دێرین ڕەحیم
سلێمانی-زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دۆخی سیاسیی باشووری کوردستان جارێکی دیکە ڕووبەڕووی قۆناغێکی ئاڵۆز بووەتەوە لە کاتێکدا پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی پارتی و ژمارەیەک لە پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان دوای نزیکەی دوو ساڵ وەستان کارایەوە، ناکۆکییەکان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامن و هەنگاوەکانی ئەم دواییە نیگەرانیی لە گەڕانەوەی سیستەمی دوو ئیدارەیی و دابەشبوونی دامەزراوەکانی هەرێم دروست کردووە، ئەم بارودۆخە جارێکی تر باس لە داهاتووی هاوبەشی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم دەخاتەوە پێشەوە. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکان بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەرێکی هاوبەش بدۆزنەوە، چونکە گەڕانەوە بۆ سیستەمی دوو ئیدارەیی تەنها بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی لەسەر یەکڕیزی دامەزراوەکان و داهاتووی هەرێمیش هەبێت، سارا ڕەزا، چالاکوانی سیاسی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
سارا ڕەزا وتی: ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستان ڕوودەدات و هەنگاونان بەرەو دوو ئیدارەیی و قەیرانێکی قوڵ، مێژوویەکی ٣٥ ساڵەی هەیە. لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵەدا، لە دامەزراندنی پەرلەمان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، پەرلەمان بە تەواوی لەسەر بنەمای دەنگ و ویستی خەڵک دامەزراو نەبووە، بەڵکو ئەجێندای دەوڵەتە هەرێمییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پێکهاتە و ئاراستەی دامەزراوە سیاسییەکان هەبووە، قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان لە باشووری کوردستاندا بۆ چەندین ساڵە بەردەوامن و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە شێوەی جیاواز دووبارە بوونەتەوە؛ لە شەڕی ناوخۆ و شەڕی پەکەکەوە تا قەیرانی دارایی و سیاسی کە هێشتا کاریگەرییەکانیان بەردەوامە، ئەمڕۆش جارێکی تر لە بەرواری ٩ی تشرینی دووەمەوە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، بینیمان پەرلەمان بەبێ بەشداری و ڕەزامەندی هەموو ئەو لایەنانەی دەنگ و پشتگیریی خەڵکیان بەدەستهێناوە، کارا کرایەوە؛ ئەمەش پرسیاری جدی لەبارەی ڕەوایی و شێوازی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان دروست دەکات، ناوەندگەرایی لە نێوان دەسەڵاتداران و بەرپرسانی باشووری کوردستاندا گەیشتووەتە ئاستێک کە هەر لایەنێک تەنها لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری بارودۆخەکە دەکات و گوێ بە بۆچوون و ویستی لایەنەکانی تر نادات. بە وتەی ئەو، ئەم ڕەفتارە سیاسییە مەترسییەکی گەورە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوون و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارەیە، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە نیشتمانییەکان، ژنان و بنەماڵەی شەهیدان دەبووە ڕۆڵێکی چاودێریی کاریگەرتر لە بەرامبەر دامەزراوەکان و دەسەڵاتداراندا ببینن و بەرامبەر هەر هەنگاوێک کە قەوارەی هەرێم بخاتە مەترسییەوە، بێدەنگ نەبن؛ چونکە قەوارەی هەرێمی کوردستان بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی گوند و شارەکان بەدەستهاتووە و پاراستنی ئەو دەستکەوتە ئەرکێکی گشتییە.
" قەوارەی هەرێمی کوردستان خوێنی هەزاران شەهیدە"
سارا ڕەزا لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە دوو ئیدارەیی لە ڕووی دابەشکردنی مووچە و بودجە و خزمەتگوزارییەکانەوە لە هەندێک بارودۆخدا ڕەنگە بۆ بەشێک لە کۆمەڵگە سوودبەخش بێت، بەڵام لە ڕووی یاسایی و مێژووییەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەم پەرتەوازەییە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە هەیە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەسەر ناوچەکەدا زیاتر زاڵ ببێت و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بودجە و مووچە و خزمەتگوزارییەکان و یەکگرتوویی هێزەکانی پێشمەرگە هەبێت، کە پەنا بردن بۆ ئەمەریکا و داوای دەستێوەردانی دەرەکی لە کێشە ناوخۆییەکاندا، چارەسەری قەیرانەکە نییە. بە پێی ئەوەی باس دەکات، وەڵامی تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا، بە شێوەیەکی ڕوون پەیامێکی سیاسی بوو کە ئەگەر هەر لایەنێک هێزی بەرامبەر لایەنێکی تر بجوڵێنێت دەستێوەردانی بەغدا لەو بارودۆخەدا ئەگەری هەیە. ئەمەش نیشانەیەکی گرنگە لەو مەترسییانەی کە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە دەتوانن قەوارەی هەرێم ڕووبەڕووی ببێتەوە، پێداگری لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی و دیموکراتی بە بنکەیەکی فراوانی سیاسی کردەوە و داوای کرد هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان جارێکی تر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام ئەم گفتوگۆیانە دەبێت بە دوور لە ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکانی پێش ٩ی نۆڤەمبەر و لە چوارچێوەیەکی نیشتمانی و هاوبەشدا ئەنجام بدرێن، بە شێوەیەک کە هەموو حزب و لایەنەکان تێیدا بەشدار بن چونکە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی، پێویستی بە بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەیەکی هۆشیار هەیە چونکە ئەو قەوارەیە خوێنی هەزاران شەهیدە.
