نورشان عربدی
کۆبانێ- لە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکدا کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چەندین دەستە و ڕێکخراوی ژنان چالاکی و کەمپەیبەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕادەگەیەنن کە لە کۆمەڵگەکاندا شێوازی جیاواز وەردەگرێت، بەتایبەتی لە سایەی جەنگ و ململانێکاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکەمان گفتوگۆیەکی لەگەڵ دکتۆر نەسرین دیب لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوا ئەنجام دا سەبارەت بە دۆخی ژنی سووریا لە سایەی ئەو توندوتیژییەی بەرامبەری دەکرێت، و ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەپاڵ ڕۆڵی کۆمەڵگە لە گەشەپێدانی ئەم ڕەفتارانە و میکانیزمەکانی بنبڕکردنیان.
بە بۆچوونی تۆ پێناسەی توندوتیژی دژی ژنان چییە، ئەو هۆکارانە چین کە دەبنە هۆی بەردەوامبوونی؟
پێم وایە توندوتیژی دژی ژنان مەترسیدارترین و خراپترین شتە کە کۆمەڵگە مرۆییەکان بەجێیان هێشتبێت، چونکە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژن لە مرۆڤایەتیی ئەو کەم دەکاتەوە، سەرەڕای بوونی بڕگەی ڕوون لە پەیماننامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤدا کە جەخت لە پاراستنی مافەکانی ژنان دەکەنەوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا هەندێک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان وەک ئامرازێکی پاشکۆی ئەو کۆمەڵگەیە سەیری ژن دەکەن کە عەقڵییەتی پیاوسالاری تێیدا زاڵە، ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی، ئەوەی ئەمڕۆ ژن پێویستی پێیەتی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خودیی خۆیەتی بۆ بنبڕکردنی ئەم عەقڵییەتە و توانینی کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
ئەو شێوازانەی توندوتیژی چین کە ژنان لە ماوەی جەنگی سووریادا ڕووبەڕوویان بوونەتەوە؟ ئایا توندوتیژی دژیان دوای کۆتاییهاتنی ململانێ سەربازییەکە وەستا؟
کاتێک باس لە دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان لە سووریا دەکەین، دەزانین کە کۆمەڵگەی سووری ڕۆژهەڵاتییە و ئەم دیاردەیە لە کۆنەوە تێیدا هەیە، بڵاوبوونەوەی توندوتیژیش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان ئەو سیاسەتەیە کە حکومەت لە کاتی جەنگدا پەیڕەوی کرد و ژنی لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لە کۆمەڵگە دوور خستەوە، خستییە ژێر بارودۆخی زۆرەملێوە لە ڕێگەی ئاوارەکردنی و ڕووكردنە ژیان لە کامپەکان و وڵاتانی دیکە، بەمەش زۆربەی ژنان ڕووبەڕووی هەژاری و خراپیی چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بوونەوە و لە خوێندن دوور کەوتنەوە، هەروەها ژنی سووریا ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بووەوە کە تێیدا دووچاری گێچەڵ بووەوە، ناچار بە هاوسەرگیریی پێشوەختە کرا و لە خوێندن دوور خرایەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕووبەڕووی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی بووەتەوە.
ئەمڕۆش، لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمدا، ژن خۆی لە بەردەم سیاسەتی پەراوێزخستندا دەبینێتەوە کە حکومەتێکی توندڕەو بە نوێنەرایەتیی هەتەشە پەیڕەوی دەکات، کە تەنها بە دوورخستنەوەی لە دیمەنی سیاسی ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ دابڕینی لە ژیانی کۆمەڵایەتیش، سەرەڕای بەردەوامبوونی کردەوەکانی ڕفاندن بەتایبەتی لە ناوچە کەناراوییەکان.
ئەم ڕاستیە وەک درێژکراوەی توندوتیژییەکی سیستماتیک دێت کە لە ساڵانی جەنگدا چەسپاند، ژنانی وەک کاڵا کورت کردەوە و ڕۆڵە زیندووەکانیانی پەراوێز خست، تا لە کۆی گشتیدا پرۆسەیەکی ئاڵۆز پێک بهێنێت کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی ژن و داگیرکردنی ڕۆڵی پێشەنگانەیەتی لە کۆمەڵگەدا.
سەبارەت بە نوێنەرایەتیی ژنان لە کۆمەڵگەدا، ئەوا نوێنەرایەتییەکی خەیاڵییە و ئەمەش بە توندوتیژیی سیاسی یان شاراوە دادەنرێت کە ئامانجی دوورخستنەوەی ژنانە لە ڕێگەی بوونی ڕێژەی ئامادەبوونێک کە کەمترە لە ١٪ و هەندێک جاریش لە زۆرێک لە کەرتەکاندا بوونی نییە، نۆ کۆتاییهێنان بەم توندوتیژییە پێویستمان بە یاسادانانێکی ڕوون هەیە کە ژن و ماف و ناسنامەکەی بپارێزێت، بۆیە بەبێ ئەمە ژن ناتوانێت ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی بگێڕێت و نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە بکات.
