بەرچەم جودی
کۆبانێ ـ شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان هەتا ئێستا لە زۆر بواردا ڕەسەنایەتیی کوردەواریی خۆی دەپارێزێت، چ لە بواری زماندا و چ لە ڕووی کولتوور و نەریتە ڕەسەنەکانیەوە، لە بەرامبەر نوێگەریی سەرمایەداریدا بەرخۆدانێکی بێدەنگ بەڕێوە دەبات، ئەمەش زۆرتر لە گوندەکانی خۆی دەردەکەوێت.
لە گوندەکانی کۆبانێ ژیانی کۆمیناڵ، هاوبەش و کۆمەڵبوون هێشتا خۆی دەپارێزێت، کاتێک مرۆڤ ڕوو دەکاتە ئەم گوندانە، زۆر تایبەتمەندیی جوگرافی و کولتووری سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشن، لەم بوارەدا زۆرتر بوونی ماڵەکانی قوڕ و بەرد کە تەمەنیان نزیکەی سەد ساڵە، دەبنە جێگەی سەرنج، زۆر ماڵ تەنها وەک شوێنەوار بەجێ هێڵراون، زۆرێک لەوانیش هەتا ئێستا بەکاردەهێنرێن، مرۆڤ بە هەر گوندێکی کۆبانێدا تێپەڕێت، ماڵ و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و مریشک دەبینێت کە لە قوڕن.
گوندی تیلێجبێ لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ کە خاوەن دانیشتووانێکی زۆرە، یەکێکە لەو گوندانەی کە وەک تابلۆیەکی مێژوویی و ڕەسەنی کولتووری کۆبانێ دەناسرێت، ئاژانسەکەمان بەتایبەتی بۆ بابەتی کولتووری ماڵەکانی قوڕ، ڕووی کردە ئەم گوندە، ئێمە لەگەڵ ژنان، دەربارەی ئەم شێوازەی دروستکردنی ماڵانە، مێژوو و واتای لە ناوچەکەدا پرسیارمان کرد.
”ماڵەکانی قوڕ لە قۆناغەکان خۆشترن”
زەلەیخا نەسان تەمەن ٦٠ ساڵ خەڵکی گوندی کۆرتیکێیە و بووکی تیلێجبێیە، لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر شێوازی دروستکردنی ماڵە کۆنەکان و وتی: ئەم ماڵە قوڕانەی دەوروبەرم، ماڵی خەزوورم بوون کە هەتا ئێستا وەک شوێنەوار ماوە، ئەم شێوازەی دروستکردنی ماڵان زۆر جیاوازە و ئێمە زۆر بەلامانەوە خۆش بوو، زۆر بنەماڵە خۆیان دروستیان دەکرد و هەندێکیش وەستای بیناسازییان دەهێنا و پێیان دروست دەکرد، هەرچۆنێک بێت ئەم ماڵانە لە قوڕ و کا دروست دەکرێن، زەوییەکەی دیاری دەکرێت و بەپێی ئەوە دروستدەکرێن، ئەم خانووانە لە زستاندا گەرم و لە هاویندا ساردن، بۆیە لەگەڵ هەموو وەرزەکاندا دەگونجێن، بۆیە لە سەرەتادا ماڵەکان لە قوڕ بوون، دواتر لە بەردی ڕەش و دوایی ئەوانەی ئێستا واتە بلۆکن، بەلای منەوە ئەم ماڵە قوڕانە، لە قۆناغ و ماڵە سەردمیەکانی ئێستا خۆشتر و بەواتاترن.

”قوڕ یادەوەری و خۆشترین ساتەکانی ژیانم دەهێنێتەوە یادم”
زەلیخا لە درێژەی قسەکانیدا یادەوەرییەکانی خۆی بۆ گێڕاینەوە. زەلیخا کە دایکێکیشە، بەم شێوەیە وتی: ماڵی منیش لە قوڕ بوو کە دوو منداڵی خۆمم تێدا گەورە کرد، دواتر خانووەکەیان ڕووخاند و لە جێگەی ئەوان نوێیان دروست کرد، کاتێک بە دەوری ئەم خانووانەدا دەڕۆم، هەموو یادەوەری و ساتە خۆشەکانی ژیانم، دێنەوە یادم، بۆیە ماڵەکانی قوڕ، بەشێکی گەورە و هەستیار لە یادەوەریمدا دەگرن، ساڵی جارێک قوڕەکەیم نوێ دەکردەوە، ئێمە ژنان و پیاوان پێکەوە کاری نوێکردنەوەی ماڵەکانمان دەکرد، دواتر بۆنێکی خۆش کە لە قوڕ و ئاو پێکدەهات دەبووە یەک، ئەو کاتانەش ئێمە هێشتا گەنج بووین، حەز و خولیای ڕازاندنەوە، کۆکردنەوە و پاککردنەوەمان زۆر هەبوو، بۆیە وەک چاوی خۆمان دەمانپاراستن.
زەلیخا ناسان ڕەخنەکانی خۆی لە نەوەی نوێ گرت، وتی: ماڵەکانی قوڕ پارچەیەکن لە بوونی ئێمە، نەوەی ئێستاش نرخ و واتای ئەم ماڵانە نازانن، تەنانەت منداڵ و نەوەکانم دەڵێن ئێوە چۆن لەم ماڵانەدا دەژیان! بەڵام ئەم ماڵانە پارچەیەکن لە بوونی ئێمە، ئەم قوڕ و خانووانە چیرۆکی ماندووبوونێکی گەورە و پەیوەندییەکی بێکۆتایین.
”ماڵەکانی قوڕ ئەرشیڤی ناوچەکەمانە”

فاتمە خەلیل تەمەن ٥٠ ساڵیش لایەنێکی تری ئەم خانووانەی بۆ شیکردینەوە، دایە فاتمە ڕوونیکردەوە، کە خانووەکانی قوڕ، ئەرشیڤی ناوچەکە لەخۆدەگرن و وتی: ماڵەکانی قوڕ، کۆبوونەوەی خێزان، هەناسەی قوڕ و ئاوی لەخۆدەگرت، بۆیە لە یادەوەری و گیانی ئێمەدا واتایەکی گەورەی هەیە، دوای ئەوەی نموونەکانی دروستکردنی خانووی سەردەمی هاتنە ئاراوە، ئیتر ماڵەکانی قوڕ لە مێژوودا مانەوە، هەتا ئێستاش هەوڵەکانی ئەم نەوەیە بۆ لابردنی شوێنەوارە ماوەکان هەن، بەڵام ئێمە چۆن ماڵە قوڕەکانی خۆمان بڕووخێنین؟ ئەم خانووانە ئەرشیڤی ئێمەن، مێژوو و بوونی ئێمە نیشان دەدەن.
فاتمە جەختی لەوە کردەوە، کە هەتا ئێستا شوێنەوارە قوڕینەکانی کە بە دەستی خۆی دروستی کردوون، لای خۆی وەک یادەوەری هێشتوونیەتەوە و گرنگییان، وتی: لە ماڵی مندا هێشتا دیوارێکی قوڕ و هێلانەی مریشک ماون، کە بە دەستی خۆم دروستم کردووە، ئەمانە وەک یادەوەری و وەک نەریتەکانی ناوچەکەمان دەپارێزرێن.




