ناوەندی هەواڵ ـ ژنانی دووگیان لە یەمەن ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە تەندروستی و مرۆییە ئاڵۆزەکان دەبنەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکان؛ بە شێوەیەک کە دابەزینی ئاستی سیستەمی تەندروستی و کەمیی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستیی زاوزێ، ژیانی ئەوان و کۆرپەکانیان دەخاتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا موجەکانی ئاوارەبوون زیاد دەبن و گەیشتن بە ناوەندە تەندروستییەکانیش دژوارتر دەبێت.
نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە یەمەن، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی، ئاشکرای کرد کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە لە کۆتایی مانگی ئابی ڕابردووەوە ئاوارە بوون، نزیک دەبێتەوە لە ٣٨٠ هەزار کەس، کە نزیکەی ٨ هەزاریان ژنی دووگیانن، لە کاتێکدا هەفتانە نزیکەی ٣ هەزار خێزان ناچار دەبن شوێنی نیشتەجێبوونیان جێبهێڵن.
بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە نزیکەی ٣٥٪ی خێزانە ئاوارەکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن، هەندێکیان هاوسەرەکانیان لەدەست داوە، لە کاتێکدا هاوسەری هەندێکی دیکەیان لە ناوچەکانی خۆیان ماونەتەوە بۆ بەشداری لە شەڕ یان پاراستنی موڵک و ماڵیان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک خێزان بۆ جاری چوارەم و پێنجەم و تەنانەت شەشەم جار ئاوارە بوونەتەوە، دوای ئەوەی سەرچاوە داراییەکانیان تەواو بووە.
پێشبینی دەکرێت هەفتانە نزیکەی ٦٠٠ منداڵ لەدایک ببن لە نێو ژنانی ئاوارەدا، لە کاتێکدا نزیکەی دوو هەزار ژنی دووگیان ڕەنگە لە ماوەی دووگیانی و لەکاتی منداڵبووندا تووشی ئاڵۆزییەکی تەندروستیی مەترسیدار ببن کە پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەیە.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە ژمارەی ئەو ناوەندە تەندروستییە جێگیرانەی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی زاوزێ پێشکەش دەکەن، لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەنەوە تا شاری تەعز و ناوچەکانی باکووری، لە ٢٧ ناوەندەوە بۆ تەنها ٥ ناوەند دابەزیوە، کە دوو نەخۆشخانەشیان بە توانایەکی سنووردار کار دەکەن.
لەبارەی ژمارەی تەختەکانی چاودێریی منداڵانی پێش کاتی لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی یەمەنی ـ سویدی، ئاماژەی بەوە کرا کە ژمارەکەی دابەزیوە، بەهۆی کەمیی سووتەمەنی، کێشەکانی کارەبا و دژواریی گەیشتنی کادری پزیشکی بە نەخۆشخانەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرا کە ژنان ناچار بوون منداڵەکانیان لەسەر ڕێگاوبان و لەژێر دارەکاندا لەدایک ببن. لەو بارەیەوە چیرۆکی مامانێکی کۆمەڵایەتی باس کرا کە بەبێ ئەوەی بتوانێت کەرەستە پزیشکییەکانی لەگەڵ خۆی ببێت، ئاوارە بووە و ناچار بووە ئاگر هەڵبکات بۆ گەرمکردنەوەی ئاو و یارمەتیدانی ژنێک بۆ منداڵبوون لەسەر زەوی؛ ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی پاکوخاوێنی و یارمەتیدانی ژنە ئاوارەکە بۆ منداڵبوون.
سەبارەت بە دابینکردنی بودجە، ڕوونی کردەوە کە سندوقەکە تەنها ٢٧٪ی ئەو بودجەیەی بە پێویستی دەزانێت بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وەرگرتووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا ناچار بووە نیوەی خزمەتگوزارییەکانی کەم بکاتەوە.
ئەمەش لە وڵاتێکدایە کە ٦.٢ ملیۆن ژن مەترسیی تووشبوون بە توندوتیژی ڕووبەڕوویانە، هەروەها ژمارەی ئەو ژنانەی لە تەمەنی زاوزێدان دەگاتە ٥.٥ ملیۆن ژن.




