ژنانی سووریا لە پێکهاتەی جیاوازەوە: مافەکانمان نابێت لە سنووری ناسنامەدا بوەستن

دوای ساڵانێک لە جەنگ و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە لە سووریا ڕوویاندا، پرسیارەکانی ژنانی سووریا تەنها لە تێپەڕاندنی گەڕاندنەوەی ژیانی ڕۆژانەدا قەتیس نامێنن، درێژ دەبنەوە بۆ پێگەی ژن لەو دەوڵەت و کۆمەڵگەیەی کە بونیاد دەنرێن.

ژنانی سووریا لە پێکهاتەی جیاوازەوە: مافەکانمان نابێت لە سنووری ناسنامەدا بوەستن

لین تەقی

دیمەشق ـ لە نێوان ئەو ژنانەی کە سەر بە پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جیاوازن، ئەو پرسیارانەی پەیوەستن بە ئاسایش، ئازادیی هەڵبژاردن، سەربەخۆیی ئابووری، هاوڵاتیبوون و مافی پاراستنی ناسنامەی کولتووری فرەچەشن دەبن، سەرەڕای جیاوازیی ئەم پرسانە، لەسەر پرسیارێکی سەرەکی یەکدەگرنەوە: ئایا ژنی سووریا دەتوانێت بە تەواوی بە مافەکانی ئاشنا بێت، بەبێ ئەوەی ناسنامە یان بیروباوەڕ یان بژاردە کەسییەکانی ببنە هۆکارێک بۆ جیاکاری یان پەراوێزخستن؟

ئەزموونی پێنج ژنی سووریا لە پێکهاتەکانی عەلەوی، سوننە، درووز، کریستیان و کورد، نیگەرانیی جیاواز بەرامبەر قۆناغە نوێیەکە ئاشکرا دەکەن، ئەم شایەتییانە ژنان وەک نوێنەری کۆمەڵەکانیان ناخەنە ڕوو، بەڵکو ئەزموونی تاکەکەسی دەگوازنەوە کە لە پرسەکانی ئاسایش، ئازادی، هاوڵاتیبوون و بەشداریکردندا یەکتر دەبڕن.

لەبەر هەستیاریی قۆناغی ئێستا و بۆ پاراستنی تایبەتمەندی و پارێزراوی کەسییان، قسەکەرەکان پێیان باش بوو ناسنامە ڕاستەقینەکانیان ئاشکرا نەکەن و بە ناوی خوازراو جێگەیان بگرنەوە کە بوارێکیان پێدەدات بۆ دەربڕینی بۆچوون و ترسەکانیان بەبێ هیچ پاشەکەوتێک.

کاتێک بوون دەبێتە پرسیارێک بۆ ئاسایش

لە لای لەیلا. ع، تەمەن ٣٤ ساڵ کە لە کەرتی تایبەت کار دەکات، ئاسایش لە توانای پیادەکردنی ژیانی ڕۆژانەوە دەستپێدەکات بەبێ ترس لە ناسنامە یان ناچاربوون بە پاساوهێنانەوە بۆی.

 

لەیلا سەر بە پێکهاتەی عەلەوییە، ڕوونیکردەوە، ئەوەی دەیەوێت ئەوەیە کە بتوانێت بچێتە سەر کارەکەی و بگەڕێتەوە ماڵەوە بەبێ ئەوەی هەست بکات کە بوونەکەی دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ گومانلێکردن یان بڕیاردان لەسەری.

وتیشی: دەمەوێت ژیانم بە شێوەیەکی ئاسایی بژیم، بچمە سەر کارەکەم و بگەڕێمەوە ماڵەکەم بەبێ ئەوەی هەست بکەم کە دەبێت پاساو بۆ ناسنامە یان هەڵوێستەکانم بهێنمەوە، ڕەوا نییە مرۆڤ لەسەر بوونی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، ئێمە ئاسایشمان دەوێت و وەک هاوڵاتی مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت کە هەمان مافیان هەیە.

ئەم ترسانە لە چوارچێوەیەکدا، دێن کە تێیدا ئەو توندوتیژییەی ناوچەکانی کەناراوەکانی سووریا لە ئاداری ٢٠٢٥ بەخۆیانەوە بینی، لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەگەڵیدا بوو، پرسی پاراستن لە بەئامانجگرتن لەسەر بنەمای ناسنامەی هێنایەوە پێشەوەی گفتوگۆکان دەربارەی داهاتووی وڵات.

بەلای ژنانیشەوە، ئاسایش تەنها لە پاراستن لە توندوتیژیی ڕاستەوخۆدا قەتیس نابێت، بەڵکو توانای کارکردن و هاتوچۆ و ڕادەربڕینیش دەگرێتەوە بەبێ ترس لە هەڕەشە یان پەراوێزخستن یان هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی بوونیان بەکۆمەڵەکان.

