لە مارسیلیا ژنان دژی توندوتیژیی پیاوسالاریی و جەنگەکان ڕێپێوانیان کرد

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بە بەشداریی ژنانی کورد و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست دژی ژنکوژی، توندوتیژیی پیاوسالاریی و سیاسەتەکانی جەنگ، بانگەوازی هاوپشتیی نێونەتەوەیی و تێکۆشانی هاوبەش کرا.

لە مارسیلیا ژنان دژی توندوتیژیی پیاوسالاریی و جەنگەکان ڕێپێوانیان کرد

ناوەندی هەواڵ

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بە بانگەوازی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەورووپا (تەژەکە-ئەورووپا) و لە چوارچێوەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چالاکیی "کاتی ژنانە" بەڕێوە چوو. لە چالاکییەکەدا کە بە بەشداریی ژنانی کورد و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست ساز کرا، دژی ژنکوژی، توندوتیژیی پیاوسالاری، جیاکاریی ڕەگەزی و سیاسەتەکانی جەنگ بانگەوازی هاوپشتیی نێونەتەوەیی و تێکۆشانی هاوبەش کرا.

بەشداربووان بە درووشمەکانی "بۆ ژیان، ئێستا کاتی ژنە!" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆ بوونەوە و پانکارتی "شەرم لەو پیاوەتییە دەکەین کە ژنان دەکوژێت"یان بەرز کردەوە. لە گۆڕەپانی چالاکییەکەدا وێنەی ئەو ژن و منداڵانەی بوونەتە قوربانیی کوشتن و توندوتیژی نمایش کران، کە وێنەکانی ژینا ئەمینی، نارین گوران، ئەندریا وۆڵف و لەیلا شایلەمەز لەنێویاندا بەرچاو بوون.

لە ڕاگەیاندراوە فەرەنسییەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە نەک قوربانیانی توندوتیژی، بەڵکو دەبێت بکوژان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و هەنگاوی کردەیی بۆ یەکسانیی ڕەگەزیی بنرێن.

هەروەها جەخت کرایەوە کە جەنگەکان ژیان لەناو دەبەن و ئاشتیی بەردەوام تەنها بە بێدەنگبوونی چەکەکان نایەتەدی، بەڵکو بە ئازادی، یەکسانی و ئیرادەی ژنان دێتەدی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جێگەیەکی تایبەت بۆ شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا تەرخان کرا و ڕاگەیەندرا کە تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی بە پێشەنگایەتیی ژنان لە ڕۆژئاوا نیشانی دەدات ژیانێکی ئازاد و جیاواز دەکرێت بێتەدی.

 هەروەها هۆشداری درا کە دەستکەوتەکانی ژنان لەژێر هەڕەشەدان، هاوکات پەیامی پشتیوانی لەگەڵ ژنانی کوردستان، سوودان، فەڵەستین و ناوچەکانی دیکەی جیهان درا و داوا کرا کۆمەڵگە بێدەنگ نەبێت و بە تێکۆشانی ڕێکخراو ڕووبەڕووی جەنگ و توندوتیژی ببێتەوە.