ناوەندی هەواڵ
لە بەڵگەنامەکردن و داکۆکیکردنی یاساییەوە تا تۆڕەکانی هاوپشتی و بەدەمەوەچوونی مرۆیی، ژنان لە باکووری ئەفریقا بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری بەو ئامرازانەی کە بەپێی ڕاستی هەر وڵاتێک دادەڕێژرێن، لە کاتێکدا دەستپێشخەرییەکانی ژنان سەرکەوتوو دەبن لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و کردنەوەی کەشێک بۆ داواکردنی گۆڕانکاری، بەڵام پاراستنی یاسایی، بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان و بەشداریکردن لە دروستکردنی بڕیاردا هێشتا وەک ئاستەنگی بەردەوام ماونەتەوە، ئایا هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوە دەگۆڕێن بۆ ماف و دەستکەوتی بەرجەستە؟
لەم بەشەی دۆسیەکەدا تیشک دەخەینە سەر دیارترین ڕێڕەوەکانی بەرەنگاربوونەوەی ژنان لە مۆریتانیا، میسر، لیبیا و سودان، هەروەها ئامرازەکانیان و ئەو ئەنجامانەی بەدەستیان هێناوە، هەروەها لەسەر ئەو ئاستەنگانە دەوەستین کە کاریگەری و بەردەوامییان سنووردار دەکەن، بۆ وروژاندنی پرسیارێک کە قەبارەی دەستپێشخەرییەکان تێدەپەڕێنێت بەرەو ئاستی توانایان لە دروستکردنی گۆڕانکارییەکی کردەیی لە ژیانی ژناندا، گۆڕینی مافە ڕاگەیاندراوەکان بۆ پاراستن، یەکسانی و بەشدارییەکی ڕاستەقینە.

مۆریتانیا... لە گۆڕینی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ داکۆکیکردن لە پێناو پاراستنی یاساییدا
ژنان لە مۆریتانیا ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکان دەبنەوە کە شێوەی کۆمەڵایەتی و خێزانیی جیاواز وەردەگرن، لەوانە خوتەنەکردنی مێینە، هاوسەرگیری پێشوەختە، توندوتیژیی جەستەیی و سێکسی، سەرەڕای ئەو نەریتە جیاکارییانەی کە سەربەخۆیی و مافەکانیان سنووردار دەکەن، بەپێی داتاکانی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، نزیکەی ٦٧٪ی ژنان خەتەنەکردنی مێیینەیان ڤۆ ئەنجام دراوە، لە کاتێکدا ڕێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە گەیشتووەتەوە بە نزیکەی ٣٧٪.
لە بەرامبەردا بەرەنگاربوونەوەی ژنان دژی توندوتیژی و جیاکاری دوو ڕێڕەوی هاوتەریبی گرتەبەر لە ماوەی نێوان تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٢٠٢٦، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییانەی کە هێشتا کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان هەیە، لە پێش هەمووشیانەوە خەتەنەکردنی مێیینە و هاوسەرگیری پێشوەختە، هەروەها بەردەوامبوون لە فشارکردن لە پێناو پەسەندکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی کە پاراستنێکی گشتگیرتر لە توندوتیژی دابین بکات.
کۆمەڵە و چالاکوانە ناوخۆییەکان کاریان لەسەر هۆشیارکردنەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ خێزانەکان و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان کرد، هەروەها بەشداریکردنی ژنان لە هەوڵەکانی گۆڕینی هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەروەها ڕۆڵی نێوەندگیرانی ژنان و تۆڕەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەرکەوت لە گەیشتن بەو ناوچە و توێژانەی کە گەیشتنی خزمەتگوزارییە فەرمییەکان پێیان ئەستەمە.
