ئەلیف ئاکگول
ئیستەنبول- توندوتیژییەکانی دژی ژنان تەنها لە چوارچێوەی دیواری ماڵەکان یان شەقامەکانی شاردا قەتیس نامێنێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ شوێنەکانی کارکردنیش، کە تێیدا شێوازی جیاوازی هەراسانکردن، چەوساندنەوەی پیشەیی و جیاکاری لەخۆدەگرێت، لە سایەی نەبوونی پاراستنی پێویستدا.
لە کاتێکدا ئەم پێشێلکارییانە پێویستیی دابینکردنی مسۆگەری یاسایی کاریگەر دەسەپێنن، ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و لە پێش هەمووشیانەوە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ و ڕێککەوتننامەی ژمارە ١٩٠ـی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، وەک ئامرازی سەرەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و پاراستنی مافەکانی ژنان دەردەکەون.
لەم چوارچێوەیەدا، نەبیلە ئیرماک چەتین، سەرۆکی لقی پێنجەمی ئیستەنبوڵ سەندیکای کرێکارانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە تورکیا، ڕەخنەی لە کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ و پەسەندنەکردنی ڕێککەوتننامەی ژمارە ١٩٠ـی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی گرت، داوای پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیەی دوایی و دانانی میکانیزمی ڕاستەقینەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەراسانکردن لە ژینگەی کاردا.
نەبیلە ئیرماک چەتین جەختی لەوە کردەوە، کە توندوتیژی لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانەدا یاوەری ژنانە، هەر لە شەقام و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییەوە تا دەگاتە شوێنەکانی کارکردن، کە لەوێدا ڕەنگە لەلایەن سەرپەرشتیاران و خاوەنکارەکانەوە ڕووبەڕووی پێشێلکاری ببنەوە، وتی: بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە تەنها بە دەرکردنی یاسا بەدەست نایەت، بەڵکو پێویستی بە جێبەجێکردنی کردەیی هەیە، لە سایەی بوونی هەندێک ڕەفتاری دادوەری و کۆمەڵایەتیدا کە هێشتا لە هەندێک حاڵەتدا بەرپرسیارێتی ئەو توندوتیژییەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە دەخەنە ئەستۆی خودی ژنان خۆیان، لەبری ئەوەی مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.
"ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ لە یەک شەودا بە بڕیاری یەک کەس کشێنرایەوە"
تورکیا بەپێی بڕیارێکی سەرۆکایەتی کە لە ٢٠ـی ئاداری ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە لە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ کشایەوە، لە کاتێکدا تا ئێستا ڕێککەوتننامەی ژمارە ١٩٠ـی پەسەند نەکردووە کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەراسانکردن لە جیهانی کاردا پەسەند کراوە.
نەبیلە ئیرماک چەتین پێی وایە گرنگی ڕێککەوتننامەی ١٩٠ لە گشتگیرییەکەیدایە، چونکە تەنها لەو ژنە کرێکارانەدا قەتیس نابێت کە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمارکراون، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەو ژنە کرێکارانەی تۆمار نەکراون و ئەو ژنانەشی بەدوای کاردا دەگەڕێن، تەنانەت لە کاتی چاوپێکەوتنەکانی دامەزراندنیشدا، کاریگەرییەکانی توندوتیژی خێزانیش دەگرێتەوە کاتێک ڕەنگدانەوەیان لەسەر ژینگەی کار دەبێت و کار دەکەنە سەر ئاستی پیشەیی ژن.
وتیشی: هەموومان ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ دەناسین،ئەوان لە یەک شەودا لێی کشانەوە، بە بڕیارێک کە بە دەستی یەک کەس بوو ئێمە ناتوانین دەستبەرداری ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ ببین، ڕێککەوتننامەیەکی دیکەی زۆر گرنگ هەیە، ئەویش ڕێککەوتننامەی ژمارە ١٩٠ـی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتییە، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە پەسەندنەکردنی ڕێککەوتننامەکە ژنان لە چەترێکی فراوانی پاراستن بێبەش دەکات و بەبێ مسۆگەری پێویست لە بەرامبەر توندوتیژی و هەراسانکردندا بەجێیان دەهێڵێت.
"جیاکردنەوەی هەراسانکردن و چەوساندنەوەی پیشەیی کارێکی قورسە"
نەبیلە ئیرماک چەتین، کێشەکە تەنها لە نەبوونی پاراستنی یاساییدا ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ سەختیی ناسینەوەی شێوازەکانی توندوتیژی لەناو شوێنەکانی کاردا، بەتایبەتی ئەوانەی ئاسایی دەکرێنەوە یان بە کەم سەیر دەکرێن وتی: ناتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان هەراسانکردن، یان چەوساندنەوەی پیشەیی یان ئەو ڕەفتارانەی کە وەک تەنها گاڵتەکردنێک پیشان دەدرێن.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم گرفتە تەنها لە ژینگەی کاردا سنووردار نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی فراوانترە، کە بریتییە لە نەبوونی توانای ناولێنانی پێشێلکارییەکان و ناسینەوەی سروشتەکەیان و جیاکردنەوەی شێوازە جیاوازەکانیان.
جێگیرکردنی ڕێککەوتننامەی ١٩٠ لە ڕێککەوتننامە بەکۆمەڵەکانی کاردا
لە بەرامبەر ئەم ئاڵەنگارییانەدا، سەندیکا کرێکارییەکان، بەپێی قسەی نەبیلە ئیرماک چەتین، خەبات دەکەن لە پێناو بەدەستهێنانی مسۆگەری بەرجەستە بۆ پاراستنی ژنان، هاوتەریب لەگەڵ فشارخستنە سەر تورکیا بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ١٩٠.
