شنگال
بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە سنونی شنگال لە لایەن تاژێ ڕێپێوانێکی گەلی بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی ٢٥ی تشرینی دووەمدا لە شنگال بە پێشەنگایەتی تاژێ چالاکی جیاواز بەڕێوەچوون. چالاکییەکانی تاژێ بە ڕێپێوانێکی گەل کۆتایی هات، ژنانی ئێزدی بە پۆستەر و دروشمەکانیان، لە ڕیزەکانی هەرە پێشەوەی ڕێپێوانەکەدا جێگەی خۆیان گرت.
بووانی ڕێپێوانەکە بێریڤان چیا و بەسێ ئاڤێستا، هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی گشتیی شنگال سەبارەت بە ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد: ئەگەر ژن نەتوانێت بەپێی بۆچوون و هەستەکانی تێبکۆشێت ئەمە گەورەترین توندوتیژییە.
بێریڤان چیا لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە جۆرەکانی توندوتیژی کرد وتی: زۆر شێوازی توندوتیژی هەن، لە شنگالیش ئەگەر ژن لەناو ماڵدا بهێڵرێتەوە، نەهێڵرێت هیچ کارێک بۆ خۆی بکات، نەتوانێت بچێتە دەرەوە، ئەمە گەورەترین توندوتیژییە، توندوتیژی تەنها لێدان نییە یان زۆرلێکردن نییە کە لە ژنێک دەکرێت، ئەگەر ژن ئێستا نەتوانێت بەپێی بۆچوون و هەستەکانی تێبکۆشێت، ئەمەش توندوتیژییە، لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا ژنان هەڵدەستنە سەر پێ، تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، ئەمڕۆ تەنها لە شنگال نا، لە جیهاندا توندوتیژی دژی ژن بەڕێوەدەبرێت، بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە ژنان وتیان: بەسە بۆ توندوتیژی، ئەوەی ماڵ، خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات ژنە. ئەوەی لە ژنانیش داوا دەکرێت، دژی ئەم نادادپەروەرییە هەڵبستن و تێکۆشان بەڕێوەببەن.
"بە سایەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە ژناندا هۆشیارییەک دروست بوو"

بێریڤان چیا سەرنجی خستە سەر هۆشیاریی ژنان لە شنگال وتی: دوای فەرمانی ٢٠١٤ لە ژناندا گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویدا، ئەویش لەناو ڕیزەکانی تێکۆشاندا جێگەی گرت، هەروەها بە سایەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە شنگال پەیوەست بە بابەتەکانی ژن هۆشیارییەک دروست بوو، دەبینین کە ئەمڕۆ لە شنگال لە هەر ٢٥ی تشرینی دووەمێکدا ژنان لەناو چالاکییەکاندان، بەڵام هێشتا لەو ئاستەی داوا دەکرێت ئەم تێکۆشانە هەموو ژنانی لە خۆ نەگرتووە، ئێمەش ئامانجمانە خۆمان بگەیەنینە ئەو ژنانە تا بتوانن بەشداری ئەم تێکۆشانە ببن.
"لە دەرەوەی ژن پشتیوانێکی ژن نییە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، بێریڤان چیا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوان وەک ژنانی ئێزدی بە مۆڕاڵێکی بەرزەوە لەناو چالاکییەکاندا جێگەی خۆیان دەگرن وتی: بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە کە ئێمەش وەک ژنانی ئێزدی دژی توندوتیژیی سەر ژنان دەوەستین، ئێمە هەرگیز ئەم توندوتیژییەی سەرمان قبووڵ ناکەین، ئەمڕۆ دەزانین کە تەنها ژن دەتوانێت یارمەتی ژن بدات، لە دەرەوەی ژن، پشتیوانێکی ژن نییە، بۆیە ژنێک لە هەر وڵاتێک بێت دەبێت لەپێناو ژنانی دیکەدا لەناو تێکۆشاندا بێت، نابێت بهێڵێت ئەو ڕەنجەی کە بۆ کۆمەڵگە دەیدات بەفیڕۆ بچێت.
"ژنی ئێزدی هەمیشە زەحمەتی بینیوە"

بەسێ ئاڤێستا، هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی گەلی شنگال لە قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر چالاکییەکانی ژنانی ئێزدی لە شنگال وتی: ئەمڕۆ لە شنگال زۆر کاری ژنان بەڕێوەدەبرێن، ژنانیش لەناو چالاکییەکاندان، ئەوەی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات ژنە. کاتێک لە ٣ی ئابدا فەرمانیان هێنایە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، ئامانجی سەرەکییان ژنان بوون، لە ٢٥ی تشرینی دووەمیشدا، ژن کرایە ئامانج.
بەسێ ئاڤێستا ڕایگەیاند، کە تاژێ لە چوارچێوەی دیلکراوانی فەرماندا ماوەیەکە هەنگاوێکی دەستپێکردووە وتی: لەم چوارچێوەیەدا خول، سیمینار و دیدار کران، زۆر خۆشحاڵین کە ژنی ئێزدی هەستاوەتە سەرپێ خۆی، چونکە ژنی ئێزدی هەمیشە زەحمەتی بینیوە، هەم لەناو ماڵدا و هەم لە هێرشەکانی دەرەوە، دەبێت ژن بزانێت کە بوونی خۆی دەرخات، لە هۆشیاریی هێز و ئیرادەی خۆیدا بێت و با کۆمەڵگە تێبگات ئەگەر ژن نەبێت، کۆمەڵگەش نییە.
بەسێ ئاڤێستا بە بانگەوازی “دەبێت ژن هەرگیز خۆی بێهێز و بێئیرادە نەهێڵێتەوە، چونکە ڕاستییەکەی وا نییە”، کۆتایی بە قسەکانی هێنا.