ئەزموونی لەیلا پرسیارێک دەخاتە بەردەم دامەزراوەکانی قۆناغی ڕاگوزەر کە پەیوەستە بە چۆنیەتیی مسۆگەرکردنی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی، ڕێگریکردن لە گۆڕینی سەربە  خێڵەکی یان سیاسی بۆ بنەمایەک بۆ جیاکاری یان سزادان.

ئازادیی هەڵبژاردن لە دەرەوەی سەرپەرشتی

ڕیم. خ، ڕۆژنامەنووسی تەمەن ٢٩ ساڵ کە لە پێکهاتەی سوننەیە، پرسیارەکانی قۆناغە نوێیەکە هەروەها پەیوەستن بە توانای ژن بۆ بڕیاردان لەسەر بژاردە کەسییەکانی دوور لە بڕیاری پێشوەختە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە جیاوازیی ژنان لە جلوبەرگ و بیروباوەڕ و شێوازی ژیاندا نابێت بگۆڕێت بۆ پێوەرێک بۆ بڕیاردان لەسەر ڕەوشت یان لێهاتووییان بۆ کارکردن و بەشداریکردنی گشتی، وتی: پێم وانییە هەموو ژنان دەبێت بە هەمان شێوە بژین، هەیە حیجاب هەڵدەبژێرێت، هەشە نایپۆشێت، و جیاوازی هەیە لە بیروباوەڕ و شێوازی ژیاندا، ئەوەی من دەمەوێت ئەوەیە کە ئەم جیاوازییانە نەگۆڕێن بۆ بڕیاردان لەسەر ڕەوشتی ژن یان توانای بۆ کارکردن و سەرکەوتن.

پرسەکە لە ئەزموونی ئەودا، پەیوەست نییە بە حیجاب یان جلوبەرگەوە بە تەنها، بەڵکو پەیوەستە بەو سنوورانەی کە خێزان یان ژینگەی کۆمەڵایەتی یان دامەزراوەکان دەتوانن بەسەر بژاردەکانی ژندا بیسەپێنن، چونکە ئازادیی هەڵبژاردن بەلای ڕیمەوە، بە واتای سەپاندنی یەک شێوازی ژیان نایەت، بەڵکو بە واتای پاراستنی توانای ژن دێت بۆ بڕیاردان لەسەر بژاردە کەسییەکانی بەبێ زۆرەملێ یان جیاکاری.

ئەم گفتوگۆیە ڕەهەندێکی فراوانتر وەردەگرێت لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پرسیارانەی پەیوەستن بە ناسنامەی دەوڵەت و سەرچاوە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان، ڕادەی ڕەنگدانەوەیان لەسەر ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان.

سەربەخۆیی ئابووری دەروازەیەکە بەرەو بەشداریکردن

لە سوەیدا، نوور. م، تەمەن ٤١ ساڵ کە پڕۆژەیەکی بچووک بەڕێوەدەبات، پەیوەندی دروست دەکات لە نێوان سەربەخۆیی ئابووری و توانای ژن بۆ بڕیاردان و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا، وتی: ئامادەبوونی ژنان نابێت تەنها لە بەشداریکردنی ڕووکەش لە چالاکی و کۆبوونەوەکاندا قەتیس بێت، بەڵکو دەبێت درێژ ببێتەوە بۆ پێگەکانی بڕیاردان.

ئەزموونەکەی ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەربەخۆیی ئابووری تەنها پەیوەست نییە بە داهاتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای هەبوونی پەراوێزێک لە بڕیار و پشتبەستن بە خود، بەڵام گەیشتن بەم سەربەخۆییە بەستراوەتەوە بە دەرفەتەکانی دەستگەیشتن بە دارایی، ڕاهێنان، کار و بازاڕەکان، کە ئەمانە هۆکارگەلێکن کاریگەرییان هەیە لەسەر توانای ژنان بۆ گواستنەوە لە بەشداریکردنی تاکەکەسییەوە بۆ ئامادەبوون لە بواری گشتیدا.

لە وڵاتێکدا، کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەورە دەبێتەوە، ئەمە بەهێزکردنی ئابووریی ژنان دەخاتە ناو ئەو پرسیارانەی پەیوەستن بە بووژانەوە و دووبارە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەوە.

هاوڵاتیبوون لە پاراستندا کورت ناکرێتەوە

مریەم. ع، تەمەن ٣٧ ساڵ، کە مامۆستایە لە پێکهاتەی کریستیان، یەکسانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژنەوە دەستپێدەکات وەک هاوڵاتییەکی خاوەن مافی تەواو، نەک وەک ئەندامێک لە کەمینەیەک کە پێویستی بە پاراستنی تایبەت هەبێت.

