابخانەکاندا، ئیلان عەبسی، منداڵی کچ وتی: من زۆر دڵخۆشم چونکە فێری نووسین و خوێندن دەبین سەرەڕای وەستانی قوتابخانەکان، ئەمە دەرفەتمان پێدەدات سوود لە کاتەکانمان وەربگرین لە بری دانیشتن بەبێ سوود.

بە وتەی چالاکوانانیش ئەم ئەزموونە ئیلهامبەخشە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئیرادەی مرۆیی توانای شکاندنی گەمارۆی بارودۆخەکانی هەیە، فێربوون وەک یەکەمین ڕزگارکەر دەمێنێتەوە بۆ منداڵان لە ناوچەکانی ململانێدا، چونکە شەوق و خولیا بۆ زانست پێویستی بە دیواری قوتابخانە نییە، بەڵکو پێویستی بە دڵێکە باوەڕی وابێت دروستکردنی داهاتوو لە هەنگاوی یەکەمەوە دەست پێدەکات.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.