نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە مەترسیی برسێتی لە پێنج وڵاتدا دەدات

ڕێکخراوەکانی FAO و WFP هۆشدارییان داوە کە لە شەش مانگی داهاتوودا قەیرانی برسێتی لە ١٦ ناوچەی مەترسیداری جیهاندا خراپتر دەبێت، لە کاتێکدا پێنج وڵات بەهۆی شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی برسێتی دەبنەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە مەترسیی برسێتی لە پێنج وڵاتدا دەدات

ناوەندی هەواڵ – شەڕە چەکدارییەکان هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانی خۆراک لە جیهاندان. شەڕەکان زەوییە کشتوکاڵییەکان وێران دەکەن، زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراک تێک دەدەن و ملیۆنان کەس ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان دەکەن، ئەمەش کۆمەڵگەکان دەخاتە بەردەم مەترسیی برسێتی.

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) و بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP)، لە ڕاگەیەندراوێکی ٢٧ی تشرینی دووەمدا، هۆشدارییان دا کە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا برسێتی لە ١٦ ناوچەی مەترسیداری جیهاندا بە ئاستێکی مەترسیدار زیاد دەکات و هەندێک ناوچەی ئەفریقا ڕووبەڕووی مەترسیی برسێتی دەبنەوە.
 

هەردوو ڕێکخراوەکە ئاماژەیان بە سودان، سودانی باشوور، سۆمالیا، باکووری نایجیریا و یەمەن کردووە، کە بەهۆی شەڕ، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، قەیرانی ئابووری و بارودۆخی سەختی کەشوهەواوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی جدی بوونەتەوە.

پێنج وڵات ڕووبەڕووی مەترسیی برسێتی دەبنەوە

بەرپرسێک لە ئۆفیسی بارودۆخە فریاکەوتن و بەرخۆدانەکانی FAO، ئاشکرای کرد کە هاوکارییەکان بۆ ئەو پێنج وڵاتەی ڕووبەڕووی قەیرانی زۆر مەترسیداری برسێتی بوونەتەوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٥ بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ کەمیکردووە.

بەرپرسەکە هۆشداری دا کە کەمبوونەوەی دارایی هاوکارییەکان، لە هەمان کاتدا کۆکردنەوەی زانیارییە پێویستەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی قەیرانەکەش قورس دەکات.

لە ڕاپۆرتی پێشوودا کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بڵاوکرابووەوە، بە زیادکردنی چاد، ئۆگەندا، هەندێک ناوچەی باشووری ئەفریقا و ئەمریکای ناوەڕاست و لابردنی لوبنان لە لیستەکە، ژمارەی ناوچە مەترسیدارەکان لە ١٣ەوە گەیشتە ١٦ ناوچە.

پێداویستییەکانی خۆراک زیاتر سنووردار دەبن

لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکەدا، کە ماوەی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ تا ئایاری ٢٠٢٧ دەگرێتەوە، هەردوو ڕێکخراوەکە هۆشدارییان دا کە کەمبوونەوەی بودجەی هاوکارییە مرۆییەکان، هەوڵەکانی پێشگرتن بە قەیرانەکان لاواز دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ١٢ لە ١٦ ناوچە مەترسیدارەکە لە ژێر کاریگەریی شەڕی چەکداری دان و توندوتیژی و برسێتی لەو ناوچانەدا زیاد دەکەن.

هەروەها بەرزبوونەوەی تێچووی خۆراک، وزە و گواستنەوە، توانای خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆراکیان زیاتر سنووردار دەکات.

گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکان خراپتر دەکات

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە دیاردەی کەشوهەوایی «ئێل نینۆ» دەتوانێت قەیرانەکە خراپتر بکات؛ بە جۆرێک لە هەندێک ناوچەی باشووری ئەفریقا و ئەمریکای ناوەڕاست وشکەساڵی و گەرمایی زۆر دروست دەکات، لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاش ڕێگا بۆ ڕوودانی لافاو و بۆچوونەوەی وێرانکەر خۆش دەکات.