لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- دەستدرێژی سێکسی لە منداڵیدا لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە (وەک باوک، برا، مام یان خاڵ) یەکێکە لە سەختترین جۆرەکانی زەبری دەروونی و جەستەیی، کە بە هیچ شێوەیەک تاوانی قوربانییەکە نییە، کاتێک دەستدرێژییەکە لەلایەن کەسانی نزیکەوە ڕوودەدات کە دەبوو سەرچاوەی پاراستن و پارێزراوی بن، کاریگەرییەکانی قووڵتر دەبن، چونکە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ ترس، شەرم، هەستکردن بە خیانەت و بێدەنگکردن لە پێناو پاراستنی ناوبانگی خێزان.
ئەو کەسانەی لە منداڵیدا ڕووبەڕووی ئەم دۆخە بوونەتەوە، لەوانەیە لە گەورەییدا هەست بە تاوان و شەرم بکەن، زۆرجار قوربانییەکان بە هەڵە خۆیان لۆمە دەکەن، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆی کەسی دەستدرێژیکاردایە، هەروەها دەبێتە ترس لە نزیکبوونەوە لە کەسانی تر یان نەتوانینی متمانەکردن تەنانەت بە کەسە نزیکەکانیش، هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ئازارەکان و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە بۆ ئەوەی کەس هەست بە ڕاستییەکان نەکات.
بەپێی وتەی پزیشکان و پسپۆڕانی دەروونی دەستدرێژی سێکسی لە منداڵیدازەبرێکی دەروونی (Trauma) دروست دەکات کە تێگەیشتن و ئامادەیی مێشکی منداڵ تێدەپەڕێنێت؛ چونکە منداڵ لە ڕووی هزری و سۆزدارییەوە گەشەی تەواوی نەکردووە، ناتوانێت ئەم ئەزموونە تۆقێنەرە هەرس بکات، بۆیە ڕووداوەکە لە نائاگاییدا دەمێنێتەوە و دەبێتە گرێیەکی دەروونی کە تا گەورەبوونیش کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبن، کاتێک ئەم زەبرە بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە، لە قۆناغەکانی دواتری ژیاندا بەم شێوانە دەردەکەوێتەوە:
-کێشە دەروونییەکان؛ تووشبوون بە تێکچوونی فشاری دوای زەبر (PTSD)، خەمۆکی قووڵ، دڵەڕاوکێی توند، و خۆبەکەمزانین.
-گرفتی پەیوەندییەکان؛ ترس لە نزیکبوونەوە و دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری، گومانکردنی بەردەوام لە بەرامبەرو کێشە لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا.
-کێشەی جەستەیی و ڕەفتاری؛ هەندێک جار گرێیە دەروونییەکان لە شێوەی ئازاری جەستەیی بێهۆکار، تێکچوونی خەو، یان هەوڵدان بۆ ئازاردانی خود دەردەکەون.
گەرەبوون و درک کردن بەو دەستدرێژییەی لە منداڵییدا کراوە
لە باشووری کوردستان ژنانێکی زۆر هەن کاتێک دەبنە ژنێکی گەنج یان دەکەونە تەمەنی گەورەیی، هەست بەو دەستدرێژییە دەکەن کە لە منداڵییدا کراوەتە سەریان، جا لەلایەن باوک، برا، مام و خاڵ یان کەسانی دیکەی ناو خێزانەکەیەوە بێت، کاتێک درک بەم دەستدرێژییە دەکەن تووشی چەندی دۆخی دەروونی دەبنەوە، هەندێک لەو ژنانە سەردانی پزیشک و چارەسەرکاری دەروونی دەکەن و دەتوانن بەسەر ئەو دۆخەدا زاڵ بن، هەندێک لەو ژنانەش پێیان شەرمە بچنە لای پزیشکی دەروونی تاوەکو چارەسەری لایەنی دەروونی خۆیان بکەن، یاخود دەترسن لەوەی لە گەورەیشیدا کە باسی بکەن و کێشەو گرفتی خیزانی لێبکەوێتەوە یان زۆربەی کات ئەم ژنانە ڕووبەڕووی لۆمەو قسەی نەشیار دەبنەوە بەوەی کە بۆچی زووتر قسەیان نەکردووە، زۆربەی کات پێیان دەوترێت "خۆت ڕێگەت داوە" کە لێرەدا ژنەکە دووبارە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت لەبری ئەوەی گوێی بۆ بگیرێت و لە خەم و ئازارەکانی کەم بکرێتەوە.