ئەنجامەکانی بەرنامەی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ قەبارەی بەشێک لەم هەوڵانە نیشان دەدەن، بەو پێیەی ٣٦ هەزار و ٨٩٣ ژنانی گەنج و گەنجان بەشدارییان لە گفتوگۆ و چالاکییەکانی داکۆکیکردندا کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە خەتەنەکردنی مێینە، پێنج کاروانی هۆشیارکردنەوە بە بەشداریی نێوەندگیرەکانی ژنان ڕێکخراون. هەروەها بەرنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە سیستمەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بەشداربوون لە پاراستنی ٢٢ هەزار و ٩٢٥ منداڵانی کچی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ لەم نەریتە، هەوڵەکان هەروەها ڕاهێنانی ٨٨ کاراکتەری دادوەری و پۆلیسیان لەسەر پرۆتۆکۆڵی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیانەدا لەخۆگرتووە، لەگەڵ تۆمارکردنی سێ دۆسیە کە بە سەرکەوتوویی لەبەردەم دادگاکاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی گۆڕینی نەریتەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ بەردەوام بوون لە داکۆکیکردن لە پێناو پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ”کەرامەت”ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ، دوای چەندین ساڵ لە کارکەوین، لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، وڵاتەکە کۆڕبەندێکی نیشتمانیی لەخۆگرت کە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەکە، پێش ئەوەی نزیکەی چل ڕێکخراو و کۆمەڵە یاداشتێکی داکۆکیکردن و نامەی کراوە پێشکەش بکەن.
جوڵەکە تەنها لە داواکردنی پەسەندکردنی پڕۆژەکەدا قەتیس نەما، بەڵکو فراوانکردنی گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکەکانیشی گرتەوە، لە ٢٧ی ئەیلوولدا، کەمپەینێکی هۆشیارکردنەوە لە شارەوانیی مینا لە نواکشۆت دەستی پێکرد بۆ سادەکردنەوەی ناوەڕۆکەکانی پڕۆژەیاساکە و ناساندنی بە زمانە نیشتمانییەکان، لە هەوڵێکدا بۆ نزیککردنەوەی گفتوگۆی یاسایی لە دانیشتووان و بەهێزکردنی بەشداریی کۆمەڵایەتی بۆ داواکردنی پاراستن.
لەسەر ئاستی دامەزراوەیی، تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵێکی هاوکاریی لە نێوان کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و کاری مرۆیی و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕوانگەی نیشتمانی بۆ مافەکانی ژنان و منداڵانی کچی بەخۆیەوە بینی، ئامانجی پرۆتۆکۆڵەکە دانانی چوارچێوەیەکە بۆ ڕاوێژکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕاهێنان و وەڵامدانەوەی ستراتیژییەکان و پابەندبوونەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان.
ئەزموونی مۆریتانیا گرنگیی کاری کۆمەڵایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەریتە کۆمەڵایەتییە زیانبەخشەکاندا ئاشکرا دەکات، هەروەها تواناکەی لە گەیشتن بە ژنان و منداڵانی کچ و بەهێزکردنی هۆشیاری سەبارەت بە مافەکانیان، بەڵام لە هەمان کاتدا سنووری ئەم هەوڵانە لە پاراستنێکی یاسایی گشتگیردا دەردەخات، لە کاتێکدا داواکارییەکان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ”کەرامەت” بەردەوامن، گۆڕینی ساڵانی داکۆکیکردن و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ یاسادانانێکی کارا و میکانیزمەکانی پاراستنی کاریگەر، وەک دیارترین تاقیکردنەوە بۆ بەدەمەوەچوونی دامەزراوەکان بۆ مافەکانی ژنان دەمێنێتەوە.

لیبیا... بەرەنگاربوونەوەی ژنان لە سێبەری دابەشبوون و بەرتەسکبوونەوەی بواری مەدەنیدا
لە کاتێکدا هەوڵەکان لە مۆریتانیا لەسەر گۆڕینی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و بەدەستهێنانی پاراستنی یاسایی چڕ دەبنەوە، ژنان لە لیبیا ڕووبەڕووی دابەشبوونی سیاسی و دامەزراوەیی دەبنەوە، ئەو ئاستەنگانەی کە لەبەردەم بەشداریکردن و کاریگەریکردن لەسەر ڕێڕەوەکانی گۆڕانکاری دروستی دەکات، سەرەڕای توندوتیژیی خێزانی و سێکسی، هەڕەشە و توندوتیژیی دیجیتاڵی، لە پاڵ ئەو پێشێلکارییانەی پەیوەستن بە ململانێ و ناسەقامگیریی ئەمنییەوە، هەروەها جیاکاری لە یاساکانی باری کەسێتی و ڕەگەزنامەدا، بەپێی پلانی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان بۆ ساڵی ٢٠٢٦، نزیکەی ٩٢.١ هەزار کەس لە وڵاتەکەدا پێویستیان بە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز هەیە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ فراوانبوونی پێداویستییەکان و لاوازیی سیستمی پاراستن.
