سلێمانی
ئەمڕۆ، لەبەردەم باخی گشتی لە شاری سڵێمانی، بە ئامادەبوونی مرۆڤ دۆستان و ژن دۆستان، لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ۲٥ی نۆڤەمبەردا، بە دروشمی" بێدەنگ مەبە، لەگەڵمان بە"، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە لایەن ڕێکخراوەکانی تۆڕی ۸ی مارس و هاوپەیمانی ژنان، بە کۆکردنەوەی واژۆ، هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان، ڕاگەیاندرا. سەرەتا خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی ئەو ژنانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکاری کوشتن یان خۆ کوشتنیان بوون بەرێوەچوو، دواتر هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکرد. شەدە بەشیر، چالاکوانی مافەکانی ژنان وتی: ئامارەکان ڕوو لەزیادبونە، ڕۆژانە هەزاران ملیار دۆلار بۆ کوشتنەکان خەرجدەکرێت، لەڕێگەی سیستماتیکەوە کار بۆ تێکدانی کۆمەڵگە دەکرێت، تەنها لە ساڵی ۲٠۲٦، ٥۷ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، کوشتنەکانی ژنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەردەوامە، هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، لە ۹ی ئەیلوولەوە بەردەوامە لە ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستدەکرێت بە کۆکردنەوەی واژووەکانمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە هۆشیار کردنەوەی ژنان و کۆمەڵگە بەر بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەگرین.
گەشە دارا، پارێزەر و چالاکوانی مافی ژنان وتی: ئێمە دەنگمان بە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوخۆ و جیهانییەکان دەگەیەنین، تا بتوانین کوشتنەکان و خۆکوژییەکانی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا کەمبکەینەوە، لەمڕۆوە دەستدەکەین بە کۆکردنەوەی واژوو تا دەنگمان بە جیهانی بکەین و ئیتر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کوشتنەکان نەمێنن. "سڕینەوەی چەمکی شەرەف ئەرکی ئێمەی ژنە" ئازادە جەماعەتی، چالاکوانی مافی ژنان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان وتی: بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ژنان لێرە چالاکییەکان و هۆشیارییەکان دەستپێدەکات، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو لەمڕۆوە دەستپێدەکات، لە کاتێکدا هەڕۆژێک کوشتنی ژنان زیاتر دەبێت، ئامارەکان زیاتر هەڵدەکشێن، بۆیە دبێت لەڕووی کولتوریەوە کۆمەڵگەمان زیاتر پەرەیپێبدرێت، ئامارەکان جێگەیدڵخۆشی نین، بەردەوام کوشتنەکن ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵامنئێمەی ژنان پێیستە ڕوبەڕووی ئەو کوشتنانە ببینەوە. لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە ئێمە کار لەسەر چەمکی شەرەفی ژن بکەین، پیاوان ژن بە شەرەفی خۆیان نەزانن، سڕینەوەی ئەم چەمکانەی پەیوەستن بە ئەقڵیەتی پیاوالارییەوە کارێکی زۆر گرنگە، هەموومان کار بۆ ئازادی ژن بکەین، پاشان لە ڕێگەی پەروەردەوە هەوڵەکانمان زیاتربکەین.
بەهار مونزیر، ئەندامی هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، باسی لەوەکرد، چالاکییەکان و هەڵمەتی واژوکۆکردنەوە بۆ هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان ماوەی چەندڕۆژێک لەبەردەم باخی گشتی بەردەوام دەبێت، وتی: ئەمڕۆ بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لێرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان ڕادەگەیەنن، لێرە کۆنگرەیەکئەنجامدراپاشان هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو ئەنجامدەدرێت، لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ هەڵمەتەکە لەبەردەم باخی گشتیدا دەبێت. لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئامانجمان هۆشیارکردنەوەیە، ئێمە ئەم ۱٦ ڕۆژە بەردەوام دەبین و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنان دەدەین بە ئامانجی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.















