ئایا میدیا دژبەری توندوتیژی دژی ژنانە یان تەنها بینەرە؟

لە تونس کە دەقە یاساییە پێشکەوتووەکانی وەک یاسای بنەڕەتی ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧ی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ ئاستەنگە کردەییەکانی جێبەجێکردندا یەکتر دەبڕن، میدیا جارێک وەک بینەر و جارێکیش وەک ئاساییکەرەوەی ئەم تاوانانە دەوەستێت.

ئایا میدیا دژبەری توندوتیژی دژی ژنانە یان تەنها بینەرە؟

زهور مەشرقی

تونس ـ لە کاتێکدا کە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تاوانی کوشتنی ژنێک لە دەستەواژەی "تاوانی کوشتن بە پاڵنەری خۆشەویستی، خۆشەویستی دەکوژێت" کورت دەکەنەوە، میدیا سنووری گواستنەوەی بێلایەنانەی هەواڵ تێدەپەڕێنێت و دەبێتە لایەنێکی کارا لە دووبارە داڕشتنەوەی هۆشیاری گشتی و ئاراستەکردنی هاوسۆزیدا.

لە چوارچێوەی تونسدا، سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵە یاسایەکی پێشەنگ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، هێشتا وتاری میدیایی لە نێوان ڕۆڵی هاوبەش لە ئاشکراکردنی دیاردە پێکهاتەییەکان و لێپرسینەوە لە سیستەمەکانی پاراستن، لە نێوان پێگەی سەیرکەر بەدوای ورووژاندندا یان دووبارە بەرهەمهێنەرەوەی وێنە باوەکاندا هاتوچۆ دەکات، لێرەشدا مەترسی زمان وەک ئامرازێکی چوارچێوەبەندی دەردەکەوێت کە کاریگەرییەکەی لە خودی کردەوەکە کەمتر نییە، چونکە پێدانی سیمایەکی سۆزداری یان ڕۆمانسی بە تاوانەکانی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردن تەنها بە بێبەشکردنی زیانبەرکەوتوو لە مافی گێڕانەوەی دادپەروەرانەی خۆی ناوەستێت، بەڵکو دەرگا دەکاتەوە لە بەردەم پاساوهێنانەوە ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەمەش ڕۆژنامەگەری دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی پیشەیی و ڕەوشتی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە بەرپرسیارێتییەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان یان هاوکاریکردنی زمانەوانی لەگەڵیاندا.

نەبوونی پابەندبوون بە ڕەوشتی پیشەیی ڕیم سعوودی، ڕۆژنامەنووسی ژنان ڕوونیکردەوە، کە ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان ئەمڕۆ پابەندبوونی پێویستیان نییە بە ڕەوشتی پیشەییەوە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی توندوتیژی ژناندا، ئەم کەمتەرخەمییەی میدیا لە ئامرازێکی پشتگیریکردن و یارمەتیدانی زیانبەرکەوتووان دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک کە شەرعییەت بە توندوتیژی دەدات و لە ناو کەشی گشتیدا دووبارە بەرهەمی دەهێنێتەوە، لەبری ئەوەی دژایەتی بکات.

داوای کرد کە پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هێڵە سەرنووسەرییەکانیان بە ڕوونی دیاری بکەن، لە ڕاگەیاندراوە سەرنووسەرییە تایبەتەکانیاندا بەندی ڕاشکاوانە سەبارەت بە ژن و مافەکانی جێگیر بکەن، وتی: جێگەی داخە کە تا ئەمڕۆش ئەو دامەزراوە میدیاییانەی لە پێناسە و پەیماننامە سەرنووسەرییەکانیاندا بەندی تایبەت بە پرسەکانی ژن و مافەکانیان جێگیر دەکەن، زۆر کەمن.

جەختی لەوە کردەوە،  کە ئەرکی سەرنووسەرەکانە ڕێکاری کاری ڕوون و پابەندکەر دابنێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی ژنان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی یەکسانی تەواو لە نێوان ژنان و پیاواندا، لە پاڵ بەشداریکردنی کردەیی لە بەرگریکردن لە پرسە ڕەواکان و لە پێش هەمووشیانەوە پرسەکانی ژنان، وازنەهێنان تەنها بە ڕۆڵی سەیرکەر یان گواستنەوەی نەرێنییانەی ڕووداوەکان.

