هاواری ژنانی چیای وەسلات لە دژی پشتگوێخستن: ئێمە ئاومان دەوێت

لە چیای وەسلاتی ناوچەی قێرەوان، ژنان لە دژی تینوێتی، پشتگوێخستن و نەبوونی پاراستن، بۆ دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان خەبات دەکەن، هاواری ئێمە ئاومان دەوێت بووەتە دەنگی ژنان.

هاواری ژنانی چیای وەسلات لە دژی پشتگوێخستن: ئێمە ئاومان دەوێت

زوھور ئەل مەشرەقی

 

توونس – لە کاتێکدا دروشمە فەرمییەکان لە چوارچێوەی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزایەتی بەرز دەکرێنەوە، ژنانی چیای وەسلات لە پارێزگای قەیروان لە توونس، ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ دەبنەوە کە تراژیدیای قووڵی ئەو وڵاتە دەردەخات. لەم ناوچە شاخاوییە پشتگوێخراوەدا، نەبوونی پێشکەوتن، کەمیی ئاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەگەڵ لاوازبوونی کاری کشتوکاڵی و توندوتیژیی خێزانیدا تێکەڵ بوون و ژنانیان لەبەردەم شەڕێکی بێدەنگ بۆ مانەوەدا جێهێشتووە؛ شەڕێک کە تێیدا سادەترین بنەماکانی کەرامەتی مرۆڤ کەمە.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزایەتی، سەرنجەکان بۆ دروشمە فەرمییەکان ڕادەکێشرێن، بەڵام تراژیدیای ڕاستەقینە لە وردەکارییەکانی ژیانی ژنانی دەرەوەی ناوەندە جوگرافییەکانی توونسدا، شاراوە دەمێنێتەوە. لە چیای وەسلات، سەر بە ناوچەی وەسلاتیە لە پارێزگای قەیروان، هاواری ژنێک بەرز دەبێتەوە کە ڕەتی کردووەتەوە لە بێدەنگیدا لەناو بچێت و بڕیاری داوە ئازارەکانی ئاشکرا بکات، بە هیواوەیەوە کە بارودۆخیان باشتر بێت.

 

نەبوونی پێشکەوتن و یەکسانیی دەرفەتەکان

حەلیمە وەسلاتی، بە گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و قووڵ لە بارودۆخی پشتگوێخستنی ئەو ناوچە شاخاوییە، شاهیدییەکەی دەست پێدەکات. ئەو پشتڕاستی دەکاتەوە کە دوورخستنەوەی ئەو ناوچەیە تەنها لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەگاتە بنەڕەتیترین مافەکانی بوونی مرۆڤ. ئەو بە خەمێکی قووڵ کە هەستی نادادپەروەری و دوورخستنەوە دەردەخات، دەڵێت ناوچەکە لە بارودۆخێکدایە کە بە «زیندانی گۆشەگیری» دەچوێنێت. ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی پێشکەوتن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، هەروەها خزمپەرستی لە دەستگەیشتن بەو خزمەتگوزارییانەدا، ژیانی دانیشتووانی ناوچەکەی کردووەتە شتێکی نزیکەی مەحاڵ، بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی تۆڕی پەیوەندی و دەسەڵاتیان هەیە.

 

تەنانەت منداڵیی بێتاوانیش لەم شاخە دژوارانەدا لە کاریگەرییەکانی ئەم زۆرداری و تەنگانەی ژیانە ڕزگاری نەبووە. ئەو باس لە ئازاری قورسی نەوەکەی دەکات کە لە باخچەی ساوایاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەڵێت نەوەکەی هەندێک جار بەردەوام لەم ژینگەیە هەڵدێت کە تێیدا سادەترین مەرجەکانی چاودێری و ئارامی بوونیان نییە.