لە سێبەری ئەم ڕاستیەدا، شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی ژنان تەنها لە داواکردنی چاکسازیی یاساکاندا قەتیس نەمان، بەڵکو درێژبوونەوە بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی ئامادەیی ژنان لە ڕێڕەوەکانی گفتوگۆ و ڕاوێژکردندا، هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان سەبارەت بەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە مافەکان و بەشداریی گشتییانەوە هەیە.
هێشتا سیستمی یاسایی چەندین ئاستەنگ لەبەردەم یەکسانی و پاراستندا دەخاتە ڕوو، یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٠ی ساڵی ١٩٨٤ چەندین بڕگەی جیاکاری لە ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر و سەربەخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و پاراستنی ڕزگاربووان بوونی نییە، هەروەها جیاکاری لە یاسای ڕەگەزنامەدا بەردەوامە کە ڕێگە بە ژنانی لیبیا نادات ڕەگەزنامەکەی بدات بە منداڵەکانی لە باوکێکی بیانی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا، هەروەها هەندێک ماددەی یاسای سزادان ڕەخنەی مافی مرۆیی دەورووژێنن، لەوانە ماددەی ٣٧٥ی تایبەت بە کەمکردنی سزا لەو تاوانانەی بە پاڵنەری ئەوەی پێی دەوترێت ”کەرامەت” ئەنجام دەدرێن، ماددەی ٤٢٤ کە بەپێی مەرجی دیاریکراو ڕێگە دەدات بە ڕاگرتنی ڕێکارەکان یان سزا لە تاوانەکانی دەستدرێژیی سێکسیدا کاتێک تاوانبار هاوسەرگیری لەگەڵ زیانبەرکەوتووەکە دەکات.
لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ناهاوسەنگییانەدا، ئەو گفتوگۆ پێکهاتەییەی کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لە لیبیا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا دەستی پێکرد و لە ٢٠٢٦دا بەردەوام بوو، یەکێک لەو کەشانەی پێکهێنا کە ژنان لە ڕێگەیەوە هەوڵیان دا ئامادەیی خۆیان لە گفتوگۆی تایبەت بە داهاتووی وڵاتدا بەهێز بکەن، لە چوارچێوەی ئەم ڕێڕەوەدا، کۆبوونەوەی ژنانی لیبیا وەک سەکۆیەک بۆ هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان و فراوانکردنی ڕاوێژ لە نێوان بەشداربوواندا دەرکەوت، کارکردن لەسەر گواستنەوەی یەکەمایەتیەکانی ژنان بۆ ناو گفتوگۆ سیاسی و دامەزراوەییەکان، ئەم ڕێڕەوە لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا گەیشتە وێستگەیەکی گرنگ، بە کۆتاییهاتنی کارەکانی گفتوگۆ پێکهاتەییەکە و پێشکەشکردنی زیاتر لە ٥٢٥ ڕاسپاردە سەبارەت بە ڕێڕەوی سیاسی و یەکخستنی دامەزراوەکان و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ململانێ، ڕێژەی ژنان لە ئەندامانی گفتوگۆکەدا گەیشتە لە ٣٥٪.
هاوتەریب لەگەڵ بەشداریکردن لە گفتوگۆدا، پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ئاداری ٢٠٢٦دا ئەنجامەکەی سەبارەت بە لیبیا پەسەند کرد، دووبارە ناکۆکییەکانی سەبارەت بە چاکسازییە یاساییە داواکراوەکان بۆ بەهێزکردنی پاراستنی ژنان خستەوە ڕوو، بەپێی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، دەسەڵاتدارانی لیبیا ئەو ڕاسپاردانەیان قبوڵ کردووە کە پەیوەندییان بە بەهێزکردنی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانەوە هەیە، بەڵام ئەو ڕاسپاردە سەرەکییانەیان قبوڵ نەکردووە کە داوای بەتاوانناساندنی دەستدرێژیی سێکسیی هاوسەرگیری، مسۆگەرکردنی یەکسانی لە گواستنەوەی ڕەگەزنامەدا، هەڵوەشاندنەوەی یاسا خێزانییە جیاکارییەکان، لابردنی ئەو بڕگانە دەکەن کە ڕێگە بە تاوانبار دەدەن لە ڕێگەی هاوسەرگیریکردن لەگەڵ زیانبەرکەوتووەکەدا لە سزا دەربازی بێت.