"پێویستە پەرلەمان بتوانێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دەنگ و ویستی خەڵک بکات"
وتیشێ: لەجیاتی ئەوەی باشووری کوردستان بەرەو ئەو ئاستەی پێش ڕیفراندۆم بگەڕێتەوە، کە هەموو لایەنەکان و دەوڵەتان بە قەوارەی هەرێم دانەیان دەنا، بەداخەوە دوای ڕیفراندۆم بەشێکی گرنگی خاکی کوردستان لەدەست چوو و قەوارەی هەرێمیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو لاوازی دەڕوات. بە تایبەتی ئەوەی حزبێکی دەسەڵاتدار بە بڕیاری تاکلایەنە و بە عەقڵیەتی ناوەندگەری و قۆرخکاری، پەرلەمان کارا دەکاتەوە، ئەمە پرسیاری جدی لەسەر شەرعیەت و سەربەخۆیی دامەزراوەی پەرلەمان دروست دەکات، لەجیاتی ئەوەی باشووری کوردستان بەرەو ئەو ئاستەی پێش ڕیفراندۆم بگەڕێتەوە، کە هەموو لایەنەکان و دەوڵەتان بە قەوارەی هەرێم دانەیان دەنا، بەداخەوە دوای ڕیفراندۆم بەشێکی گرنگی خاکی کوردستان لەدەست چوو و قەوارەی هەرێمیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو لاوازی دەڕوات. بە تایبەتی ئەوەی حزبێکی دەسەڵاتدار بە بڕیاری تاکلایەنە و بە عەقڵیەتی ناوەندگەری و قۆرخکاری، پەرلەمان کارا دەکاتەوە، ئەمە پرسیاری جدی لەسەر شەرعیەت و سەربەخۆیی دامەزراوەی پەرلەمان دروست دەکات، کاتێک بودجە و سەرچاوە داراییەکان شەفاف نەبن، ئەوا زەمینە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەو، دیکتاتۆری و چەقبەستنی دامەزراوەکان خۆش دەبێت، بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان پێداچوونەوە بە شێوازی کارکردنی خۆیدا بکاتەوە، کۆبوونەوە ئاساییەکانی بەردەوام بکات و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی بەشدار بن، تاکو پەرلەمان بتوانێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دەنگ و ویستی خەڵک بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، کاتێک پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا و حزبێک ژمارەیەکی زیاتر و حزبێکی دیکە ژمارەیەکی کەمتری کورسییەکانی بەدەستهێنا، لەوێوە دابەشبوونی سیاسی پەرەی سەند و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. پەرلەمان لەجیاتی ئەوەی پەرلەمانی خەڵک بێت، زیاتر پەرلەمانێکی حزبی بووە و حزبەکان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەسەڵاتیان بەسەردا سەپاندووە، حزبەکان هەم سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابەش کردووە و هەم بەردەوام لە بەکارهێنان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو سامانەدان. بەداخەوە ئەم بارودۆخە ڕەخنەیەکی توندی لەسەر کۆمەڵگەش دروست دەکات؛ چونکە دەبوو هەر لە ساڵی ١٩٩٢ەوە کۆمەڵگە ئەم شێوازەی دابەشکردن و مامەڵەکردنی سیاسییەی قبوڵ نەکردایە، لەو کاتەدا بەهۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسدا بوون و نەیاندەویست قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو دەستکەوتەی بەدەستیان هێنابوو، بکەوێتە ژێر زەخت و مەترسی، بەداخەوە زۆر کەس لەسەر ئەو دابەشبوونە بێدەنگ بوون، دوای ساڵی ١٩٩٢، سیستەمی پەنجا بە پەنجا دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، هەرچەندە بەشێک لە حزبەکانی دیکەش لە دابەشکردندا بەشدار دەکرێن، بەڵام ئەو بەشە زۆر کەمە و دابەشبوونی حزبی هەر بەردەوامە، ئەو پەرلەمانەی کە خەڵک دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیان پێدەدەن، لە ڕاستیدا دەنگی خەڵکیان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابەش کردووە، نەک بەگوێرەی ویست و داواکارییەکانی ئەو خەڵکەی دەنگیان پێداون.
"بە حکومەتی بنکەفراوان دەستکەوتەکان دەپارێزرێن"
سارا ڕەزا لە کۆتایی سەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوو ئیدارەیی قەوارەی یاسایی و مێژوویی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، لەوانەیە بەغدا لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی فیدراڵی نەکات، بەڵکو وەک دوو پارێزگا لێی بڕوانێت ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا بەدەستهاتوون، لەگەڵ لەدەستدانی قەوارەی هەرێم، پرسیاری داهاتووی پێشمەرگە و دەسەڵاتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە لە دۆخی دوو ئیدارەییدا، مەترسیی دابەشبوونی دامەزراوەکان و سەروەری سیاسی هەرێم زیاتر دەبێت، ئەم دۆخە تەنها ئەنجامی بڕیار و هەڵوێستی یەکلایەن نییە، بەڵکو ئەستۆی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان، هەروەها کۆمەڵگەشە؛ بە تایبەتی ئەو کاتەی کە بێدەنگی بەرامبەر بە دابەشبوون و ناکۆکییەکان بەردەوام دەبێت، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی حزبی دوور بکەونەوە و جارێکی تر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە تەنها بە یەکگرتوویی و دروستکردنی حکومەتێکی نیشتمانی و بنکەفراوان دەتوانرێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و لە بەغداش بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە مامەڵە بکرێت.