 

تینوێتی ژنان، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و ئازاری هێنانی ئاو

حەلیمە وەسلاتی لە باسکردنی وردەکارییەکانی ئازاری ڕۆژانەی پەیوەست بە قەیرانی کەمیی ئاو کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە و لە گوندەکاندا بە شێوەیەکی توندتر هەست پێدەکرێت، ئاماژە بەوە دەکات کە قەیرانی ئاو دژوارترین ڕووی توندوتیژیی ژینگەیی و خزمەتگوزارییە. ئەو سەختییەکانی ژیانیان بەم شێوەیە باس دەکات: «ئاو بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، کە هەندێک جار دەگاتە دوو هەفتە، لە ماڵەکاندا کەم دەبێتەوە. ژنان خۆیان لەبەردەم ملمـلانێیەکی ڕۆژانەی سەختدا دەبینن، بۆ ئەوەی کاروباری ژیان بە چوار بوتڵ ئاوەوە بەڕێوە ببەن؛ ئەو بوتڵانەی بە زەحمەت بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیان بەکاردەهێنرێن».

حەلیمە وەسلاتی لە باسکردنی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە لە چیای وەسلات، ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی شاخاویی لەژێر باری کاری قورسی کشتوکاڵی و کارە دژوارەکانی ناوچە شاخاوییەکاندان. ئەمەش لەگەڵ ئەوەدایە کە نەخۆش و پیرن و ماندووبوونی جەستەیی زۆریان هەیە، لە بارودۆخێکدا کە دەرفەتی کاری شایستە و سەرچاوەکانی ژیانیان نییە.

 

سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ لێدانی دەرگای دامەزراوە فەرمییەکان، بە هیواوەیەوە کە یارمەتییەک وەربگرن بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری، حەلیمە وەسلاتی پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەڵێنە فەرمییەکان و یارمەتییە کەمەکان ئازارەکانیان زیاتر دەکەن و دەیانخەنە ناو بازنەی بێهیواییەوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و نوێنەرانی ناوچەکەوە، کاتێک داوای دەستێوەردانیان کردووە، هیچ وەڵامێکی ڕاستەقینە و هەنگاوێکی جدی نەدراوەتەوە.

 

توندوتیژیی دووقاتی خێزانی و مردنێکی هێواش... مردووانی زیندوو

حەلیمە وەسلاتی بەشێکی دیکەی ئازارەکانی ئاشکرا دەکات کە پەیوەندی بە توندوتیژیی جەستەیی قورسی خێزانییەوە هەیە. ئەم توندوتیژییەش لاوازیی جەستەیی و توانای ژیانی ئەوی زیاتر کردووە. ئەو باس لە هێرشە جەستەییە توندەکان دەکات کە بوونەتە هۆی مانەوەی لە نەخۆشخانەدا. بە وتەیەک کە قورسی زۆرداری و ئازاری مرۆیی دەردەخات، بارودۆخی خۆی و هەموو ئەو ژنانەی پشتگوێخراون کە مردنێکی ڕۆحی و ماددیی هێواش دەژین، کورت دەکاتەوە. ئەو دەڵێت: ئێمە وەک مردووی زیندوو دەژین؛ جەستەکانمان دەجووڵێن، بەڵام لە ڕاستیدا لە ژیان و ماف و پێشکەوتندا وەک مردووی.

 

ئەم هاوارە مەیدانییانە، کە لەگەڵ دەنگی چالاکوانانی مافی ژنان تێکەڵ دەبن، بەردەوام بیرخەرەوەی ئەوەن کە شەڕی دژی توندوتیژیی ژنان نابێت تەنها لە ماوەی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەدا بێت، بەڵکو دەبێت دوای ئەویش بەردەوام بێت. بەبێ لەناوبردنی ڕەگ و ڕیشەکانی پشتگوێخستنی پێشکەوتن، جێبەجێکردنی دادپەروەریی کەشوهەوایی و دانانی یاساکانی ڕاستەقینە کە لە قووڵایی واقیعی مەیدانەوە هاتوون، ئەمە مەحاڵە؛ نەک تەنها لە نووسینگە داخراوەکانەوە.

