ژنانى یەمەن لە نێوان کەلێنەکانى قەیرانەکان و ململانێى مانەوەدان

ڕەشا بن عەتاف، بەرپرسی ئەنجومەنی گوازراوەی باشوور، داوای بەهێزکردنی ژنان، بەشدارییان لە بڕیاردان و دابینکردنی پاراستن و پشتیوانی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی کرد.

ژنانى یەمەن لە نێوان کەلێنەکانى قەیرانەکان و ململانێى مانەوەدان

فاتمە ڕەشاد

عەدەن ـ لە ژێر سایەى ئاڵەگارییە سیاسى و کۆمەڵایەتییە کۆبووەکاندا، کارى ژنان ڕووبەڕووى وەرچەرخانێکى هەستیار دەبێتەوە کە هەڕەشە لە جەوهەر و کاریگەرییەکەى دەکات، ڕەشا بن عەتاف تیشک دەخاتە سەر لێکەوتەکانى بەسیاسیکردن و جەمسەرگیرى حزبى، ڕاستی ئەو پەراوێزخستنە دەخاتە ڕوو کە ژنى باشوور بەدەستییەوە دەناڵێنێت، داوا دەکات ڕۆڵە پێشەنگەکەى بۆ بگەڕێنرێتەوە و بەشدارى کاراى پێ بکرێت لە بڕیارداندا دوور لە دوورخستنەوە.

ڕەشا بن عەتاف، سەرۆکى بەشى ئەوروپا و ئەمریکاى باکوور لە دەستەى گشتى کاروبارى دەرەوە لە ئەنجومەنى گوازراوەی باشوور، جەختى لەوە کردەوە،  کە ئەو جەمسەرگیرییە حزبى و ناوچەییانەى لەم دواییانەدا مەیدانەکە بەخۆیەوە بینى، کاریگەرى نەرێنى و زۆر گەورەیان هەبووە لەسەر ڕەوتى کارى ژنان لە وڵاتدا، لەسەر قەبارەى ئەو پشتیوانییەى پێشکەش بە ژنان و توندوتیژیلێکراوانى خێزانى دەکرێت.

ڕوونیکردەوە، کەسانێک هەن بانگەشە بۆ کۆمەڵە چالاکیەک دەکەن کە ڕووکەشەکەیان پشتیوانى و بەهێزکردنى ژنانە، لە کاتێکدا کاریگەرى کردەیى و بەرچاو لەسەرمەیداندا بوونى نییە، بە تایبەت سەبارەت بە هاوکاریکردنى ڕزگاربووانى توندوتیژى و ململانێى خێزانى، دابینکردنى پانتاییە پارێزراوەکان کە چاکبوونەوەى دەروونى و ماددیان بۆ مسۆگەر بکات، تەنها لە حاڵەتى دەگمەندا نەبێت.

بانگەواز بۆ ڕزگارکردنى کارى ژنان لە بەسیاسیکردن

ڕەشا بن عەتاف داواى چڕکردنەوەى هەوڵەکانى ژنانى کرد دوور لە قاڵبدانى حزبى و بەکارهێنانى سیاسى، ڕەخنەى لە ئەداى نوێنەرانى ژنان لە دامەزراوە حکومییەکانى ئێستادا گرت، وتی: بەداخەوە، بەشدارى ژن لە چوارچێوەى سیاسیدا قەتیس کراوە، نوێنەرەکانى بە شێوەیەکى ڕووکەش باس لە پرسەکانى دەکەن کە ڕەنگدانەوەى ڕاستی نییە، هەروەها پێویستى پێدانى دەسەڵاتى ڕاستەقینە بە ژن لە بەڕێوەبردنى کاروبارى وڵاتدا، بەهێزکردنى بۆ دەربڕینى ڕاى خۆى و سەپاندنى ڕاستیەک کە لەگەڵ پێگە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکەیدا بگونجێت.

