زنجیرەی تورکی دۆبلاژکراو و وەرگێڕدراوی عەرەبی... بەڵایەک هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکات

هێڤیدار خالید- ڕۆژنامەنووس

زنجیرەی تورکی دۆبلاژکراو و وەرگێڕدراوی عەرەبی... بەڵایەک هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکات

کێ هەیە لە ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان بینەری زنجیرەدراما کۆمەڵایەتییەکان نەبووبێت کە لە شاشەکانی تەلەڤزیۆن و کەناڵە ناوخۆییە عەرەبییەکان، دواتریش کەناڵە ئاسمانییەکان بە هەموو زمانەکان پەخش دەکران؟ کێ هەیە لە ئێمە بەردەوام نەبووبێت لە زنجیرەدراماکاندا بە تەواوی ئەڵقەکانیانەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە فشارەکانی کار و خوێندن و پابەندییە ڕۆژانەکان؟ لە هەندێک قۆناغی مێژوودا، زنجیرەدراماکان گرنگترین بڕگە بوون بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی خێزان بەیەکەوە و چێژوەرگرتن لەو چیرۆک و بەسەرهاتانەی تێیاندا دەخرانە ڕوو، چونکە لە ڕاستی ژیانەوە وەرگیرابوون.

زنجیرەدراما و کارە دراماتیکییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە تەواوی کۆمەڵگەدا پێگەیەکی تایبەتیان هەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەستییان بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان برد و بە لۆژیکێکی دروست و دیدگایەکی ڕوون و ئامانجگەلێک دەیانخستنە ڕوو کە ببنە مایەی پێشخستن و هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە، بەم شێوەیە توانییان بچنە ناو هەموو ماڵەکانەوە و ببنە بەشێکی گرنگیان، چونکە هەر ئەندامێکی خێزان خۆی، هەرچەندە کەمیش بێت، لەو چیرۆکانەدا دەبینییەوە کە دەخرانە ڕوو، بۆیە هەستی بە نزیکییان لە خۆیەوە دەکرد و بە خێرایی کارلێکی لەگەڵ دەکردن و سوور بوو لەسەر ئەوەی هیچ ئەڵقەیەکیانی لەدەست نەچێت.

بەڵام ئەوەی لە ماوەی دواییدا دەیبینین لە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی زنجیرەدراما هیندی و تورکی و بەعەرەبیکراوەکان کە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵیانکوتاوەتە سەر پێکهاتەی کۆمەڵگە، بووەتە هۆی دروستکردنی مەترسی لەسەری، هۆکارێکی کاریگەر و سەرەکییە لە لاوازکردنی پەردەی کۆمەڵایەتیی پێکەوەبەستراو، لەکەدارکردنی بەهاکانی ڕاستگۆیی و لێبوردەیی و هاوسۆزی کە مرۆڤ لە لەدایکبوونییەوە هەڵیگرتوون.

زنجیرەدراماکانی ئێستا، بەتایبەتی تورکی و بەعەرەبیکراوەکانیان، لە ڕێگەی زۆر دیمەنەوە ژیانێکی نموونەیی پڕ لە خۆشەویستی و ئەوین نمایش دەکەن کە لە زۆربەی کاتەکاندا لە خەیاڵەوە نزیکتر دەردەکەوێت، بۆ نموونە هەندێک جار دەبینیت کارمەندی پاککردنەوە کە سەر بە چینی هەژاری کۆمەڵگەیە و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەهاکەی ناوی ''خزمەتکار"ی لێ دەنرێت، عاشق و شەیدای خاوەنی ئەو ماڵە دەبێت کە کاری تێدا دەکات، لێرەدا زنجیرەدراماکە ئەو بیرۆکەیە دەخاتە ڕوو کە پیاوی دەوڵەمەند لە کۆشکە شاهانەکاندا دەژی و خاوەنی موڵک و ماڵ و سامانێکی زۆرە، هۆکاری هەمیشەیی ڕزگاربوونی ژنە.

هەروەها زنجیرەدراماکە پەرە بەو بیرۆکەیە دەدات کە ژنی لاواز هەمیشە بەدوای پیاوێکدا ڕادەکات کە داهاتوو و ژیانی بۆ دابین بکات، وەک بڵێیت بەبێ پیاو لەم ژیانەدا هیچ نرخێکی نییە، لە هەندێک کاتیشدا، پیاوی دەوڵەمەند عاشق و شەیدای ژنی هەژار دەبێت، ئەم ژنە دەجەنگێت چونکە شایستەی ئەوە نییە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوە دەوڵەمەندەکەدا بکات، یان چونکە گونجاو نییە بۆی، هەمووی لە یەک بیرۆکەدا کۆ دەبێتەوە، ئەویش چەسپاندنی وێنەیەکی نموونەیی لەسەر ژن وەک ئەوەی پاشکۆی پیاو بێت، دیلی دابونەریتەکانی کۆمەڵگە بێت، دەبێت پابەندییان بێت و سنووری دەسەڵاتەکانی بزانێت و ژیانی بەرەو کوێ دەبات.