 

بارودۆخێکی قەیراناوی

لە شیکردنەوەیەکی شیکاری و مەیدانیی ئەم بارودۆخە خراپەدا، هایا عەتتار،  چالاکوانی فێمینستی و کۆمەڵایەتی، بارودۆخی ژنانی گوندنشین و ئەو ژنانەی لە کەرتی کشتوکاڵدا کار دەکەن، لە پارێزگای قەیروان بە ڕێژەی ٢٩٪ شیدەکاتەوە. قەیروان لە توونسدا بە دووەم پارێزگای هەژارترین ناوچە دادەنرێت. ئەو پشتڕاستی دەکاتەوە کە مەرج و بارودۆخەکان بەرەو باشتر بوون ناچن، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبن و قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە. ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی ئەو ژنانەی لە کشتوکاڵدا کار دەکەن، جگە لە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییە باوەکان، ڕووبەڕووی کاریگەرییە توندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، مەترسییە ڕاستەوخۆکان لەسەر سەلامەتیی جەستەییان و نەبوونی سادەترین مەرجەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتیش دەبنەوە.

 

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە خەبات و جووڵە ناڕەزایەتییە مەیدانییەکانی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵ و کۆمەڵگای مەدەنی، بوونەتە هۆی دەرکردنی هەندێک دەقی یاسایی، لەوانەش فەرمانی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٤، کە پەیوەندی بە سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. بەڵام دەڵێت دوای چەند ساڵ لە دەرکردنی ئەم فەرمانە، تا ئێستا هیچ دەقی ڕێکخستنی یان ڕێککەوتننامەیەکی جێبەجێکردن لەنێوان وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دەرنەچووە و بەم شێوەیە یاساکە تەنها لەسەر کاغەز ماوەتەوە.

 

حکومەت تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی چارەسەری بنەڕەتی دابین بکات

هایا عەتتار ئاماژە بەوە دەکات کە یاسا بە تەنها ناتوانێت ئەم قەیرانە قووڵانە چارەسەر بکات، کاتێک لەنێوان دەقە یاساییەکان و واقیعی کۆمەڵایەتیی مەیداندا بۆشاییەکی گەورە هەبێت. ئەم بۆشاییە بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی پێشێلکارییەکانی ماف و خراپتربوونی بارودۆخەکان.

 

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی چارەسەرە بنەڕەتییەکان دابین بکات و دەڵێت: چونکە سیاسەتەکەی لە مەیدانەوە دەست پێ ناکات و ئەو ژنانەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەم قەیرانانە دەبنەوە، لە پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەرەکاندا بەشدار ناکات، هەروەها بڕیارەکانی لە سەرەوەوە بەسەریاندا دەسەپێنێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەو نموونەی یاسای ژمارە ٥١ی پەیوەست بە گواستنەوەی کرێکارانی کشتوکاڵ دەهێنێتەوە. هایا عەتتار دەڵێت ئەم یاسایە نەیتوانیوە کێشەی گواستنەوە چارەسەر بکات، بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی زیادبوونی قوربانیانی ڕووداوەکانی کامێۆنەکان کە دەبنە هۆی مردن.

 

هایا عەتتار لە کۆتاییدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژنانی کرێکاری کشتوکاڵ لەم ناوچانە پشتگوێخراوانە، ڕووبەڕووی شێوە ئاشکراکانى توندوتیژیی ئابووری دەبنەوە، کە لە مووچەی کەم، نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی و مەرجە نائاسایشەکانی گواستنەوەدا دەردەکەون. هەروەها ڕووبەڕووی توندوتیژیی زارەکی، جەستەیی و سێکسیش دەبنەوە، کە بەهۆی بێدەنگییان و قبووڵکردنی ئەم بارودۆخە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان، زیاتر دەبن.   

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.