بەشداریکردنی ژنان لە ڕێڕەوەکانی گفتوگۆی سیاسیدا دەرفەتیان پێدەدات کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆی تایبەت بە داهاتووی وڵات هەبێت، بەڵام بە ناچاری وەڵامدانەوە بۆ داواکارییە دادپەروەرییەکانیان مسۆگەر ناکات، کەلێنی نێوان نوێنەرایەتیکردن لە ڕێڕەوەکانی ڕاوێژکردن و ڕەتکردنەوەی ژمارەیەک ڕاسپاردەی پەیوەست بە یەکسانی و چاکسازیی یاسایی، ئەوە ئاشکرا دەکات کە فراوانکردنی بەشداری دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ ئیرادەیەکی دامەزراوەیی بۆ وەرگێڕانی داواکارییەکان بۆ یاسادانان و سیاسەتی کارا، لێرەوە کاریگەریی ئامادەبوونی ژنان تەنها بە ژمارەی بەشداربووان یان ڕاسپاردە پێشکەشکراوەکان ناپێورێت، بەڵکو بە ئاستی ڕەنگدانەوەی لەسەر مافەکانی ژنان لە ڕاستیدا دەپێورێت.

میسر... داکۆکیکردن لە پێناو یاسایەکی یەکگرتوو و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە ئامرازەکانی چاودێریکردن
سەبارەت بە میسریش، شێوازەکانی توندوتیژی هەمەجۆرن، کە هەراسانکردنی سێکسی و دەستدرێژیی جەستەیی و سێکسی و توندوتیژیی خێزانی و کوشتن دەگرێتەوە، جا چ لەناو خێزاندا بێت یان لە شوێنە گشتییەکان و شوێنەکانی کار و خوێندندا، بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ”ملاز” بۆ پشتیوانیی ژنان، دامەزراوەکە ١٢٨ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچی لە ماوەی نێوان نیسان تا حوزەیرانی ٢٠٢٦دا بەڵگەنامە کردووە، کە دابەشبوون بەسەر ٦٠ حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی، ٤١ دەستدرێژیی جەستەیی، ٢٧ تاوانی کوشتنی ژناندا. ئەمانەش ئاماری چاودێریکراون و ئامارێکی نیشتمانیی گشتگیر نانوێنن.
بەو پێیەی لایەنێکی کاری ژنان ئاراستە کرا بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کەلێنە سەرەکییەکانی ناو سیستمی پاراستن لە توندوتیژی، کە خۆی لە نەبوونی یاسایەکی یەکگرتوو و گشتگیردا دەبینێتەوە کە باس لە شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ بکات، لە پاڵ داکۆکیکردنی یاساداناندا، ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ بەردەوام بوون لە پەرەپێدانی ئامرازەکانی چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردن، لە کاتێکدا دامەزراوە دادوەرییەکان گفتوگۆیان سەبارەت بە باشترکردنی میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕزگاربوواندا بەخۆیەوە بینی.
لە تەمموزی ٢٠٢٦دا، مەها عەبدولناسر، پەرلەمانتار پڕۆژەیاسایەکی یەکگرتووی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان گرتە ئەستۆ، دەستی کرد بە ڕێکارەکانی کارکردن بۆ خستنەناو کارنامەی یاسادانانەوە، پڕۆژەکە بەرهەمی کاری هاوپەیمانییەک بوو کە چوار ڕێکخراو لەخۆدەگرێت ئەوانیش: دامەزراوەی ”تەدوین” بۆ توێژینەوەکانی ڕەگەزی، دامەزراوەی قاهیرە بۆ گەشەپێدان و یاسا، دامەزراوەی پارێزەرانی ژنانی میسر، و ناوەندی پرسەکانی ژنانی میسر.
لە ڕێڕەوێکی هاوتەریبدا، دەستپێشخەرییەکانی ژنان بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی بەڵگەنامەکردن و چاودێریکردن بۆ دەرخستنی ئەو شێوازانەی توندوتیژی کە ڕەنگە لە ئامارە فەرمییەکاندا دەرنەکەون، لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن، ڕاپۆرتی گروپی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میسر بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ئاماژەی بە سوودمەندبوونی زیاتر لە ٩٤ هەزار ژن و منداڵی کچ لە خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن و پاراستن و وەڵامدانەوەی توندوتیژی کردووە بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هاوکاریی یاسایی و پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتی و داڵدەدانی پارێزراو و ڕەوانەکردن بۆ خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکانی لەخۆگرتووە، هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە پشتیوانیکردنی ١٨ میکانیزم بۆ سکاڵاکردن و داواکردنی هاوکاری، بەردەوامیی کارکردنی ٥٠ یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەناو زانکۆکاندا کردووە.