ڕوونیکردەوە، کە کێشە پیشەییەکە لە شاردنەوەی دەنگی زیانبەرکەوتووان و دوورخستنەوەی گێڕانەوەکانیان لە ڕووماڵە هەواڵییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لە بەرامبەر گرتنەبەری گێڕانەوەگەلێک کە لەسەر عەقڵییەتی پیاوسالاری بونیاد نراون و بەدوای پاساودا دەگەڕێن بۆ توندوتیژیکەر و کردەوەی توندوتیژییەکەی بۆ پاساو دەهێننەوە، سەرەڕای ئاساییکردنەوە لەگەڵ جۆرێک لە دەستەواژە و شێوازەکانی توندوتیژی لە ڕێگەی پاساوهێنانەوە بۆیان یان دووبارە بەکارهێنانەوەیان لە میدیادا.

میدیا مامەڵەیەک دەگرێتە بەر کە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی دەچەسپێنێت

لە دەستنیشانکردنی ڕاستی پیشەییدا، دەریخست کە میدیای تونسی، سەرەڕای سوودوەرگرتنی لە چەندین خولی ڕاهێنان سەبارەت بە بنەماکانی ڕووماڵی پیشەیی، هێشتا بە ڕووکەشی و بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی ژنان و مافەکانیاندا دەکات، کە مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی ژن دروست دەکات، وتی: خولیای کێبڕکێی میدیایی و ڕاکێشانی سەرنج زۆرێک لە دامەزراوەکان پاڵ پێوە دەنێت بۆ گرتنەبەری مامەڵەکان کە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی ژنان دەچەسپێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگە هێشتا پاساو بۆ توندوتیژیی سەپێنراو بەسەر ژناندا دەهێنێتەوە، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕەنگی دەدەنەوە لە ڕێگەی پشتبەستن بە زاراوەی باو و دەستەواژەی دووبارەی خاوەن پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی پیاوسالاری لە چەشنی ”خۆشەویستی دەتوانێت بکوژێت”، یان بەکارهێنانی کۆمەڵە پێناسەیەک کە مەترسیی دەستدرێژییەکان و زیانبەرکەوتووان کەم دەکەنەوە و ”ژن لە ماڵ نایەتە دەرەوە”، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی کەمپەینی بەردەوام ڕادەگەیەنێت بۆ داواکردنی دەرکردنی یاسای تایبەت بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژیی خێزانی و پاراستنی ژنقنی کرێکارە لە مەترسییەکان.

قسەکانی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوە کۆتایی پێهێنا کە دانانی ئەم دەستەواژانە لە مانشێتە گەورەکاندا بۆ ڕاکێشانی گەل، توندوتیژی و چەمکە پیاوسالارییە جیاکارییەکان دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە، کۆمەڵگەیەک دەچەسپێنێت کە ژنان دوور دەخاتەوە و ڕۆڵ و ئەرکەکانیان پەراوێز دەخات، لە بنەڕەتەوە لە بنەمای یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز دەدات.

لاوازکردنی ژن

سوعاد بن ڕەجەب، چالاکوانی ژنان ئاماژەی بە بوونی کێشەیەکی کولتووری کرد کە ژن بە لاواز دەزانێت و بە کەمی سەیری دەکات، وتی: چاکسازی و یاساکان لە تونس کاریگەرییەکی گەورەیان دروست نەکردووە و هێشتا توندوتیژی بەردەوامە.

جەختی لەوە کردەوە، کە میدیا بە ئەرکی خۆی هەڵناسێت بەرامبەر بەو توندوتیژییەی دەکرێتە سەر منداڵان، وتی: توندوتیژی دەروون و زیرەکی منداڵ تێکدەشکێنێت و مێشکی پەک دەخات، توندوتیژی ئامڕازی ڕەنگە لە توندوتیژی جەستەیی مەترسیدارتر بێت، پەندی پێشینانی هێنایەوە کە برین بە پێچانەوە چاک دەبێتەوە بەڵام قسەی ناخۆش دەمێنێتەوە و نوێ دەبێتەوە.

ڕوونیکردەوە، کە دەروازەی سەرەکی لە خێزانەوە دەست پێدەکات لە ڕێگەی بەرنامەکانەوە لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بۆ هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان سەبارەت بە مەترسی توندوتیژی و پێویستی دوورکەوتنەوە لێی لە پەروەردەدا، وتی: کاری کۆمەڵە تایبەتمەندەکان بە ژنانی توندوتیژیلێکراو کاریگەرییەکی سنوورداری دەمێنێتەوە ئەگەر مامەڵە لەگەڵ خێزاندا نەکرێت وەک بەرهەمهێنەری توندوتیژی.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.