تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە بەردەوامی هەیە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، دەوڵەتی تورکیا ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی لە هەرێمەکانی بادینان، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا بەکارهێناوە، ڕێکخراوی سی پی تی لە کوردستانی عێراقیش ئاماژەی بەوەدا کە هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانیی چەکی کیمیایی.
لەبارەیە چەمەن تاهیر، چالاکوانی مەدەنی بواری ژینگە، ژن و منداڵ، باس لەوەدەکات هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پێش ئەوەی هێرش بێت بۆسەر لایەنێک، هێرشە بۆ سەر ژینگە و زیندەوەران و ئاژەڵانی کێوی کە سامانێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەم خاکەن، دەشڵێت: دوای هێرش و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ژیانەوە لەو ناوچانەدا زەحمەت دەبێت، هەروەها باری دەرونی هاوڵاتیان لەو ناچەیە تێکدەچێت و هاوڵاتی مەدەنی لە گوندەکاندا زیانیان بەردەکەوێت و دژ بە مرۆڤایەتییە".
چەمەن بێدەنگی چالاکوانان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان بە هۆکاری درێژەدان بە هێرشەکان دەوڵەتی تورکیا دادەنێت، "لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دەبوو هەموو هاوارمان کردایە بۆ وەستاندنی هێرشەکان، چونکە ئەو گوندانەی کە وێران دەبن هەرێمی کوردستانە و هێچ پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە، چونکە ئەو کەسانەی شەهید دەبن و بریندار دەبن تاکێکی کوردستانن و بە سایەی ئەوانەوە کە سروشتیان پاراستووە، دەبوو دەنگمان لەگەڵ دەنگی ئەواندا بێت"، دەشڵێت "دەم داخستن و چاوداخستن تەنها خۆ هەڵخەڵەتاندنە".
ئەو چالاکوانە کاری ڕێکخراوەکان بە گرنگ دەبینێت کە دەتوانن لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکانەوە هەوڵ بۆ وەستاندنی هێرشەکان بدرێت و وتی: چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دەتوانن لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەنگ و هاواری خۆیان بگەیەننە هەموو جیهان، بە کۆکردنەوەی دەنگ و ئایدیاکانمان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە، چونکە ژینگە لەناوبردن لەناوبردنی مرۆڤایەتی و هەرێمەکەمان.
دەشڵێت: پێویستە ئەو هێرشانە بوەستێنرێت، مافی خۆمانە وەکو کورد زیادەڕەوی و هێرش بۆسەر خاکی کوردستان بوەستێنرێت.
ت.پ