ئەم ئاماژانە فراوانبوونێک لە کەناڵەکانی گەیشتن بە پشتیوانی و پاراستن دەنوێنن، بەڵام بە تەنها بەس نین بۆ بڕیاردان لەسەر ئاستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکان یان بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان.
هەروەها دامەزراوە دادوەرییەکان گفتوگۆیان سەبارەت بە ڕێگاکانی باشترکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان و منداڵانی کچی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی بەخۆیەوە بینی، وەزارەتی دادی میسر، بە هاوکاری لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان و دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان، مێزگردێکی لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ئابی ٢٠٢٦ بە بەشداریی سەرۆکی دادگا سەرەتاییەکان و بەرپرسانی دادوەری ڕێکخست، بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و گفتوگۆکردنی ڕێگاکانی بەهێزکردنی پاراستن و پشتیوانی لەناو سیستمی دادپەروەریدا، پەرەپێدانی هەماهەنگی و ڕەوانەکردن بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتیی یاسایی و دەروونی و کۆمەڵایەتی، ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی دامەزراوەییە بە ئاراستەی پەرەپێدانی وەڵامدانەوەی دادوەریە.
لە بەرامبەردا، هێشتا توانای ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان پەیوەستە بە بەردەستبوونی سەرچاوە داراییەکان و هاوکاریی دامەزراوەییەوە، لەم چوارچێوەیەدا، لە ناوەنسی پرسەکانی ژنانی میسرەوە گواستراوەتەوە کە وەزارەتی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی لە ماوەی دوو ساڵدا شەش پڕۆژەی ڕەتکردووەتەوە یان پەکخستووە کە لە لایەن ڕێکخراوەکانەوە پێشکەش کرابوون.
ئەزموونی میسر پێشکەوتنێک لە ڕێڕەوی داکۆکیکردندا لە پێناو چارەسەرکردنی کەلێنە یاسادانانەکان ئاشکرا دەکات، هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوونی هەوڵەکانی بەڵگەنامەکردن و پەرەپێدانی کەناڵەکانی پشتیوانی و وەڵامدانەوە، بەڵام خستنەڕووی پڕۆژەیاساکە بە واتای تەواوبوونی ڕێڕەوی پاراستن نایەت، چونکە هێشتا پەسەندکردنی و دیاریکردنی ئاستی گشتگیرییەکەی بۆ شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژی، لە پاڵ مسۆگەرکردنی توانای ڕێکخراوەکان بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان، لە دیارترین ئاستەنگە بەردەوامەکانن، بەم شێوەیەش گواستنەوە لە دەستپێشخەری و پێشنیارەکانەوە بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر و خزمەتگوزاریی بەردەوام، وەک پێوەری سەرەکی بۆ پێوانەکردنی کاریگەریی ئەم هەوڵانە دەمێنێتەوە.

سودان... ژنان تۆڕەکانی پاراستن لە ناوەڕاستی ململانێدا بونیاتمد دەنێن
ململانێی بەردەوام کە نزیکەی چوار ساڵە لە سودان دەگوزەرێت، ڕاستیەکی زۆر سەختی بەسەر ژنان و منداڵانی کچدا سەپاندووە، لەگەڵ پاشەکشەی توانای دامەزراوەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و فراوانبوونی ئاوارەبوون و قووڵبوونەوەی پێداویستییە مرۆییەکان.
ژنان لە سەرەتای هەڵگیرسانی ململانێکەوە ڕووبەڕووی پێشێلکاریی قورس دەبنەوە کە دەستدرێژیی سێکسی و دەستدرێژیی سێکسیی بەکۆمەڵ و بەکۆیلەکردنی سێکسی و ڕفاندن و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و دەستدرێژییە جەستەییەکان دەگرێتەوە، لە سێبەری ئاوارەبوون و داڕمانی سیستمی پاراستندا، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەرچووە، کۆمیسیۆنەکە ٥٤٦ ڕووداوی توندوتیژیی سێکسیی پەیوەست بە ململانێی لە نێوان نیسانی ٢٠٢٣ و ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٢٦دا بەڵگەنامە کردووە، کە ٨٣٨ زیانبەرکەوتووی گرتووەتەوە، لە نێویاندا ٥٣٩ ژن و ٢٨٤ منداڵی کچ هەن، هەروەها ئەم ئامارانە قەبارەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان نانوێنن بەهۆی سەختیی سکاڵاکردن و بەڵگەنامەکردنەوە.
