بەهاران لەهیب
کابول ـ ئازار و مەینەتیی نەخۆشانی شێرپەنجە لە ئەفغانستان بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە کۆتایی نایەت، بەڵکو گەشتێکی سەخت دەست پێدەکات بۆ گەڕان بەدوای چارەسەردا، لە سایەی سنوورداریی توانا پزیشکییەکان و کەمیی کارمەندانی پسپۆڕدا، داخستنی سنوورەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان ئازارەکانی ئەوانی زیاد کردووە، دوای ئەوەی زۆربەیان نەیانتوانی بگەنە شوێنی چارەسەری ئاسایی خۆیان، تێچووی گەشتکردن و ڤیزا بوونەتە بارگرانییەک کە هەڕەشە لە بەردەوامبوونی چارەسەرەکانیان دەکات.
بەهۆی لاوازیی ئامێر و کەمیی شارەزایی پزیشکییەوە، هەزاران نەخۆش ڕوویان لە پاکستان دەکرد بۆ تەواوکردنی پشکنین و چارەسەر، تەنانەت هەندێک نموونە دەنێردرانە تاقیگەکانی ئەوێ بۆ دیاریکردنی دەستنیشانکردنی کۆتایی، بەڵام داخستنی سنوورەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی گەشتکردن بژاردەکانی بەردەم نەخۆشانی تەسک کردووەتەوە، لە نێوان هەڵگرتنی خەرجیی زۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە بە توانای سنووردارەوە.
لە سایەی ئەم بارودۆخەدا، لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا نەخۆشخانەیەک لە کابولی پایتەخت بە هاوکاریی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و حکومەتی تاڵیبان کرایەوە، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان بە تێچووی کەم. ئەم هاوکارییە سەرەڕای ئەو کۆتوبەندانە دێت کە تاڵیبان بەسەر هاتنی کۆچبەراندا سەپاندوویەتی، لە دژبەرییەکدا کە پرسیارگەلێک دەورووژێنێت کە ڕاپۆرتەکە ناچێتە ناو ڕەهەندە سیاسییەکانییەوە.
پێش ئەوەش بەشێکی بچووک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە لە یەکێک لە بنکە تەندروستییەکانی کابول هەبوو، کە کارەکانی زۆربەی کات تەنها لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا قەتیس ببوو، لە کاتێکدا نموونەکان دەنێردرانە پاکستان بۆ تەواوکردنی شیکاری و دەستنیشانکردن.
بۆ چاودێریکردنی ڕاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، سەردانی نەخۆشخانەکەمان کرد، کە دەکەوێتە ناوچەی دارولئەمان لە کابول، سەرەڕای دیمەنە دەرەکییە ڕێکوپێکەکەی، ناوەوەی نەخۆشخانەکە ڕاستیەکی جیاواز ئاشکرا دەکات، بەو پێیەی نەخۆشەکان لە بەش و ڕاڕەوەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لە ناوەڕاستی دیمەنەکانی ئازار و مەینەتیدا لە گەشتی گەڕان بەدوای چارەسەردا.
لە میانی سەردانەکەدا، چاومان بە سوهەیلا شەهباز کەوت، کە یەکێکە لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە، پرسیارمان لێکرد دەربارەی سروشتی ئەو خزمەتگوزارییانەی سەنتەرەکە پێشکەشی دەکات، وتی: ئەم نەخۆشخانەیە ماوەی ساڵێکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستی بە کارەکانی کردووە، هەموو توانا پێویستەکانی تێدایە، لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە نەشتەرگەری و قۆناغە جیاوازەکانی تری چارەسەر.
بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی بوونی پزیشکی پسپۆڕ و ژمارەی پزیشکە ژنە کارمەندەکان لە نەخۆشخانەکە، دوودڵ دیار بوو، پێش ئەوەی بە دەنگێکی نزم وەڵام بداتەوە وتی: هیچ پزیشکێکی پسپۆڕ بوونی نییە، هەروەها هیچ پزیشکێکی ژنی پسپۆڕ لە بەشی ژناندا بە هیچ شێوەیەک بوونی نییە،نەخۆشخانەکەمان بە ئامێری پێشکەوتوو تەیار کراوە، بەڵام هیچ کەسێک نییە کە زانیاری و شارەزایی پێویستی هەبێت بۆ بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە بە شێوەیەکی دروست. بەداخەوە هەندێک جار هەڵە لە دەستنیشانکردنیشدا ڕوودەدات، ڕاستە خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان لێرە بێبەرامبەرن، بەڵام لە هەندێک کاتدا خودی ژیانی مرۆڤ لە مەترسیدایە.
