توندوتیژی دژ بە ژنان؛ لە ماڵەوە دەستپێدەکات و لە کۆمەڵگەدا بەردەوام دەبێت

توندوتیژی دژی ژنان تەنها لەناو خێزانەکان نەماوەتەوە، بەڵکو ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەشدا بەردەوامی هەیە، پارێزەر ئاسۆس نامیق دەڵێت: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونی سکاڵاکردن، ئەوەیە کە هەندێک ژن خۆیان بە بەرپرسی پاراستنی ماڵ و منداڵەکانیان دەزانن.

توندوتیژی دژ بە ژنان؛ لە ماڵەوە دەستپێدەکات و لە کۆمەڵگەدا بەردەوام دەبێت

میهرەبان سەلام 

هەڵەبجە-توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها دیاردەیەکی تاکەکەسی یان کێشەیەکی ناو خێزان نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندییەکی قووڵی بە کولتوور، نەریت، شێوازی پەروەردە و تێڕوانینی کۆمەڵگەبۆ ماف و ئازادییەکانی ژنانەوە هەیە، لەگەڵ بەردەوامبوون و هەڵکشانی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان، پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە: بۆچی سەرەڕای هەبوونی یاسا و دامەزراوەکانی پاراستنی مافی ژنان، هێشتا ئەم دیاردەیە بەردەوامە و لە هەندێک باردا ڕەهەندێکی فراوانتری بەخۆوە دەگرێت؟
ئاسۆس نامیق، پارێزەر، لەبارەی هۆکارەکانی بەردەوامبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئاڵۆزییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵی لە ڕووی یاساییەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
ئاڵۆزییەکانی مامەڵەکردنی یاسایی لەگەڵ توندوتیژی خێزانی
ئاسۆس نامیق ئاماژەی بەوەکرد، مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی خێزانی لە ڕووی یاساییەوە زۆر جار ئاڵۆز و قورسە؛ چونکە لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا کەسی تاوانبار لە نزیکترین کەسانی زیانبەرکەوتووەکەیە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کێشەکان بشاردرێنەوە و قوربانیان نەتوانن بە ئاسانی پەنا بۆ یاسا بەرن، هەروەها نابێت تەنها پشت بە ئامارەکانی سکاڵا ببەسترێت، چونکە ئەم ئامارانە تەواوی ڕەهەند و قەبارەی ستەم و توندوتیژییەکانی ناو کۆمەڵگە پیشان نادەن. ئەو داتایانە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرنەوە کە قوربانییەکە توانای ئەوەی هەبووە بڕیار بدات و سکاڵا تۆمار بکات.
بێدەنگی قوربانیان و ترس لە لەناوچوونی خێزان
ئاسۆس نامیق وتی: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونی سکاڵاکردن، ئەوەیە کە هەندێک ژن خۆیان بە بەرپرسی پاراستنی ماڵ و منداڵەکانیان دەزانن. بۆیە، تەنانەت کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەوڵ دەدەن تاوانەکە بشارێنەوە و بێدەنگ بن، بۆ ئەوەی کەسە نزیکەکانیان نەکەونە بازنەی کێشە و تۆمەتبارکردن، لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێستی کۆمەڵگە بەرامبەر قوربانیانیش ڕۆڵێکی گرنگ لە بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیەدا دەبینێت. ئەوەی بە قوربانی دەوترێت "ئەمە شتێکی ئاساییە و هەموو ژنان ڕووبەڕووی بوونەتەوە" یان "بیر لە خێزانەکەت بکەرەوە"، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە فشارخستنە سەر ژنەکە بۆ بێدەنگ مانەوە.
کۆمەڵگەو بەشداریکردنی لە شاردنەوەی تاوان
سەبارەت بە چارەسەرەکانی دەرەوەی دادگا ئەم پاریزەرە پێیوایە کە کۆمەڵگە لە هەندێک باردا، بەهۆی پاساودان بە نەریت و هەڵوێستی نادروست، دەبێتە هۆی شاردنەوەی تاوان و بەردەوامبوونی توندوتیژی، بێدەنگی لە بەرامبەر توندوتیژیدا تەنها زیان بە زیانبەرکەوتوو ناگەیەنێت، بەڵکو دەرفەت بە تاوانبار دەدات تاوانەکەی دووبارە بکاتەوە و ڕەنگە ڕەهەندێکی توندتر بەخۆوە بگرێت، هەروەها توندوتیژی دژ بە ژنان کاریگەرییەکی وێرانکەر لەسەر بنەما و شیرازەی خێزان هەیەو دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە خێزانییەکان و لە هەندێک حاڵەتدا هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
ڕۆڵی کولتوور و نەریت لە بەردەوامبوونی دیاردەکەدا
ئاسۆس نامیق، بە ئاماژەکردن بە بارودۆخی هەڵەبجە وتی: لە هەندێک ڕەهەندی کۆمەڵایەتییەوە، ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا ڕێزیان لێگیراوە و پشتگیرییان کراوە، بەڵام ئەم هەڵوێستە نابێت ببێتە هۆی پشتگوێخستنی ئەو کێشانەی کە ژنان هێشتا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵکو دەبێت کولتووری ڕێزگرتن لە ژنان و پشتگیرییان زیاتر بکرێت، بە شێوەیەک کە ژن بتوانێت بەبێ ترس و فشار داوای مافەکانی بکات و سکاڵاکردن بە شانازییەک بزانێت، نەک بە شتێک کە ببێتە هۆی شەرمەزاری یان کۆمەڵایەتیی لەدەرکردنی.
پێویستی بە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی
پارێزەر ئاسۆس نامیق لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەگەر کۆمەڵگە بەردەوام بێت لە پاساودان بەو نەریتانەی کە مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن،  ئەگەر نەریت بەسەر یاسادا زاڵ بێت، هیچ یاسایەک بە تەنها ناتوانێت کۆتایی بە دیاردەی توندوتیژی بهێنێت، چونکە توندوتیژی تەنها بە چارەسەرکردنی ئەنجامەکانی لەناو ناچێت، بەڵکوو پێویستە سەرچاوە و هۆکارەکانی بگۆڕدرێن. ئەم گۆڕانکارییەش دەبێت لە پەروەردە و بنەماکانی ژیانەوە دەست پێبکات،ملەو شوێنەیەی منداڵ فێری ژیان، ڕێزگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە دەبێت، واتە لە ماڵەوە.