ناوەندی هەواڵ – شەڕە توندەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا (RSF) لە چەندین ناوچەدا بەردەوامن. هەزاران کەس کوژراون و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەرەو قەیرانێکی مرۆیی و برسێتییەکی نزیک دەڕوات، کە ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.
ژووری فریاکەوتنی دار حەمار لە سودان، ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دوا زانیارییەکانی ڕاگەیاند. ڕێکخراوەکە ئاشکرای کرد کە ٩ هاووڵاتی لە هێرشێکی درۆنی شەوی ڕابردوودا، کە لەلایەن هێزەکانی RSFەوە کراوەتە سەر گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری ئەلنوهوود لە ویلایەتی کۆردۆفانی ڕۆژئاوا، کوژراون.
داوای دادگاییکردن
چاودێری مافەکانی مرۆڤی سودان دوای زنجیرەیەک هێرشی هێزەکانی RSF بۆ سەر گوندەکانی ناوچەی یاسین لە ویلایەتی دارفوری ڕۆژهەڵات، ژمارەی سەرەتایی قوربانییەکانی بە ١٢ کەس ڕاگەیاند. چاودێرییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوون و ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا پێنج گوند بە تەواوی سووتێنران و وێران بوون، هەروەها زەوی و بەرهەمە خۆراکییەکانیش وێران کران. لە هێرشەکاندا ژمارەیەکی زۆر کەس بریندار بوون یان ون بوون. دانیشتووانی ناوچەکەش ناچار کران هەڵبێن.
ڕێکخراوەکە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم هێرشانە ئاگاداری دا و لە چوارچێوەی تۆمەتەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوکردنی ئەتنیکی، کە گرووپە ئەتنیکییە دیاریکراوەکانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، داوای کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان و دادگاییکردنی بەرپرسانی کرد.




