لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژناندا، پێویستە جارێکی دیکە بە دیدێکی فراوانترەوە لە مانا و کاریگەرییەکانی توندوتیژی بڕوانین.
توندوتیژی دیاردەیەکی ناپەسەندە و دژ بە شکۆ و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، ئەم دیاردەیە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی رەگەزێکدا ببینرێت، چونکە ئازار و ستەم، لە هەر لایەنێکەوە بێت و بەرامبەر بە هەر کەسێک بکرێت، هەر توندوتیژییە و شایستەی رەتکردنەوەیە.
بێگومان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی کۆمەڵگە. ژن، وەک نیوەی کۆمەڵ، رۆڵێکی بنەڕەتی لە بنیاتنانی خێزان، پەروەردەکردنی نەوەکان و پێشخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەیە، کاتێک ژن لە ژینگەیەکی ئارام و پارێزراودا، بە رێزگرتن لە ماف و کەسایەتییەکەی بژی، دەتوانێت تواناکانی خۆی بخاتە خزمەت خێزان و کۆمەڵگەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا، نابێت ئەو راستییە لەبەرچاو ون بکەین کە توندوتیژی تەنیا لە پیاوەوە بەرامبەر بە ژن روونادات، دەکرێت پیاویش لە ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتیدا تووشی ئازار و ستەم ببێت، گرنگ ئەوەیە خودی توندوتیژی بناسینەوە و رەتیبکەینەوە.
توندوتیژی تەنیا لێدان و ئازاردانی جەستەیی نییە، سووکایەتیپێکردن، شکاندنی کەسایەتی، هەڕەشە، زەوتکردنی ئازادی، کۆنترۆڵکردنی ژیانی کەسێک و بێبەشکردنی لە مافەکانی، هەموویان شێوەی جیاوازی توندوتیژین. هەندێکجار برینی دەروونی لە برینی جەستەیی قوڵترە و کاریگەرییەکانی بۆ ساڵانێکی درێژ لەگەڵ مرۆڤ دەمێننەوە.
کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو ئەوە نییە کە تەنیا مافی بەشێک لە تاکەکانی بپارێزێت و چاو لە ئازاری ئەوانی دیکە دابخات، بەڵکو کۆمەڵگەی دادپەروەر ئەوەیە کە گوێ لە دەنگی هەموو ئەوانە بگرێت کە ستەمیان لێدەکرێت، بەبێ ئەوەی رەگەز، پێگە یان بارودۆخی کۆمەڵایەتییان ببێتە هۆی جیاکاری.
ژن و پیاو هەردووکیان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن و لە ژیانی هاوبەشدا تەواوکەری یەکترن، پەیوەندیی نێوانیان نابێت لەسەر بنەمای زاڵبوونی یەکێک بەسەر ئەوی دیکەدا بێت، بەڵکو پێویستە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن، رێزگرتنی دوولایەنە، هاوکاری و بەرپرسیارێتی هاوبەش بنیات بنرێت.
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ماف و شکۆی ژنان، بەڵام ئەم هەوڵە مرۆییە دەبێت هانمان بدات کە بەرامبەر بە هەموو جۆرە توندوتیژی و ستەمێک هەڵوێستمان هەبێت، چونکە دادپەروەری ئەوکاتە مانای راستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە کە بۆ هەمووان بێت.
با هەوڵ بدەین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە تێیدا هیچ ژنێک لە ترسی توندوتیژی بێدەنگ نەبێت و هیچ پیاوێکیش لە ترسی سووکایەتی و کەمکردنەوەی کەسایەتییەکەی ناچار نەبێت ئازارەکانی بشارێتەوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین کە پاراستنی شکۆی ژن، کەمکردنەوە لە شکۆی پیاو نییە، هەروەها داننان بە ئازاری پیاو، کەمکردنەوە لە گرنگیی مافەکانی ژن نییە، بەڵکو هەردووکیان مافی ئەوەیان هەیە لە ژینگەیەکی ئارام و بەبێ ترس و توندوتیژیدا بژین، چونکە توندوتیژی رەگەز ناناسێت، بەڵام مرۆڤایەتی پێویستی بە رێزگرتن لە هەمووانە.
توندوتیژیی رەگەز ناناسێت
خەمینە ساڵح نووسەر