وتیشی: ناتوانین بگەینە خۆبژێوی تەنها کاتێک نەبێت کە کار لەسەر پێگەیاندنی کارمەندانی پسپۆڕ بکەین، لە ژنان و پیاوان بە یەکسانی، ئەگەر توانا فێرکاری و پسپۆڕییەکان لە ناوخۆی ئەفغانستاندا بەردەست نەبن، ئەوا پێویستە بارودۆخی پێویست بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرەوەی وڵات خوێندن و ڕاهێنان وەربگرن، بەڵام حکومەتی تاڵیبان، لە پلەی یەکەمدا هەوڵی بەدەستهێنانی ناوبانگ و درێژەدان بە ململانێ سیاسییەکانی دەدات. نابێت نەخۆشەکان ببنە قوربانیی بارودۆخێکی لەم شێوەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی پزیشکی، سەرەڕای گرنگییەکەی، بەس نییە بۆ دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی چارەسەر، ئەگەر هاوکات نەبێت لەگەڵ ئامادەکردنی کارمەندای پیشکی لێهاتوو کە توانای بەکارهێنانیان و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانیان بە وردی هەبێت، پێویستیی دابینکردنی دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی بۆ ژنان و پیاوان لە ناوخۆی ئەفغانستان یان دەرەوەی کرد.
لە نێوان ئامێری پێشکەوتوو و نەبوونی کارمەندانی پزیشکیدا
دوای دەرچوونمان لە ژوورەکەی سوهەیلا شەهباز، گریانی منداڵێکی شیرەخۆرە کە تەمەنی لە شەش مانگ تێپەڕی نەدەکرد سەرنجی ڕاکێشاین، کە دەنگدانەوەی لە سەرانسەری ڕاڕەوەکانی نەخۆشخانەکەدا دەبیسترا، لە دایکی نزیک بووینەوە بۆ زانینی هۆکاری بوونیان لەوێ، دایکێکمان بینی کە دڵەڕاوکێ ماندووی کردبوو، لە کاتێکدا فرمێسک چاوەکانی پڕ کردبوو و هەوڵی دەدا گەشتی گەڕان بەدوای دەستنیشانکردنی دۆخی کچەکەی ڕوون بکاتەوە.
ڕوونیکردەوە، کە ماوەی دوو مانگە، کچە شەش مانگانەکەم بەدەست ئاوسانی دەوروبەری چاوەکانییەوە دەناڵێنێت، بردمە لای ژمارەیەک پزیشک، بەڵام نەیانتوانی نەخۆشییەکەی بە شێوەیەکی دروست دەستنیشان بکەن، لە کۆتاییدا، ئاراستەی ئەم نەخۆشخانەیەیان کردم، ماوەی سێ ڕۆژە لێرەم، لە سەرەتادا، مرۆڤ ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبێتەوە لە ڕێگەپێدانی بۆ چوونەژوورەوە لە دەروازەی نەخۆشخانەکە. دوای ئەوەش، لە ڕاڕەوێکەوە دەچمە ڕاڕەوێکی تر، بەڵام کەس نییە وەڵامی پرسیارەکانم بداتەوە.
دوای گوێگرتن لە ئازارەکانی دایکەکە، سوهەیلا شەهباز هەوڵیدا هێوری بکاتەوە، پاشان سەیرێکی منداڵەکەی کرد و وتی: داوای لێبوردن دەکەم، بەڵام دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی هەفتەیەک دەخایەنێت، دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان و دیاریکردنی دەستنیشانکردنەکە، دەست بە ڕێکارەکانی چارەسەر دەکەین، پاشان بردییە یەکێک لە ژوورەکان بۆ وەرگرتنی نموونە و ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان، بە هیوای دیاریکردنی سروشتی نەخۆشییەکە و دەستپێکردنی چارەسەری گونجاو.
سوهەیلا شەهباز وتی: کەمیی پسپۆڕییەکان قەیرانێکە سنووری نەخۆشخانەکە تێدەپەڕێنێت، نەبوونی پزیشک و کارمەندان پزیشکیی پسپۆڕ یەکێکە لە دیارترین بەربەستەکانی بەردەم پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان، چونکە خاوەندارێتیی نەخۆشخانەکە بۆ ئامێری سەردەمی مسۆگەری سوودوەرگرتن لێیان ناکات لە سایەی کەمیی شارەزایی پێویست بۆ کارپێکردنیان و خوێندنەوەی ئەنجامەکانیان بە شێوەیەکی دروست.
ئەم ڕاستیە تەنها لەو نەخۆشخانەیەدا قەتیس نەبووە کە سەردانمان کرد، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی فراوانترە کە کەرتی تەندروستی لە ئەفغانستان پێوەی دەناڵێنێت، بەو پێیەی کەمیی توندی پزیشک و پسپۆڕان یەکێکە لە دیارترین ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕێگرن لەبەردەم گەیشتنی هاوڵاتیان بە چاودێریی تەندروستیی پێویست.
کەمی لە کارمەندانی پزیشکیی پسپۆڕدا گەیشتووەتە ئاستێکی نزم، کە دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشان دەکاتە ئەرکێکی سەخت، تەنانەت ئەگەر پزیشکە بەردەستەکان بە درێژایی شەو و ڕۆژیش کار بکەن، لە نێوان لاوازیی توانا و نەبوونی شارەزایی و سەختیی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، نەخۆشانی شێرپەنجە خۆیان لەبەردەم جەنگێکی دووانەدا دەبیننەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە لە لایەک، گەڕان بەدوای دەرفەتێک بۆ چارەسەر لە لایەکی ترەوە.