بۆ ئەوەی ژن بتوانێت نەخشەی داهاتووی وڵاتەکەی بکێشێت، پێویستە بە هێز و ئیرادە خۆی چەکدار بکات، ئێمەش وەک ژنانی سووریا، دەبێت ئەم ئیرادەیە لە ئەزموونی ئەو ژنانەوە وەربگرین کە چوونە ناو قووڵایی شۆڕشی ڕۆژئاواوە کە تێیدا ژن توانی پێگەی شایستەی خۆی بەدەست بهێنێت، توانای خۆی لە پاراستنی خود و کۆمەڵگە و ژینگەکەی سەلماند، سەرەڕای هەوڵەکانی پەراوێزخستن، شەڕڤانان و ڕاگەیاندنکاران و چالاکوانان بە بوێرییەوە درێژەیان بە تێکۆشانەکەیان دا بۆ بەرگریکردن لە دۆزەکەیان.
چۆن دەتوانرێت قەرەبووی ژنان بکرێتەوە لەوەی لە ئاستە دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا لەدەستیان داوە؟
ئەمە پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە، چونکە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ساڵانە بۆ ژن بکرێتەوە کە تێپەڕیون، پێویستە چەند پایەیەکی سەرەکی دابین بکرێن، یەکەم، دەبێت کەلێنی خوێندن پڕ بکرێتەوە و ژنان بگەڕێنرێنەوە سەر کورسییەکانی خوێندن تا بتوانن وەک کەمترین ئاست بگەنە خوێندنی زانکۆ.
دووەم، دەبێت چاودێریی تەندروستیی گشتگیر دابین بکرێت بەهۆی ئەو زیانە جەستەییە قورسانەی کە لە ئەنجامی ساڵانی جەنگەوە بەر ژنان کەوتوون، لەپاڵ ئەوەشدا، تەواوی کۆمەڵگە پێویستی بە پاڵپشتیی دەروونی هەیە، نەک تەنها ژن بەڵکو پیاویش، ئەوەش بۆ یارمەتیدانی تا لە بیری پیاوسالاری ڕزگاری بێت، هەروەها پێویستە پیاو بە تەواوی لەوە تێبگات کە پێشکەوتنی ژن لە پێگەی ئەو کەم ناکاتەوە، بەڵکو بنەمای تەواوکاری لە نێوانیاندا دەچەسپێنێت. لە کۆتاییشدا، پێویستە ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بکرێن بۆ مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی داراییان.
ئەو هەنگاوە کردەییانە چین کە لە ژنان داوا دەکرێن تا بتوانن پێگەی قوربانیبوون تێپەڕێنن و ببنە هاوبەشی کارا لە دووبارە بونیادنانەوەی کۆمەڵگە و بەدیهێنانی ئاشتیدا؟
ژن پێویستی بە ڕێکخستنی خودی خۆی هەیە لە چوارچێوەی کۆمەڵە و دامەزراوە تایبەتمەندەکان بەم بوارە، دەبێت متمانەی بە خۆی هەبێت و ڕازی نەبێت بەوەی لە ناو ئازار و تێکشکاندا بمێنێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت لە خۆڵەمێشەوە خۆی بونیاد بنێتەوە چونکە بەهێزە و توانای بەخشینی هەیە و ئەم شتەش پێویستی بە تێکۆشان و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی هەیە.
هەروەها دەبێت ژنان دەست لە ناو دەست بن، چونکە بینیمان بە یەکخستنی ڕیزەکانیان توانییان سەرەڕای جەنگ و لەدەستدان بەسەر ئازاردا زاڵ ببن، تێگەیشتنی ژن لە خودی خۆی بە گرنگترین هەنگاو دادەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لە کۆمەڵگەکەیدا؛ چونکە ئەم هۆشیارییە یارمەتیی دەدات تواناکانی بدۆزێتەوە، کە ئەمەش وای لێ دەکات بتوانێت ئازار تێپەڕێنێت و هەرموو ڕەفتارێک ڕەت بکاتەوە کە بەسەریدا دەسەپێنرێت.
بەم شێوەیە ژن هەموو ڕۆژەکانی دەکاتە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژیی، ئەم هەنگاوەش لە پەروەردەکردنی خێزان و منداڵەکانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە گۆڕینی چەمک و دابونەریتەکان، قبووڵنەکردنی توندوتیژیکردن بەرامبەری لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، جا چ ئایین بێت یان دابونەریت یان ترس.