وتیشی:نامەوێت تەنها وەک ژنێکی مەسیحی سەیر بکرێم کە پێویستی بە پاراستنە، من هاوڵاتییەکم کار دەکەم و فێر دەبم و لە کۆمەڵگەدا بەشدار دەبم، دەمەوێت مافەکانم مسۆگەر بن وەک مافی هەر ژنێکی تری سووریا، جیاوازیی ئایینی نابێت دەرفەتەکانی مرۆڤ یان پێگەکەی دیاری بکات.

ئەم شایەتییە پرسیارێک دەخاتە ڕوو کە پاراستنی فرەچەشنی تێدەپەڕێنێت بەرەو مسۆگەرکردنی یەکسانی لە ماف و دەرفەتەکاندا، بە شێوەیەک کە پەیڕەوکردنی ئایینی نەبێتە هۆکارێک پێگەی ژن لە خوێندن یان کارکردن یان بەشداریکردنی گشتیدا دیاری بکات، چونکە پاراستن لە جیاکاری و توندوتیژی وەک بەرپرسیارێتییەکی سەرەکی دەمێنێتەوە، بەڵام هاوڵاتیبوونی یەکسان وا دەخوازێت کە ژنان بە پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە، توانای گەیشتنیان بە دەرفەت و دامەزراوەکان و بواری گشتی هەبێت بە شێوەیەکی یەکسان.

بەم واتایە داننان بە فرەچەشنیدا تەنها بە پاراستنی پێکهاتەکانی تەواو نابێت، بەڵکو بە توانای تاکەکانی بۆ پیادەکردنی مافەکانیان وەک هاوڵاتیانی یەکسان.

زمان و کولتوور... و ماف

بەڵام دیلان. س، تەمەن ٣٢ ساڵ کە لە بواری کولتووریدا کار دەکات، مافی پاراستنی زمان و کولتوور دەخاتە چەقی دیدگاکەیەوە بۆ داهاتووی ژنی کورد لە سووریا، وتی: شانازیکردن بە ناسنامەی کولتووری، بە بۆچوونی ئەو، دژ نییە لەگەڵ بهەستەکان بۆ دەوڵەتی سووریا.

وتی: دەمەوێت زمان و کولتووری خۆم بپارێزم، و لە هەمان کاتدا بەشێکی تەواو بم لە کۆمەڵگەی سووریا، هەروەها ئەزموونەکەی پرسیارێکی فراوانتر دەکاتەوە دەربارەی شێوەی هاوڵاتیبوون لە سووریا، ڕادەی توانای بۆ لەخۆگرتنی فرەچەشنیی کولتووری و زمانی بەبێ ئەوەی تایبەتمەندی بگۆڕێت، بۆ هۆکارێک پەراوێزخستن یان هەستی نیشتمانی ببێتە مەرجێک بۆ دەستبەرداربوون لە ناسنامەی کولتووری.

پێنج ئەزموون... و پرسیارگەلێک کە یەکتر دەبڕن

پێنج شایەتییەکە لەپێشینەی جیاواز ئاشکرا دەکەن، چونکە بەلای لەیلاوە، داهاتوو پەیوەستە بە ئاسایش و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی بوون لەلایەن تاکەوە، لە کاتێکدا ڕیم دەست بە ئازادیی هەڵبژاردنەوە دەگرێت، نوور سەربەخۆیی ئابووری بە توانای بەشداریکردنەوە دەبەستێتەوە.

بەڵام مریەم جەخت لە گرنگی هاوڵاتیبوونی یەکسان دەکاتەوە، لە کاتێکدا دیلان مافی زمان و کولتوور دەخاتە پاڵ نیشتمانپەروەری

ئەم ئەزموونانە وێنەیەکی یەکگرتوو دەربارەی ژنان لە سووریا نیشان نادەن، چونکە پەیڕەوکردنی ئایینی یان نەتەوەیی بە تەنها سروشتی ئەو ئاستەنگانە دیاری ناکات کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بەڵکو پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ژن کاریگەریی چەندین هۆکاری تریشی لەسەرە، لە ئاستی داهات و خوێندن و کار و شوێنی نیشتەجێبوونەوە، تا دەگاتە ئاوارەبوون و کەمئەندامی و ڕادەی گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان.

 

ئاستەنگەکە تەنها لە چەسپاندنی مافەکان لە دەقەکاندا قەتیس نابێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ مسۆگەرکردنی پیادەکردنیان بە شێوەیەکی کردەیی، ئەمەش پرسیارێک دەورووژێنێت دەربارەی توانای "دەوڵەتی نوێ" بۆ گۆڕینی بنەما دەستوورییەکان بۆ ڕاستیەکی بەرجەستە لە ژیانی ژناندا.