لە کەمپەینی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان فیلمەکان ئازاری ژنانی غەززە ئاشکرا دەکەن

لەگەڵ زیاتربوونی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز لە کەرتی غەززە بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگەوە، چەندین ڕووی جیاوازی ئازاری ژنان دەردەکەون، لە توندوتیژیی خێزانی و هاوسەرگیریی منداڵ تا دەگاتە چەوساندنەوەی ئابووری.

لە کەمپەینی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان فیلمەکان ئازاری ژنانی غەززە ئاشکرا دەکەن

نەغەم کەراجە

فەڵەستین - لە سایەی هەڵکشانی شێوازەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز لە فەڵەستین، ناوەندی ڕاگەیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی چالاکییەکی بۆ بینین و گفتوگۆکردنی ئەو فیلمانە ڕێکخست کە باسیان لە پرسەکانی توندوتیژی دژی ژنان کردووە، لە چوارچێوەی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، تیشکی خستە سەر هاوسەرگیریی پێشوەختە، توندوتیژیی خێزانی، چەوساندنەوەی دارایی و ئابووری، ئەو دۆخەی جەنگ بەجێی هێشتووە کە لاوازیی ژنانی زیاد کردووە و توانایانی بۆ پاراستنی خۆیان کەم کردووەتەوە.

چالاکییەکە گفتوگۆی لەسەر ڕاستی ژنان لە کەرتی غەززە و ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە بەشدارن لە بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەریان لەخۆگرت، هاوشان لەگەڵ خستنەڕووی پرسیارەکان سەبارەت بە سوودی کەمپینەکانی هۆشیارکردنەوە، ڕادەی توانایان بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەهێزکردنی بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکان و تاکەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا.

هاوسەرگیریی پێشوەختە و چەوساندنەوەی ئابووری

نورهان تباتیبی، ڕێکخەری چالاکیی بینین و گفتوگۆکردنی فیلمەکان، ڕوونیکردەوە، کە چالاکییەکە لە چوارچێوەی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەدا دێت بە ئامانجی فراوانکردنی گفتوگۆ و تیشک خستنە سەر پرسەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز، کە لە کەرتی غەززە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا دوو هێندە زیادی کردووە، بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ و ئەو خراپبوونەی لە هەلومەرجی بژێوی و کۆمەڵایەتیدا لەگەڵیدا بووە.

ئاماژەیکردەوە، کە چالاکییەکە تەنها لە نمایشکردنی فیلمەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو هەوڵی داوە گفتوگۆیەکی فراوانتر سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی بکاتەوە، وتی: فیلمەکە باسی لە دوو پرسی گرنگ کردووە، ئەوانیش هاوسەرگیریی پێشوەختە و چەوساندنەوەی ئابووریی ژنانن، ئەم پرسانە ئەمڕۆش وەک چۆن لە ڕابردوودا دووبارە دەبوونەوە دووبارە دەبنەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەوە دەتوانین بەرەو کوێ بچین بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردانە؟

لە میانەی چالاکییەکەدا پرسیار سەبارەت بە پێکهاتەی دەستپێکردنی کەمپەینی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ڕەنگی پرتەقاڵی وەک دروشمێک بۆی خرانەڕوو، لە هەوڵێکدا بۆ بەستنەوەی چالاکییە ناوخۆییەکە بە چوارچێوە جیهانییەکەی کەمپەینەکەوە و ناساندنی پەیام و ئامانجەکانی.

ڕوونیکردەوە، کە نمایشکردنی فیلمەکان ڕەهەندێکی جیاواز دەبەخشێتە پرسە مرۆییەکان بە بەراورد بە باسکردنیان تەنها بە وشە، چونکە ڕێگە بە بینەران دەدات کاریگەرییەکانی توندوتیژی ببینن و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کارلێکی لەگەڵدا بکەن، وتیڥ هەندێک جار دەربارەی ئەم پرسانە دەبیستین بەڵام کاتێک دەیانبینین هەست بە شتێکی جیاواز دەکەین لە تەنها بیستنیان، کاتێک دەبیستین و دەبینین، تێکەڵ بەم پرسانە دەبین و بەم شێوەیە خستنەڕووەکە جیاواز دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، کە وێنە دەتوانێت هانی ئەو کەسانە بدات کە لە هەلومەرجی توندوتیژیدا نەژیاون بۆ تێگەیشتن لە ئازاری ژنان، بەشداریکردن لە گەڕان بەدوای چارەسەر و دەستپێشخەریی کردەییدا، وتی: هەندێک لە بینەران ڕەنگە دوای بینینی فیلمەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بۆ گرتنەبەری هەنگاوی مەیدانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕەفتارانە، دەنگ هەمیشە جیاوازی دروست دەکات، هەروەها دەنگێک لەگەڵ دەنگێکی تر کاریگەری دروست دەکات.