تیشکیشى خستە سەر دۆخى ژن لە باشوور، بە تایبەتى لە عەدەن،  ڕووبەڕووى دوورخستنەوە و پەراوێزخستنێکى بەمەبەست بووەتەوە کە لە دیمەنى سیاسى دوورى خستووەتەوە، بە تایبەت لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا کە پەراوێزخستن گەیشتە لوتکە.

وتیشى: ژن دادپەروەرییەکى بەدەست نەهێناوە کە هاوتا بێت لەگەڵ قەبارەى ئازارەکانیدا، بەو پێیەى زۆرێکیان لە خوێندن و پشتیوانى ماددى بێبەش کراون، ئەمەش بەرهەمى کۆبوونەوەیەکە کە تەنها لەگەڵ ململانێى ئێستادا دەستى پێنەکردووە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانى پێشوو کە باشوور تێیدا دەرکردن لە کار و وێرانکردنى ژێرخانى ڕۆشنبیرى بەخۆیەوە بینى، ئەمەش واى کرد ژنان تەنانەت ئەوانەشى خاوەنى بڕوانامەى زانستى بەرزن، زۆرترین زیانیان بەرکەوێت و کەمترین دەرفەتیان لە دامەزراندندا هەبێت.

پێگە مێژووییەکەى ژنى باشووریشى بەبیرهێنایەوە و وتى: لە ڕابردوودا، ژنى باشوور، بە دیاریکراوى عەدەنى، بەهێزەوە لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادە بوو و کاریگەرى بەرچاوى هەبوو لە دروستکردنى بڕیاردا، بەڵام ئەمڕۆ ئەم ڕۆڵە پاشەکشەى کردووە لە بەرژەوەندى جیاکارى و دوورخستنەوە.

هاوبەشی و هاوپشتى دوور لە جەمسەرگیرى

ڕەشا بن عەتاف جەختى لەسەر گرنگى هاوپشتى ژنان کردەوە وتی: ئێمە ڕۆڵى ژنان لە باکوورى یەمەن کەم ناکەینەوە، بەڵکو باوەڕمان بە پێویستى پشتیوانیکردنى یەکتر هەیە لە پرسە جیاوازەکاندا، بەڵام ئینتیما حزبییە تەسکەکان کەلێنێکى قووڵیان دروست کرد کە بەشدار بوو لە بەردەوامبوونى پەراوێزخستنى ژنى باشوور بە درێژایى قۆناغە یەک لە دواى یەکەکانى حوکمڕانى.

داواشى کرد، ژنى باشوور لە ناوەندەکانى بڕیارداندا بەشداری پێ بکرێت، جەختى لە لێهاتوویى و تواناى کردەوە بۆ وەرگرتنى بەرزترین پۆستە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى، هیواى خواست گرژییەکان هێور ببنەوە و ئەم ڕاستیە تاڵە بگۆڕێت.

ئاماژەى بەوەش دا، کە قەیرانە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانى ئێستا سێبەرى قورسیان خستووەتە سەر ژنان لە باکوور و باشوور وەک یەک، لە باکوور، ژنان قۆستراونەتەوە و بەکارهێنراون بۆ خزمەتکردنى بەرژەوەندى گروپە چەکدارەکان، سەرەڕاى کەمپینەکانى دەستگیرکردن کە کارمەندانى ڕێکخراوەکان و ڕۆژنامەنووسانى گرتووەتەوە.

ڕەشا بن عەتاف ڕوونیکردەوە، کە لە باشوور، ژنان هێشتا پانتاییەک لە چالاکى و ئاسایشى ڕێژەییان هەیە کە ڕێگەیان پێدەدات ڕاى خۆیان دەرببڕن، سەرەڕاى هەڕەشە بەردەوامەکان بەهۆى هێرشەکانى حوسییەکانەوە، هۆشدارى دا لە هەر هەوڵێک بۆ تەسککردنەوەى پەراوێزى ئازادییەکان یان داگیرکردنى مافە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى ژن، کە وەک یەکەم زەرەرمەندى بەردەوامبوونى ململانێکە دەمێنێتەوە.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.