لە سێبەری ئەم داڕمانەدا، ئەو ڕێکخراوانەی لە لایەن ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرێن و ژوورەکانی فریاگوزاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەکێک لە گرنگترین میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی ناوخۆیی دەرکەوتن، بەو پێیەی چالاکوانانی ژن دەستپێشخەرییەکانیان بۆ دابینکردنی خۆراک و هاوکاریی پزیشکی و پشتیوانیی دەروونی و پاراستن و پاڵپشتیکردنی خێزانە ئاوارەکان ڕێکخست.
ڕۆڵی ئەم دەستپێشخەرییانە تەنها لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکاندا قەتیس نەما، بەڵکو درێژبووەوە بۆ بونیادنانی تۆڕەکانی هاوپشتی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە ژینگەیەکدا کە تواناکانی سکاڵاکردن و گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان تێیدا پاشەکشە دەکەن.
هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان کاریان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەواشەکارییەی کە لە دەوروبەری ڕزگاربوواندایە و بۆ پێشخستنی بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە هەوڵەکانی پاراستن، ڕاپرسییەک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦ ئەنجامدراوە، کە ٨٥ ڕێکخراوی ژنانی لەخۆگرتووە، فراوانی ئەم ڕۆڵە ئاشکرا دەکات، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ڕاپرسییەکەدا ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا پشتگیری زیاتر لە ١٧.٥ ملیۆن کەسی پێویست کردووە بۆ جێبەجێکردنی چالاکییەکان بەهۆی سنووردارکردنی ئەمنییەوە، ئاستەنگەکانی کارکردن لە ناوچە جێناکۆکەکان، ئەم نیشاندەرانە قەبارەی ئەو بەشدارییەی ڕێکخراوەکانی ژنان نیشان دەدەن، بەڵام لاوازه ئەو ژێرخانیەش ئاشکرا دەکەن کە ئەم هەوڵانە لەسەری بونیاد نراون.
لە دیارترین شێوازەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کە لە لایەن ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرێن ”ژوورەکانی فریاگوزاری”یە، کە لە ژمارەیەک ناوچەدا بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە سەرەتاییەکان و ڕێکخستنی وەڵامدانەوە بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانە سەریان هەڵداوە، لە توێژینەوەیەکدا کە لیژنەی ژنانی پەنابەر لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا بڵاوی کردووەتەوە، بە پشتبەستن بە شایەتحاڵی و ئەزموونە مەیدانییەکان، ڕوونیکردووەتەوە، کە ژنان زیاتر لەدوو هەزارو چوارسەد چێشتخانەی بەکۆمەڵ لە سودان بەڕێوە دەبەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ فراوانبوونی شێوازەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کە ژنان سەرکردایەتی دەکەن بۆ دابینکردنی خۆراک و پاڵپشتیکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان.
کاری ئەم تۆڕانە تەنها لە چێشتخانەکاندا قەتیس نابێت، بەڵکو هاوکاریی پزیشکی و پشتیوانیی دەروونی و دابینکردنی هەندێک شێوازی پاراستنیش دەگرێتەوە، لە پاڵ پاڵپشتیکردنی ئاوارەکان و هەماهەنگیکردنی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان بەپێی توانا بەردەستەکان.
هەروەها ئامادەیی ژنان درێژبووەوە بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیریی ناوخۆیی و بونیادنانی ئاشتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەکان، بەڵام ئەم ڕۆڵە بە شێوەیەکی هاوشێوە لە ڕێڕەوەکانی دانوستانی فەرمیدا ڕەنگی نەدایەوە، هەروەها ئاماژەی بە نەبوونی بەشدارییەکی واتاداری ژنانی سودانی وەک دانوستانکار لە گفتوگۆ فەرمییەکانی ئاشتیدا کردووە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی ڕاپۆرتەکە گرتوونیەتییەوە، ئەمەش جیاوازیی نێوان ئەو ڕۆڵەی ژنان لە کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانی ململانێدا لەسەر ئاستی ناوخۆ دەیگێڕن، سنوورداریی نوێنەرایەتیکردنیان لەو بڕیارانەی پەیوەستن بە کۆتاییهێنان بە ململانێکەوە، ئاشکرا دەکات.
