خوێندکارانی زانکۆی حەلەب بەرامبەر بە بڕیاری جیاکاری ڕەگەزیی ناڕەزایەتیان دەربڕی

بڕیاری فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی حەلەب بۆ جیاکردنەوەی خوێندکاری ژن و پیاو لە پۆلە پراکتیکییەکان بۆ دەرچووانی خولی ٥٩، مشتومڕێکی بەرفراوانی لەناو زانکۆ و بازنەی خوێندکاران بەدوای خۆیدا هێنا.

خوێندکارانی زانکۆی حەلەب بەرامبەر بە بڕیاری جیاکاری ڕەگەزیی ناڕەزایەتیان دەربڕی

ناوەندی هەواڵ

لە کاتێکدا نیگەرانییەکان سەبارەت بە سنووردارکردنی ئازادییەکان لە کایەی گشتی و قووڵبوونەوەی گۆشەگیری لە سووریا بەردەوامە، هەنگاوی جیاکردنەوەی خوێندکارانی ژن و پیاو لە زانکۆی حەلەب نیگەرانییەکان دەربارەی جیاکاری ڕەگەزیی زیاد دەکات.

فاکەڵتی پزیشکی لە زانکۆی حەلەب بووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی بەرفراوانی خوێندکاران دوای بڕیاری جیاکردنەوەی خوێندکاری ژن و پیاو لە پۆلە کردارییەکاندا بۆ دەرچووانی خولی ٥٩، ئەم ڕەخنانە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە کە ئەم پراکتیکە دەتوانێت هەنگاوێکی ئامادەکاری بێت بۆ فراوانکردنی پۆلە تیۆریەکان و بوارەکانی دیکەی کامپەکە لە داهاتوودا.

سیستەمی نوێی دابەشکردن و کاردانەوەی خوێندکاران

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە میکانیزمی نوێی دابەشکردن هاوبەشکراون، خوێندکاران بەسەر ١٠ گروپی خوێندندا دابەشکراون. لەو گروپانە چوار گروپ کە لە زیاتر لە ٥٠٠ خوێندکاری پیاو پێکهاتبوون تەنها بۆ کوڕان تەرخانکرابوون، سێ گروپ کە پێکهاتبوون لە نزیکەی ٤٠٠ خوێندکاری ژن تەنها بۆ ژنان تەرخانکرابوون، لەکاتێکدا خوێندنی هاوبەشی پەروەردەیی تەنها لە سێ گروپدا بەردەوام بوو.

هەرچەندە ئەنجومەنی خوێندکارانی فاکەڵتی پزیشکی بانگەشەی کرد کە ڕێساکە بەپێی داواکاری بەشێک لە خوێندکاران جێبەجێ کراوە، بەڵام ئەم بیانووە کاردانەوەی کەم نەکردەوە، ئەو خوێندکارانەی دژایەتی ئەو بڕیارەیان کرد، داوایان کرد دەستبەجێ بەڕیوەبەریی بە بڕیارەکەدا بچێتەوەو ڕاپرسییەکی فەرمی نوێ و ڕوون ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هەموو خوێندکاران بە ئازادی ڕای خۆیان دەرببڕن و ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان بدەن.

نیگەرانی ئەوە هەیە کە جیابوونەوەی خوێندکاران لە کاتی پرۆسەی خوێندندا کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالیتی خوێندنی پزیشکی و پراکتیکی کلینیکی هەبێت، ئەمەش پێویستی بە کارلێک و هاوکاری نێوان خوێندکارانی ژن و پیاو هەیە