"پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک ڕێگەیەکە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا"

نوێنەران و ئەندامانی حزبە سیاسییەکان لە عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەیان بەوەکرد، دەستێوەردان و خواستەکانی وڵاتانی بیانی قەیرانی سووریا خراپتر و قووڵتر دەکات و جەختیشیان کردەوە لەسەر پێویستی دیالۆگی سووریا - سووریا.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- قەیرانی سووریا یەکێکە لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی جیهان، بەهۆی دەستێوەردانی زۆرێک لە لایەنەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆ ماوەی زیاتر لە ١١ ساڵە گەلی سووریا لەژێر باری بۆردومان و وێرانکارییەکاندا دەژین کە بەهۆی شەڕەوە بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

 

"پێشێلکارییەکانی تورکیا ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە"

سەبارەت بە خراپتربوون و قووڵبوونەوەی بارودۆخی سیاسی سووریا، فەریحە ئەحمەد،، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە پارێزگای شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وتی: قەیرانی سووریا بووە هۆی کوشتن و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و وێرانکردنی ژێرخانی وڵاتەکە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، هیچ چارەسەرێک نەدۆزراوەتەوە، هێشتا هەزاران کەس بێسەروشوێنن و هیوایان بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵاتەکە لەدەستداوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە تورکیا و چەتەکانی داگیریان کردووە، پێشێلکارییەکانی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەسەر حسابی خەڵکی سوریا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆبوونەوانەی کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەرییەکانی قەیرانی سووریا و پەرەپێدانی چارەسەرەکانی ئەنجامیان داوە، هیچ ئەنجامێکی گرنگی بەدەستنەهێناوە، هەموو ئەو وڵاتانەی دەستێوەردانیان لە کاروباری سووریا کردووە ئامانجیان بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان بووە.

 

"چارەسەری سووریا لەدەستی گەلەکەیدایە نەک دەوڵەتان"

سەبارەت بە باشترین چارەسەرەکان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکانی وڵاتەکە، حەریفە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، پێویستە سەرەتا تورکیا لە خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بچێتە دەرەوە، تورکیا ڕێگای کردەوە بۆ چەتەکانی داعش و لایەنە تیرۆریستییەکانی دیکە کە وێرانکاری لە وڵاتەکەدا دروستکردووە، پێویستە دیالۆگی سووریا- سووریا هەبێت، چونکە چارەسەری قەیرانەکە لە دەستی گەلەکەیدایە نەک لە دەستی هیچ حزب و دەوڵەتێکی دیکەدا، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکرێت مۆدێلێکی سەرکەوتووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، چونکە خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵدەدات کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت لە ڕێگەی ئەو دەستپێشخەرییانەی پێشکەشی دەکات، بە پێچەوانەی ئەو هێزانەی دەستێوەردان دەکەن کە هەوڵی درێژکردنەوەی قەیرانەکە دەدەن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی خۆیان.

 

"قەیرانی سووریا گەیشتووەتە کۆتاییەکی کوشندە"

وەردە شێخۆ، ئەندامی پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی دیموکراتی سووریا لە شەهبا، جەختی لەوە کردەوە کە دوای دەستێوەردانی دەرەکی، چارەسەری قەیرانی سووریا دوای نزیکەی ١١ ساڵ گەیشتووەتە کۆتاییەکی کوشندە، وتیشی:

دەستێوەردانی تورکیا و بوونی لە خاکی سووریا یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان کە ڕێگری لە دۆخەکە و قەیرانەکانی وڵاتەکە دەکات و خراپتر دەکات لە ڕێگەی هێرش و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ناوچەکەوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی و داگیرکردنی گەورەترین بڕی خاکی سووریا بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی عوسمانی.

 

سەبارەت بە پێکهێنانی نەخشەڕێگایەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەردە شێخۆ وتی: وڵاتە دەسەڵاتدارەکان نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن کە سوریاش لەخۆ دەگرێت، وەک بێشکەی شارستانییەتەکان و فرەبوونی پێکهاتەکانی پێکەوەژیان، بڕیار و ڕێککەوتنیان داناوە کە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکات، چونکە ئامانجیان پارچەپارچەکردن و لەناوبردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە لە سووریا.

 

جەختی لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگا بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکە جگە لە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، دیالۆگی سووریا - سووریا و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە.

 

"هیچ چارەسەرێک نییە جگە لە دیالۆگی سووریا-سووریا"

هەنا ولۆ، جێگری سەرۆکی پارتی داهاتووی سووریا لە شەهبا، ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی سوریا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و جەنگ و وێرانکاری لە زیادبووندایە بەهۆی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە کە هەوڵی درێژکردنەوەی قەیرانەکە دەدەن، وتیشی: کۆبوونەوەکانی سوچی، ئەستانە و ئەوانی دیکە قەیرانی سووریا زیاتر قووڵتر دەکەنەوە چونکە نوێنەرایەتی سوورییەکان ناکەن و وەڵامی داواکارییەکانیان نادەنەوە، ناتوانن بگەنە چارەسەرێک بۆ کێشەکە، هیچ چارەسەرێک لە سوریا نییە جگە لە دیالۆگی سووریا - سووریا و دەبێت هەموو پێکهاتەکان یەک بگرن بۆ گەیشتن بە سەلامەتی.