پەرلەمانتارانی ئەورووپا داوای دادپەروەری بۆ گەلی ئێزیدی دەکەن

ئەو پەرلەمانتارانەی ئەورووپا کە بە پەیامەکانیان پشتگیرییان لە پێشەنگایەتیی تاژێ کردووە، پەیامی «ئێمە لە تەنیشت ئێوە و لە تەنیشت ژن و منداڵەکانتانین»یان گەیاندووە و داوای دادپەروەرییان بۆ گەلی ئێزیدی کردووە.

پەرلەمانتارانی ئەورووپا داوای دادپەروەری بۆ گەلی ئێزیدی دەکەن

ناوەندی هەواڵ – پەرلەمانتارانی ئەورووپا پشتگیری لە هەنگاوەکانی تاژێ و داواکاریی دادپەروەری بۆ گەلی ئێزیدی دەکەن

تاژێ لە ٢٧ی تەممووزی ئەمساڵەوە، بە دروشمی «بۆ ئازادی و دادپەروەری، تۆش ببە بە دەنگی دیلەکانی فەرمان» هەڵمەتییەکی دەست پێکرد.

تاژێ لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، نامەی بۆ ژمارەیەک لە دەوڵەتان، دامەزراوە و کەسایەتییەکان نارد و داوای لێکردن تیمێکی تایبەت بۆ ئازادکردنی دیلەکان پێکبهێنن و داعش بە تاوانی جینۆساید دادگایی بکەن.
 

دوای ماوەیەکی کەم، لە چوارگۆشەی جیهانەوە پەیامی پشتگیری بۆ گەلی ئێزیدی بڵاوکرایەوە. لە دوایین هەنگاودا، دوو پەرلەمانتاری ژنی ئەورووپایی بە پەیامەکانیان پشتگیرییان لە هەڵمەتەکەی تاژێ کرد. هەروەها لۆرینا لۆپێز دە لاکایێ، سەرۆکی هاوپەیمانی ئازادی ئەورووپا (EFA)، و جۆرج لوکایدیس، هاوسەرۆکی گرووپی چەپگەری ئەورووپی لە ئەنجومەنی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا، بە پەیامەکانیان پشتگیرییان لە گەلی ئێزیدی و هەڵمەتەکەی تاژێ کرد.

«لەبیرکردن، ئامرازی هەڵبژێردراوی تاوانبارانی فەرمانەکەیە»

لۆرینا لۆپێز دە لاکایێ، سیاسەتمەدارێکی باسکییە کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانی ئازادی ئەورووپا (EFA) دەکات. لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەم هاوپەیمانییەدا لە ئایاری ٢٠٢٥، بۆ ماوەیەکی نوێی سێ ساڵە دووبارە هەڵبژێردرایەوە.

لۆرینا کە ئەندامی پارتەی یەکگرتوویی باسک (Eusko Alkartasuna) ـە، جەختی لەوە کردەوە کە لەبیرکردن ئامرازی هەڵبژێردراوی تاوانبارانی فەرمانەکەیە و گوتی: «بۆ ئەوەی داوای دادگایی تاوانبارانی داعش بکەین، بەبێ هیچ جیاوازییەک، ئازادکردنی هەموو دیلەکان و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەلامەتیی هەموو ئەوانەی ڕزگاریان بووە، پێویستە بە هاوبەشی دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە و هەنگاو بنێین. بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو تاوانە دڕندانە، نابێت چاوپۆشییان لێ بکەین و نابێت لەبیرمان بچن».

جێبەجێکردنی تەواوی یاسای نێودەوڵەتی بۆ گەلی ئێزیدی

لۆرینا ئاماژەی بەوەش کرد کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەبێ سێ بنەمای سەرەکی واتە ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیان، مانایەکی تەواوی نییە و پەیامەکەی بەو وتانە کۆتایی پێهێنا:

«ئەمەیە ئەوەی داوای دەکەین؛ جێبەجێکردنی تەواوی یاسای نێودەوڵەتی بۆ گەلی ئێزیدی. ئێمە لە دامەزراوە ئەورووپاییەکان و وڵاتەکانماندا بەپێی ئەم داواکارییانە هەنگاو دەنێین. ئێمە لە تەنیشت ئێوە و لە تەنیشت ژن و منداڵەکانتانین و بۆ دادپەروەری و ئازادی وەستاوین».

«با تاوانباران دادگایی بکرێن»

لۆرا کاستێل، هاوسەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی چەپگەری یەکگرتووی ئەورووپا لە ئەنجومەنی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیا، لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا پەیامەکەی بڵاوکردەوە.

لۆرا کاستێل بەو وتانە دەستی بە پەیامەکەی کرد: «ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەمە، ڕۆژی نێودەوڵەتیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانە. ئەمە ڕۆژێکی گونجاوە بۆ یادی کوشتاری ژنانی ئێزیدی لە شەنگال لەلایەن داعشەوە. بۆیە بانگەواز دەکەم! چارەنووسی ژن و منداڵە ونبووەکان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێن. هەروەها داوای دادگایی و سزادانی تاوانباران دەکەم. داوای گەڕانەوەی سەلامەتیی ئەو خەڵکە دەکەم کە لە زێدی خۆیان ئاوارە کراون. هەروەها داوای دانی قەرەبوو بەو کەسانە دەکەم کە لە فەرمانەکە ڕزگاریان بووە. سوپاس هاوڕێیان».

«بەڵێن دەدەین خەباتیان لەبیر نەکرێت»

جۆرج لوکایدیس، هاوسەرۆکی گرووپی چەپگەری ئەورووپا لە ئەنجومەنی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ١٢ ساڵ لە فەرمانەکەی دژی گەلی ئێزیدی، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵان ونن و خێزانەکانیان چاوەڕوانی وەڵامن.

جۆرج جەختی لەوە کردەوە کە ناساندنی ئەم فەرمانە دەبێت بە هەنگاوی کردەیی بێت و گوتی: «پێویستە چارەنووسی ئەو کەسانەی هێشتا ونن ئاشکرا بکرێت، ئازادکردنیان مسۆگەر بکرێت، تاوانباران دادگایی بکرێن و پشتگیری لەو کەسانە بکرێت کە لە فەرمانەکە ڕزگاریان بووە».


هەروەها لە ڕۆژی نێودەوڵەتیی خەبات دژی توندوتیژی لەسەر ژنان، جارێکی تر پشتگیریی خۆمانی بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی دووپات دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری هەرگیز لەبیر نەکەین.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.