کەیسەکان لە باشووری کوردستان
پزیشکێکی دەروونی کە نەیویست ناوی بهێندرێت قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو باسی لە هەندێک لەو کەیسانە کرد کە بۆ دەستدرێژی سێکسی لە منداڵیدا دەگەڕێتەوەو سەردانیان کردووە تاوەکو چارەسەر وەربگرن، وتی: ژنێکی گەنج سەردانی کردم و بۆی باسکردم کە لە منداڵیدا دایک و باوکی لەدەستداوەو لەگەڵ خوشک و براکانی تریدا لەلایەن براکەیانەوە کە لەوان گورەتر بووە سەرپەرشتی کراون و بەخێوکراون، بەڵام ئەو برا گەورەیەی سەرپەرشتی دەکردن هەموو شەوێک دەچووە سەرجێگەی خوشک و براکانی و دەستدرێژی دەکردنە سەر، ئەم ژنە گەنجە کاتێک گەورە بوو توانی بێتە لام و وەک پزیشکێک داوای چارەسەری دەروونییم لێبکات، کەیسەکان زۆرن و یەکێکی تر ژنێک بوو لەگەڵ خوشکەکەی هاتنە لام، کاتێک گەورە بوون و هاوسەرگیریان کردووە یەکێک لەم دوو خوشکە بۆ ئەوی تری باسکردووە کە لەمنداڵییدا مامی دەستدرێژی کردووەتە سەر، خوشکەکەی تریشی هەمان چیرۆکی هەیەو لەلایەن ئەو مامەیانەوە دەستدرێژی کراوەتەسەری و ئەویش بۆ خوشکەکەی باسدەکات، کەواتە ئەم دوو خوشکە لەلایەن یەک مامیانەوە بە منداڵی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر.
ژنان بۆ پاراستنی خێزان بێدەنگ دەبن
ئەم پزیشکە باسی لە چەندین کەیسی دیکە کردو وتی: ژنێکی گەنج کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا سەردانی کردم و باسی لەوەکرد بەردەوام لەلایەن باوکییەوە ڕۆژانە دەستدرێژی دەکرێتەسەر، دایکیشی ئاگادارەو دەزانێت پیاوەکە دەستدرێژی دەکاتە سەر کچەکەی، کە باوکی خۆشیەتی نەوەک باوەپیارە، بەڵام دایکەکە داوای لە کچەکەی کردووە بێدەنگ بێت و نابێت قسە بکات، ئەگینا کچەکەی دەکوژێت، ئەم کەیسە نیشاندەری ئەوەیە کە ژنان بەدەر لەوەی زیانبەرکەوتووی دەستدرێژیین، لەهەمانکاتدا زیانبەرکەوتووی عەقڵیەتی پیاوسالاریشن کە کۆمەڵگە لە خۆیان ڕازی دەکەن و بە ناچاریی دەستدرێژییەکان قبوڵ دەکەن.
ژنێک بەناوی خوازراوی "س.ه" قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو باسی ئەو هەراسانکردنەی کرد کە لە منداڵی و گەنجیدا بەرامبەری کراوەو وتی: کاتێک منداڵ بووم خوشکەکەم هاوسەرگیری کردبوو، جار جار دەچووم لە ماڵیان دەمامەوە، بەڵام هاوژینی خوشکەکەم لەبەرچاوی من تەنها دەبوو سەیری فیلمی نەشیاری دەکردو دەیوست دەستم بۆ بهێنێت، ئەوکات منداڵ بووم نەمدەزانی چییە، گەورەش بووم هەمان ئەم هەراسانکردنانەی دووبارە دەکردەوە، ئێستا بیرم دەکەوێتەوەو بابەتێکی قورس و ناخۆشە بەلامەوە، هەتا ئێستاش بۆ خوشکەکەمم باس نەکردووە.
کەیسەکان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە باسدەکرێن
ئەو ژنانەی لە منداڵیدا دەستدرێژییان کراوەتەسەر، کاتێک پۆست و بابەتی پەیوەندیدار بەو باسە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەبینن، لەژێر پۆستەکان ئەگەر بەناوی خۆیان بێت یاخود بەناوی خوازراو کۆمێنت دەنووسن و باسی خۆیان دەکەن، زۆرێک لەو ژنانە دەنووسن کە منداڵ بوون لەلایەن باپیر یاخود مام و خاڵ دەستدرێژییان کراوەتەسەر یاخود هەراسان کراون بەمەبەستی دەستدرێژی کردنە سەریان، ئەم ژنانە لەبەرئەوەی لە منداڵیدا هیچ ئەزموونێک و زانیارییەکانیان لەسەر هەراسانکردن نییە لەکاتی خۆیدا نەیانزانیوە هەتا گەورە بوون هەستیان بەوەکردووە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە، ئەگەریش زانیبێتیان بێدەنگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە یان ترساون لەوەی باسی بکەن.
هەنگاوەکان بۆ پاراستن و چارەسەری دەروونی
چاکبوونەوە لەم برینە دەروونییە مسۆگەرە، بەڵام پێویستی بە پشتگیری و هەنگاوی دروست هەیە، لە هەرێمی کوردستان دەتوانیت پەیوەندی بە هێلێ گەرمی ١١٩ (بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان) بکەیت. پەیوەندییەکە بێبەرامبەرە، ٢٤ کاتژمێر کراوەیە، و پسپۆڕانی دەروونی و یاسایی بە نهێنیی تەواوەوە ڕێنمایی و هاوکاری پێشکەش دەکەن، هەروەها دەتوانن سەردانی پزیشک یان چارەسەرکاری دەروونی بکەن، قسەکردن لەگەڵ پسپۆڕێکی دەروونی یارمەتیدەرە بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو بارە قورسە و فێربوونی ڕێگاکانی زاڵبوون بەسەر زەبرەکەدا بەبێ ترس لە سزادان، ئەگەر هێشتا مەترسی لەسەر تۆ یان منداڵێکی تری ناو خێزانەکە هەیە، دڵنیابوونەوە لە پاراستن و دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەی مەترسییەکە لە پێشینەی هەموو شتێکدایە.