ژنان لە سودان توانیان تۆڕەکانی وەڵامدانەوە و هاوپشتی لە سێبەری داڕمانی دامەزراوەکان و فراوانبوونی پێداویستییە مرۆییەکاندا بپارێزن، جەختیان لە توانا و ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و پاڵپشتیکردنی زیانلێکەوتووانی ململانێکە کردەوە، بەڵام قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییانەی ژنان هەڵی دەگرن، ئامادەییەکی هاوشێوەی لە ڕێڕەوەکانی دانوستان و دروستکردنی بڕیاردا سەبارەت بە داهاتووی وڵات بەرامبەر نییە، ئاستەنگەکە تەنها لە مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئەم دەستپێشخەرییانە و دابینکردنی بودجە و پاراستن بۆیان قەتیس نابێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ داننان بە ڕۆڵیان و بەشداریکردنی کردەیی ژنان لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە ململانێ و بونیادنانی ئاشتیدا.

لە ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئەنجامەکان
ئەزموونەکانی ژنان لە وڵاتانی باکووری ئەفریقادا توانای ژنان بۆ داهێنانی ڕێڕەوی هەمەجۆر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری ئاشکرا دەکەن، هەروەها پەرەپێدانی ئامرازگەلێک کە لەگەڵ سروشتی ئاستەنگەکان لە هەر ژینگەیەکدا بگونجێن، لە بەڵگەنامەکردن و داکۆکیکردنی یاساییەوە تا بەشداریی سیاسی و بونیادنانی تۆڕەکانی هاوپشتی و بەدەمەوەچوونی مرۆیی، سەرەڕای جیاوازیی ئەم ڕێڕەوانە، بەڵام لە داواکارییەکی سەرەکیدا یەکدەگرنەوە کە بریتییە لە گۆڕینی مافە ڕاگەیاندراوەکان بۆ مسۆگەری کردەیی کە ژنان بپارێزێت و دەرفەتی بەشداریی یەکسانیان لە ژیانی گشتیدا پێبدات.
بەڵام بەرهەمی ئەم هەوڵانە کەلێنێک ئاشکرا دەکات کە هێشتا لە نێوان دەستپێشخەری و ئەنجامدا ماوەتەوە، بەڵگەنامەکردن قەرەبووی نەبوونی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە ناکاتەوە، داواکارییە یاساییەکان بەبێ یاسادانانی کارا ناگۆڕێن بۆ پاراستن، هەروەها دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان بە تەنها ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە لاوازیی دامەزراوەکان یان نەبوونی خزمەتگوزارییە بەردەوامەکان بەجێی دەهێڵێت، لەو ژینگانەشدا کە ململانێیان تێدایە، ئەم کەلێنە لەگەڵ سنوورداریی پارەدارکردن و پاراستن و دوورخستنەوەی ژنان لە ڕێڕەوەکانی دانوستان و دروستکردنی بڕیاردا دوو هێندە دەبێتەوە.
لە کاتێکدا ژنان توانای خۆیان لە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەیان و ڕێکخستنی وەڵامدانەوە بۆ لێکەوتەکانیان سەلماندووە، ئاستەنگەکە لەبەردەم حکومەت و دامەزراوەکاندا وەک خۆی دەمێنێتەوە کە بریتییە لە گواستنەوە لە داننان بە هەوڵەکانیانەوە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان، لە ڕێگەی چاکسازیی یاسایی جێبەجێکراو، میکانیزمەکانی پاراستن و لێپرسینەوەی کاریگەر، سەرچاوەگەلێک کە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان مسۆگەر بکەن، بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە ماف و داهاتوویانەوە هەیە، چونکە سەرکەوتنی بەرەنگاربوونەوە تەنها بەوە ناپێورێت کە ژنان سەرەڕای ئاستەنگەکان توانیویانە بونیادی بنێن، بەڵکو بەوەش دەپێورێت کە ئەم هەوڵانە چ گۆڕانکارییەکی بەرجەستە لە ڕاستیدا دەهێننە دی.