ڕوونیکردەوە، کە لیژنەی ژنانی سەر بە کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی پێشکەوتنخواز لە تورکیا چەندین ساڵە سەرکردایەتی کەمپەینێک دەکات بۆ داواکردنی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە، لە کاتێکدا سەندیکاکە کار دەکات بۆ گۆڕینی بنەماکانی بۆ دەستکەوتی کردەیی لە ڕێگەی جێگیرکردنی بڕگەکانی، شانبەشانی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ، لە ڕێککەوتننامە بەکۆمەڵەکانی کاردا.
وتیشی: بەندی گرنگ جێگیر دەکەین کە پەیوەندییان بە یەکسانی ڕەگەزی، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە شوێنی کار، یەکسانی لە کرێدا بۆ کاری یەکسان لە بەهادا هەیە، ئەمانە دەستکەوتی گرنگن بۆ ئێمە، بەڵام بەس نین، پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی شوێنەکانی کارکردن بە تەواوی لە توندوتیژی پاک بکەینەوە.
ملیۆنان ژن لە دەرەوەی چەتری مافە سەندیکاییەکانن
نەبیلە ئیرماک چەتین، وتی: بەڵام ئەو دەستکەوتانەی ئەو ژنانە بەدەستی دەهێنن کە لە سەندیکاکاندا ڕێکخراون، هێشتا دوورن لە دەستی ملیۆنان ژنە کرێکار، بەتایبەتی ئەوانەی لە کەرتی نافەرمیدا کار دەکەن، کە تێیدا پاراستنی کۆمەڵایەتی، مسۆگەری پیشەیی و ڕێکخستنی سەندیکایی بوونی نییە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی خستییە ڕوو، ژمارەی ژنانی کارکەر نزیکەی ٦ ملیۆنە، لە کاتێکدا ژمارەی ژنە کرێکارەکان لە کەرتی نافەرمیدا ١٠ ملیۆن ژن تێدەپەڕێنێت، کە زۆربەیان بەبێ دەستەبەری کۆمەڵایەتی یان پاراستنی پیشەیی و بە کرێی کەمتر لە کەمترین ئاستی کرێ، لە کاری نیوەدەوامدا کار دەکەن، وتی: ئەگەر ملیۆنان ژن نەتوانن سوود لەو مافانە وەربگرن کە لە ڕێگەی سەندیکاکانمانەوە بەدەستیان دەهێنین، ئەوا سوودمەندبوونی ئێمە بە تەنها لەم مافانە وایایەکی ئەوتۆی نابێت، هەر وەک دەنکە لمێک لە ناو دەریادا دەمێنێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی ئەم کەلێنە پێویستی بە فراوانکردنی خەباتی سەندیکایی و کرێکاری هەیە بۆ ئەوەی هەموو ژنان بگرێتەوە، بە پێویستی زانی کە خەباتی ژنان لە ژیانی پیشەییدا بەشێکی دانەبڕاو بێت لە خەباتی چینی کرێکار لە پێناو ماف و دادپەروەریدا.
ڕێکخستنی سەندیکایی پێگەی ژنان بەهێز دەکات
لەم چوارچێوەیەدا، نەبیلە ئیرماک چەتین ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکیی ژنان کرد لە فراوانکردنی ڕێکخستنی سەندیکاییدا، ئەوەی خستەڕوو کە بوونی چڕوپڕیان لە هەندێک کەرتدا، بەتایبەتی خزمەتگوزارییەکانی پاککردنەوە لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکاندا، بەشدارە لە دابینکردنی زۆرینەی پێویست بۆ سەندیکاکان تا دەسەڵاتی دانوستان و ئەنجامدانی ڕێککەوتننامە بەکۆمەڵەکانی کار بەدەستبهێنن.
نەبیلە ئیرماک چەتین ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو ژنانەی لەم کەرتانەدا کار دەکەن هێزێکی سەرەکی پێکدەهێنن لە پرۆسەکانی ڕێکخستندا، وتی: بەشداریکردنیان لە سەندیکاکاندا تەنها کاریگەری لەسەر باشترکردنی مەرجەکانی کار نییە، بەڵکو هۆشیارییان بەرامبەر بە مافەکانیان بەهێز دەکات و ئامادەییەکی زیاتر و توانای دەربڕینی داواکارییەکانیان پێدەبەخشێت، هەروەها باشترکردنی دۆخی ئابوورییان.
"ژنان لە پێشەنگی جووڵە کرێکارییەکاندان"
نەبیلە ئیرماک چەتین جەختی لەوە کردەوە، کە ڕۆڵی ژنان تەنها بەشداریکردن لە ڕێکخستنی سەندیکایی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە سەرکردایەتیکردنی جووڵە ناڕەزایەتییەکان و بەدەستهێنانی مافەکان، هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی بەرچاویان کرد لەو خۆپیشاندانانەی کە لەم دواییانەدا لەو شوێنانەی کاردا بەڕێوەچوون کە ڕێکخستنی سەندیکاییان تێدا نییە.
نەبیلە ئیرماک چەتین ڕوونیکردەوە، کە پێشەوەبوونی ژنان لە خەباتی چینایەتیدا کارێکی زۆر گرنگە، ئەوان هەمیشە لە پێشەنگی جووڵە ناڕەزایەتییەکان و ئەو چالاکییانەدا بوون کە لە شوێنە بێ سەندیکاکانی کاردا بەڕێوەچوون.
هەروەها وتی: ئەو جووڵانەی ژنان سەرکردایەتی دەکەن تەنها لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر مەرجەکانی کاردا قەتیس نابن، بەڵکو ڕێڕەوێکی خەباتن لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوت و سەندنی مافەکاندا.