لە لایەکی ترەوە، زنجیرەدراما نوێیەکان کە لە ڕێگەی سەکۆ دیجیتاڵییەکانەوە هێرش دەکەنە سەر جیهان، بیرۆکەی نوێ دەخەنە ڕوو، لە ڕێگەی ئەو دیمەنانەی لەلایەن ئەکتەرانێکەوە بەرجەستە دەکرێن کە هەندێک جار لە ڕۆحی نواندنی ڕاستەقینە بێبەشن، کار دەکەن بۆ سەپاندنی کولتووری ڕۆژئاوا بەسەر کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەیاساییکردنی لە مێشکی بینەراندا، وەک ئامڕازێک بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتن و ئازادی، ئەمەش لە دیمەنەکانی ماچ و باوەشکردندا دەردەکەوێت، سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ پەیوەندییە ناڕەوشتییەکان کە زیان بە ژیانی گەنجان دەگەیەنن، نموونەی ئەوەش جەختکردنەوەی زۆرە لەسەر دیمەنەکانێک کە تێیاندا کوڕێک هەوڵ دەدات هاوڕێ کچەکەی بە تەنها بگرێت، بۆ ئەوەی دەستدرێژیی بکاتە سەری، ئینجا کچەکە ناچار دەبێت بەدوای ڕێگەیەکدا بگەڕێت بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەم نەهامەتییەی تێی کەوتووە، ئەم جۆرە دیمەنانە کاردانەوەی نەرێنی دەکەنە سەر ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگە لە تەمەنە جیاوازەکاندا، تا ئەو ڕادەیەی وەک شتێکی ئاسایی و بەردەست بۆ خۆیان سەیری دەکەن.

سەرەڕای ئەوەش، نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری کە ئەکتەرە پیاو و ژنە بەشداربووەکانی ئەم جۆرە زنجیرەدرامایانە ئەنجامی دەدەن، ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی دەگێڕن، چونکە هەمووان دەکەونە کێبڕکێوە بۆ لاسایکردنەوەیان و ئەنجامدانی هەمان نەشتەرگەری، لەگەڵ ونبوونی ئامڕازە گوزارشتییەکان لە هەندێک کاتدا، لە نێوەندی هەموو ئەم هەوڵە ناڕاستگۆیانەدا لەگەڵ بینەر، کە هەوڵ دەدەن بیرۆکەی ڕۆشنگەری و سەرمایەداری بخەنە ڕوو.

هەروەها قەبارەی زیادەڕەوییە خستنەڕووەکانی هەموو ئەو شتانەی زنجیرەدراماکە باسیان دەکات نائاساییە، چونکە لە لۆژیک و ڕوانگەی زانستی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی بێبەشن، پڕن لە دووڕوویی و درۆ و خۆنمایشکردن دەردەکەون بەبێ ئامانجگەلێک کە جێگەی باس بن، بیرۆکە کۆنەپەرستەکان لە ژێر پەردەی سەردەمیبووندا پەرەیان پێ دەدرێت، ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا ناگونجێت دەکرێتە شتێکی ئاسایی کە هەموو کەسێک مافی ئەنجامدانی هەیە، بەم شێوەیە ئەم زنجیرەدرامایانە کۆمەڵگە لە شتە بەسوودەکان سەرقاڵ دەکەن و لە ڕێگەیان لاسەدەن.

هەروەها دەستەواژەی زۆر زیادەڕەوی بەکار دەهێنن وەک "ژیانم بەبێ تۆ عەزابە"، "ئەگەر بمەوێت بژییم ئەوا لە پێناو تۆدا دەژییم"، پاشان دوای چەند ڕۆژێک دەیبینیت خیانەت لە هاوژینەکەی دەکات لەگەڵ ژنێکی دیکەدا، جێی دەهێڵێت، هەوڵ دەدات لە ژیانیدا بیسڕێتەوە! ئەمە چ بەهاگەلێکی خۆشەویستین؟ ئەوانە چ بەهاگەلێکی مرۆڤایەتین؟

ئەو شتەی سەرنجی من ڕادەکێشێت لە زنجیرەدراماکانی "عیشق"دا ئەوەیە کە هەردوو پاڵەوانەکە، پیاو و ژن، هەمیشە لەوپەڕی جوانیدان، وەک بڵێیت کەسانی ئاسایین، بەپێی لۆژیکیان، مافی ئەوەیان نییە یەکتریان خۆش بوێت یان وەک بڵێیت خۆشەویستی تەنها بۆ خاوەن ڕووخسارە سەرنجڕاکێشەکان دەبێت، ئیتر کێ دەتوانێت باوەڕ بە هەموو ئەم قسە بێمانایانە بکات کە لەم کاتەدا هیچ سنوورێکیان نییە، ئەوانەی لەسەری سەرپەرشتیارن هەوڵ دەدەن لە ڕێگەیانەوە ڕاستیەکی نوێمان بەسەردا بسەپێنن؟ زنجیرەدراماکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چۆن بوون، گەیشتنە کوێ؟ کێ بەرپرسە لەوە؟ پرسیارێکە لەسەر ئەستۆی ئەوانەی سەرپەرشتیی ئەم کۆمپانیایانە دەکەن کە لە یەک کاتدا عەقڵ و دڵەکان دەقۆزنەوە.

دەبێت هەمووان بزانن کە بەدواداچوونی ئەم جۆرە درامایانە بەفیڕۆدانی کاتە، چونکە لە ڕاستی و جیهان و کار و ژیانت دوورت دەخاتەوە، و ژیانێکی "پەمەیی" و پەیوەندیی سەردەمیانە و بیرۆکەگەلێکی نامۆت بەسەردا دەسەپێنێت کە گوزارشت لە تۆ ناکەن، گوزارشت لە مێژوو و کۆمەڵگەکەشت ناکەن، تۆ بە تەنها گوزارشت لە خۆت و بیر و ئیرادەت دەکەیت، نەک کەسێکی دیکە.