پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد بانگەوازی بەهێزکردنی یەکێتی ژنان دەکات

پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کوردی باکوور ڕایگەیاند، ژنان دەتوانن خەبات و بەرخۆدانی خۆیان بەرزتر بکەنەوە و ڕێگری لە توندوتیژی و زۆرداری دژی ژنان و گەلی ستەملێکراو بکەن.

پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد بانگەوازی بەهێزکردنی یەکێتی ژنان دەکات

ناوەندی هەواڵ – پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کوردی باکوور، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی نێودەوڵەتی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، ڕاگەیاندنێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندنەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ژنان بە یەکێتیی نەتەوەیی دەتوانن دژی سیستەمی دیکتاتۆری کە ژن بە هیچ دادەنێت، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانی ڕەگەزی بنیاد بنێن و هاتووە: بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆمان بە باشی جێبەجێ بکەین، پێویستە یەکێتی ژنانی کورد بەهێز بکەین.

دژی سیستەمی زۆردار، پێویستە هاوپشتی و یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەهێز بکرێت

لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە: وەک پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی نێودەوڵەتی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بە ڕێزەوە یاد لە هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە کە دژی ستەم، توندوتیژی و نەبوونەژماردن بەرخۆدانیان کردووە و گیانیان لەدەست داوە.

دەزانین توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنها توندوتیژی جەستەیی نییە؛ لەگەڵ توندوتیژی جەستەیی، توندوتیژی دەروونی، هەڵوەشاندنەوە و پارچەپارچەکردنی گەلی کورد و ژنی کورد لە لایەنە جیاوازەکانەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەردەوامە. دژی سیستەمی زۆردار، پێش هەر شتێک پێویستمان بە بەهێزکردنی هاوپشتی و یەکێتیی نەتەوەیی کورد هەیە.

توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی سیاسەتەکانی داگیرکاری و شەڕ، بووەتە ڕێبازێکی سیستەماتیک بۆ دەستبەسەرداگرتنی مافەکانی ژنان بۆ بوون و خۆبوون. خەباتی ئێمە دژی توندوتیژی، لە هەمان کاتدا خەباتە بۆ ئازادی کوردستان، دیموکراتیکبوونی هەموو ناوچەکە و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی.

پێویستە یەکێتی ژنانی کورد بەهێز بکەین

پلاتفۆرم لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژەی بە پرۆسەی نزیکەی دوو ساڵەی تورکیا کردووە و هاتووە:

بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە تەندروستی بەردەوام بێت و بگاتە ئامانجی خۆی، پێویستە مافەکانی ژنان بپارێزرێن و کوژەر و قڕکەرانی ژنان بەبێ سزا نەهێڵرێن. باش دەزانین توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێت کە لەسەر خاکی ئێمە سیاسەتەکانی شەڕ دەڕەخسێنن.

تێگەیشتنی پیاوی زاڵ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باڵادەستە، ژن بە کۆیلەی داگیرکاری دەبینێت. بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی ژنان بووەتە مەرجی سەرەتایی ئاشتی و دیموکراتیکبوونی ناوچەکە.

وەک ژنانی کورد، خاوەنی ڕۆڵێکی مێژووییین کە بە ئەزموونی بەرخۆدانی خۆمان و سیستەمی هاوژیانی ئازاد، پێشەنگی ژیانێکی ئازاد و یەکسان بین. بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆمان بە باشی جێبەجێ بکەین، پێویستە یەکێتی ژنانی کورد بەهێز بکەین.»

زیندانییە نەخۆشەکان لە مافی چارەسەری بێبەش دەکرێن

لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژە بە زیندانییە نەخۆشەکان کراوە و هاتووە:

بانگ لە هەموو ژنانی چوار پارچەی کوردستان و ژنانی دیاسپۆرا دەکەین، دژی هەموو هەوڵەکانی دابەشکردن و نەبوونەژماردن، ویستی هاوبەشی نەتەوەیی خۆیان بەهێزتر بکەن و پێکەوە کارە ڕێکخراوەییەکانی دژی توندوتیژیی سیستەماتیک گەشە پێبدەن.

توندوتیژییەک کە ژنانی کورد ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نەبوونی چارەسەری سیاسی و نەبوونی یەکێتیی کوردەوە هەیە. دەبینین ئێستا دەیان ژنی کورد، سەرەڕای نەخۆشییە قورسەکانیان، لە زیندانەکانی داگیرکەراندا دیلەن و لە مافی چارەسەری بێبەش کراون.

بۆیە پێشخستنی یەکێتیی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی ژنان، تەنها کارێکی سیاسی نییە، بەڵکو کارێکی کۆمەڵایەتی و ئەرکێکی زۆر پەلەیە کە ڕێگری لە قڕکردن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەکات.

یەکێتیی ئێمە گەورەترین هێزمانە

لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە:

پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد ئەم ڕۆژە بە دەرفەتێکی گەورە دەزانێت بۆ گەشەپێدانی ڕێکخراوەیی خۆی دژی هەر جۆرە ستەمێک. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، تەنها بۆ خۆیان نا، بەڵکو بۆ هەموو ژنان پێشەنگایەتی خەباتی ئازادی و دژی توندوتیژی دەکەن.

بۆ ئەوەی سیستەمی پیاوی زاڵی توندوتیژ و قڕکەر تێکبشکێنین، پێویستە ئێمە ژنان خەباتەکانی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی خۆمان بەهێزتر بکەین. دەزانین کاتێک ژنانی کورد یەک دەبن، نەک تەنها کوردستان، بەڵکو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی گەورە بەرەو دیموکراتیکبوون و ئاشتییەکی بەڕێز دەنێت.

بە یەکێتیی نەتەوەیی، دەتوانین دژی سیستەمی دیکتاتۆری کە ژن بە هیچ دادەنێت، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانی ڕەگەزی بنیاد بنێین. دەتوانین خەبات و بەرخۆدانی خۆمان بەرزتر بکەینەوە و ڕێگری لە توندوتیژی و زۆرداری دژی ژنان و گەلی ستەملێکراو بکەین. ئێمە ژنان بە پێداگری دەڵێین: یەکێتیی ئێمە گەورەترین هێزمانە!