ماسا سوڵتان
لازقییە ـ بڕوانامەی ئامادەیی بۆ هەندێک لە منداڵانی کچ کەناراوەکانی سووریا دەروازەی پەڕینەوە بوو بەرەو زانکۆ و بەدیهێنانی خەونە پیشەییەکان، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە وێستگەیەک کە ڕەنگە خەونە پەروەردەییەکانیانی تێدا بوەستێت، لە ژێر سایەی تێکەڵبوونی دۆخی ئەمنیی ئاڵۆز، داڕمانی ئابووری، کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان کە ئازادیی منداڵانی کچ لە هەڵبژاردنی داهاتوویدا سنووردار دەکەن.
ژنانی گەمج لە ناوچە جیاوازەکانی کەناراوەکانی سووریا، بەتایبەت گوندە دوورەکان لە ناوەندە زانکۆییەکان، ڕووبەڕووی کۆسپگەلێک دەبنەوە کە لە خواستی خوێندن و بەدەستهێنانی زانست تێدەپەڕن، چونکە توانای بەدەستهێنانی کورسیی زانکۆ چیتر تەنها بە دەرچوون بە بڕوانامەی ئامادەییەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بە توانای خێزان بۆ دابینکردنی تێچووی تۆمارکردن، هاتوچۆ و نیشتەجێبوون لە پاڵ مسۆگەرکردنی پارێزراویی منداڵانی کچ لە کاتی هاتوچۆی ڕۆژانەیدا بۆ زانکۆ و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خێزان کە ڕێگەی پێبدات درێژە بە خوێندنەکەی بدات.
مەترسییە ئەمنییەکان ئازادیی هاتوچۆ سنووردار دەکەن
مەترسییە ئەمنییەکان بوونەتە هۆکارێکی کاریگەر لە بژاردەکانی ژمارەیەک لە خێزانەکان سەبارەت بە خوێندنی کچەکانیان، بەتایبەت لەگەڵ ئەو مەترسییانەی کە یاوەری هاتوچۆن لە نێوان گوند و شارەکاندا و پەیوەندییان بە پارێزراوی کەسییەوە هەیە، هەروەها ئەو کۆتوبەندانەی هەندێک بارودۆخ بەسەر جووڵەی ژنان و منداڵانی کچدا دەیسەپێنن.
ڕاپۆرتی ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پەنابەری سەبارەت بە سووریا، کە لە تەمموزی ٢٠٢٦ دەرچووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە مەترسییەکانی ڕفاندن لە ناوچەی کەناراوەکان کاریگەریی هەبووە لەسەر بەردەوامبوونی هەندێک لە منداڵانی کچەکان لە خوێندنی زانکۆییدا، ڕێگریی کردووە لە پەیوەندیکردنی منداڵانی کچ بە خوێندنی قوتابخانەوە، هەروەها ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، کە مەترسییە ئەمنییەکان دیارترین هۆکار بوون کە ئازادیی جووڵەی ژنان و منداڵانی کچیان سنووردار کردووە، بەپێی توێژینەوەیەک کە گەڕاوەکان و کۆمەڵگە خانەخوێیەکانی لە پارێزگا جیاوازەکانی سووریا گرتووەتەوە.
بەم شێوەیە، بابەتەکە بەستراوەتەوە بە ڕادەی بوونی ژینگەیەکی پارێزراوەوە کە مافی هاتوچۆ و گەیشتن بە دامەزراوە پەروەردەییەکانی بەبێ ترس و هەڕەشە بۆ مسۆگەر بکات، بەتایبەت کە حاڵەتی ڕفاندن لە ناو زانکۆشدا ڕوویداوە.
قەیرانی ئابووری بەراوردکردن لە نێوان خوێندنی منداڵەکاندا دەسەپێنێت
بارودۆخی خراپی ئابووری یەکێکە لە دیارترین ئەو هۆکارانەی کە لە پاڵ مەترسییە ئەمنییەکاندا ڕێگری دەکەن لە تەواوکردنی خوێندنی منداڵانی کچ، لە ژێر سایەی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی و سەختیی هەڵگرتنی ئەو خەرجییە زیادانەی کە خوێندنی زانکۆ دەیخوازێت، ئەو خێزانەی لە ژێر فشاری دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکاندا دەژی، ڕەنگە خۆی بێتوانا ببینێتەوە لە دانی تێچووی خوێندن، گواستنەوە و بەشەناوخۆیی زانکۆ، بەتایبەت کاتێک کچەکەی ناچار دەبێت لە گوندەکەیەوە بچێتە شارێکی دیکە بۆ تەواوکردنی پسپۆڕییەکەی.
لە هەندێک خێزاندا، سنوورداریی سەرچاوە داراییەکان دەبێتە هۆکارێک بۆ جیاوازیکردن لە نێوان خوێندنی منداڵەکاندا، بە شێوەیەک کە هەندێک جار پێشینە دەدرێت بە خوێندنی کوڕان وەک"«وەبەرهێنانێکی پێویست" بۆ داهاتووی خێزان، لە کاتێکدا بە چاوێکی وەها سەیری خوێندنی منداڵانی کچ دەکرێت کە بژاردەیەکە دەکرێت دەستبەرداری ببن، بەتایبەت کاتێک دەرفەتەکانی کارکردنی بەردەست بۆی مسۆگەر نین.
دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان داهاتووی منداڵانی کچ دیاری دەکەن
سەرەڕای بارودۆخی ئەمنی و توانای دارایی، هێشتا دابونەریت و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵی ئەو بڕیارانە دەکەن کە پەیوەندییان بە داهاتووی منداڵانی کچەوە هەیە، کۆتوبەند دەخەنە سەر بژاردە پەروەردەیی و پیشەییەکانیان.
لە هەندێک ژینگەدا، تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ منداڵانی کچ بە ڕۆڵەکەیەوە لە ناو خێزاندا دەبەسترێتەوە، هاوسەرگیری و پێکهێنانی ماڵ وەک پێشینەیەک سەیر دەکرێت کە پێش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ دەکەوێت، لە کاتێکدا توانای منداڵانی کچ بۆ گەشتکردن یان نیشتەجێبوون دوور لە خێزانەکەی بە پاساوی پەیوەست بە پاراستن، ناوبانگ و ترس لە تێکەڵاوبوون سنووردار دەکرێت.
ئەم کۆتوبەندانە زیاتر دەبن کاتێک ئەو پسپۆڕییەی منداڵەکچەکە دەیەوێت بیخوێنێت پێویستی بە گواستنەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە هەبێت، چونکە ڕەنگە بڕیاری بەردەوامبوون لە زانکۆ زیاتر ملکەچی ڕەزامەندیی خێزان ببێت وەک لەوەی بەسترابێتەوە بە خواست و توانا ئەکادیمییەکانی خۆیەوە.
ڕاپۆرتە پسپۆڕییەکان سەبارەت بە دۆخی ژنان و منداڵانی کچ لە سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، کە کۆتوبەندە خێزانییەکان، هاوسەرگیریی پێشوەختە، پێدانی پێشینە بە خوێندنی کوڕان، بەرزبوونەوەی تێچووەکان و مەترسییەکانی پەیوەست بە پارێزراوی، هەموو ئەم هۆکارانە بەشدارن لە بێبەشکردنی منداڵانی کچ لە دەرفەتەکانی خوێندن، سەربەخۆیی و توانای بڕیاردانیان سەبارەت بە داهاتوویان سنووردار دەکەن.
خوێندنی دواخراو و داهاتوویەکی هەڕەشەلێکراو بە پاشکۆیەتی
بێبەشکردنی منداڵانی کچ لە تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیی واتای لەدەستدانی دەرفەتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەکادیمییە، کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر توانای چوونە ناو بازاڕی کار، بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا.
ئەو منداڵە کچەی ناچار دەکرێت دەستبەرداری خەونی خوێندنەکەی ببێت بەهۆی بارودۆخگەلێکەوە کە خۆی هەڵینەبژاردوون، ڕەنگە دواتر خۆی لە بەردەم بژاردەی پیشەیی سنوورداردا ببینێتەوە، یان ناچار بێت لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە خێزان یان هاوژین ببەستێت، ئەمەش شێوازەکانی پاشکۆیەتی قووڵتر دەکاتەوە و توانای بڕیاردانی سەربەخۆی سنووردار دەکات.
لە بەرامبەردا، ڕەخساندنی خوێندن بۆ منداڵانی کچ بە تایبەت دانانرێت کە خێزان پێی ببەخشێت، بەڵکو مافێکی بنەڕەتییە کە پێویستە بپارێزرێت و گەیشتن پێی مسۆگەر بکرێت، بەبێ گوێدانە بارودۆخی ئابووری یان پاشخانە کۆمەڵایەتییەکان.
بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکان لە پاراستنی مافی خوێندندا
چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە پێویستی بە دیدگایەک هەیە کە لە بانگەوازە نەرییەکان بۆ هاندانی منداڵانی کچ بۆ خوێندن تێپەڕێت، ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی کەشێکی پارێزراو دوور لە تیرۆر، ڕفاندن و کردەوەکانی هەڕەشەلێکردن و پارەسەندن، هۆکارەکانی گواستنەوەی پارێزراو و ڕێکوپێک، پێشکەشکردنی سکۆڵەرشیب و هاوکاریی دارایی بۆ خوێندکارەکانی کچی خێزانە کەمدەرامەتەکان، دابینکردنی بژاردەی بەشیناوخۆیی پارێزراو لە زانکۆکان، لە پاڵ فراوانکردنی دەرفەتەکانی خوێندن لە ناوچە گوندنشینەکان و دابینکردنی جێگرەوەی پەروەردەی.
هەروەها پێویستی بە بەرنامەکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت کە خێزانەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بکەنە ئامانج، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاری لە نێوان خوێندنی کوڕان و کچاندا، و چەسپاندنی مافی کچ لە هەڵبژاردنی پسپۆڕی و ڕێڕەوی پیشەیی خۆیدا، دوور لەو فشارانەی کە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە باوەکان دەیسەپێنن.
چونکە خوێندن مافێکی ئەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی و گرنگترین مەرجە بۆ خاوەندارێتیکردنی بڕیاری خۆی، پاراستنی سەربەخۆیی و بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەکەیدا.