دیمەنی وەرگیراو لە ڕاستی

هیبە ئەبو عەقلەین، یەکێک لە ڕاگەیاندنکارە بەشداربووەکانی چالاکییەکە، وتی: ئەو فیلمانەی نمایش کران دیمەنی نواندنی دوور لە ڕاستیان پێشکەش نەکردووە، بەڵکو شێوازەکانی ئەو توندوتیژییەیان بەڵگەدار کردووە کە ژنان لە کەرتی غەززە تێیدا دەژین، پێی وابوو جەنگ توندوتیژیی لە سفرەوە دروست نەکردووە، بەڵکو ڕەفتارەکانی قووڵتر کردووەتەوە و بازنەکەی فراوانتر کردووە.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە توندوتیژیی خێزانی تەنها پەیوەست نییە بە ڕەفتاری هاوژینەکانەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ نەبوونی پاراستن و پشتگیری لە ناو خێزاندا، وتی: هەندێک لە ژنان ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە لە لایەن نزیکترین کەسەکانیانەوە، لە کاتێکدا وا پێویستە خێزان سەرچاوەی ئارامی و پشتیوانی بێت.

وتیشی: نەبوونی هۆشیاریی دایک و باوکان بە مافەکانی ژنان و منداڵانی کچ، پشتگیری نەکردنیان و شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژی پێکدەهێنن، بەتایبەتی کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری منداڵانی کچ هەبێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیان یان مافیان لە خوێندن و هەڵبژاردنی داهاتوویاندا.

جەختی لەوە کردەوە، کە ڕاگەیاندنکارانی ژن بەرپرسیارێتیی تیشک خستنە سەر ئەم ڕەفتارانە و بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خێزانەکان سەبارەت بە مەترسییەکانی توندوتیژی و هاوسەرگیریی پێشوەختەیان لە ئەستۆدایە.

هەروەها گفتوگۆکە باسی لە کاریگەریی هەلومەرجی ئاوارەبوون و لەدەستدانی تایبەتمەندێتی لەسەر ژیانی ژنان کرد، لە سایەی ناچاربوونی زۆرێکیان بۆ ژیان لە شوێنی قەرەباڵغ و خزمەتگوزاریی هاوبەشدا، ئەوەی لەگەڵیدا دێت لە پێشێلکردنی تایبەتمەندێتییان و پاشەکشەی هەستکردنیان بە ئارامی و کەرامەت، وتی: نەبوونی تایبەتمەندێتی لە ماوەی جەنگ و دوای جەنگیش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژنان بەجێهێشتووە، بەشدار بووە لە زیادبوونی بەرکەوتنیان بە شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژی.

لە کۆتایی قسەکانیدا، هیبە ئەبو عەقلەین پەیامێکی ئاراستە کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی مافەکانی ژن تەنها بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانی ژنان نییە، بەڵکو ئەرکێکی بەکۆمەڵە کە تاکەکان و خێزانەکان و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، وتی: ڕێزگرتن لە ژن و مافەکانی ئەرکە لەسەر هەموو مرۆڤێک کە لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە، جا چ لە دامەزراوەکاندا بێت یان لە خەڵکی گشتی یان لە دایک و باوکان بێت، چونکە ژن بەشێکە لە کۆمەڵگە، ئێمە و پیاوان ئەم کۆمەڵگەیە پێکدەهێنین، بۆیە دەبێت یەک دەست بین.

چالاکییەکە جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی ڕاگەیاندن و هونەر لە گفتوگۆکردنی پرسەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز، تەنها نەوەستان لەسەر خستنەڕووی ئازاری ژنان، بەڵکو گواستنەوە بۆ لێپرسینەوە لەو ڕەفتارانەی ڕێگە بە بەردەوامبوونیان دەدەن، بەهێزکردنی ڕۆڵی خێزان و کۆمەڵگە و دامەزراوەکان لە دابینکردنی پاراستن و پشتیوانیدا، چونکە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها بە تەرخانکردنی چەند ڕۆژێک بۆ هۆشیارکردنەوە بەدەست نایەت، بەڵکو پێویستی بە ڕێوشوێنی بەردەوام هەیە کە ژیانێکی ئارام بۆ ژنان و منداڵانی کچ مسۆگەر بکات و ماف و کەرامەتیان بپارێزێت.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.