"دەنگی هەزاران کورد ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی پەیماننامەیەکی وەکو لۆزان دەکات"

لە پاش سەد ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان، بە هەزاران کورد لە کۆنفرانسێکدا دەنگیان کردە یەک، هیوایان بۆ یەکبوون و هاودەنگی گەلی کورد زیندوو کردەوە، ڕێزان شێخ دلێریش دەڵێت: کورد میلەتێکن بوونیان هەیە، بەڵام دەسەڵات و داگیرکاری پەرتەوازەی کردوون.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە بەرواری ٢٢ی تەمووزی ئەمساڵ، بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە لۆزانی وڵاتی سویسرا بە بەشداری ٦٠٠ میوان، کۆنفرانسێک لەبارەی پەیماننامەی لۆزانەوە بە چەندین پانێڵ بەڕێوەچوو، باس لە لێکەوتەکانی لۆزان لەسەر کورد، دۆخی ژنان و تێكۆشانی ژن، دۆخی گه‌لانی ئه‌رمه‌ن، ئاشووری و كلدان و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە بڕیارەکانی پەیماننامەی لۆزان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ساڵیادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە کوردانى هەر چوار پارچەى کوردستان و دۆستەکانی و  زۆرینەى هەرە زۆری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، جگە لە پەدەکە و نزیکەکانی، لە شاری لۆزان لە دژی ١٠٠ ساڵەى پەیماننامەی لۆزان ڕێپێوان کرا، هەروەها دوای تەواوبوونی کۆنفرانسەکە، لەبەردەم شاتۆ دی ئۆچی، ئەو هۆڵەى پەیماننامەکەى تێدا واژۆ کرا، ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌ بۆ ڕای گشتی خوێندرایەوە.

 

"گەلی کورد لە ئاستێکدایە بتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ چارەنووسی خۆی بکات"

ڕێزان سێخ دلێر، چالاکوان و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەکرد، وەک ژنانی باشووری کوردستان بەشداربوون لە کۆنگرەی لۆزاندا، خودی ئەم کۆنفرانسەی بە گرنگ زانی، چونکە تایبەت بوو بە پەیماننامەی لۆزان، کە نەتەوەی کوردی تێدا پەرتەوازە کرا جینۆسایدی بەسەردا جێبەجێکرا، وتیشی: بە ئێستاشەوە دەوڵەتانی داگیرکەر جینۆسایدی گەلی کورد دەکەن، بۆیە ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە گرنگ بوو بۆ گەلی کورد.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕێزان شێخ دلێر وتی: دۆخی کوردان لە ئێستادا لە ئاستێکدایە کە بتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ پەیماننامەیەکی لەو شێوەیە بکات، چونکە کورد هەن لە وڵاتانی دەرەوە ئەندام پەرلەمانن و لەناو حکومەت و دەسەڵاتدان، ئەمانە هێزێکن بۆ گەلی کورد کە دەتوانن مافەکانی گەلی کورد و هێز و توانایان بۆ بگەڕێننەوە، سەرەکیترین داواکاری ئێمە بوونی کورد بوو لەناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا، تەنانەت ئەگەر وەک چاودێرێکیش ئەندام بێت، چونکە کورد میلەتێکن بوونیان هەیە، بەڵام دەسەڵات و داگیرکاری پەرتەوازەی کردوون.

 

"سەرجەم بڕگە و بنەماکان گفتوگۆی چڕی لەبارەوە کرا"

ڕێزان شێخ دلێر ئاماژەی بەوەدا هیچ کۆنفرانس و کۆنگرەیەک بێ کەموکورتی نابێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو بوو، هەر بۆیە دەنگێکی باشی دایەوە، زۆرترین کورد بەشداری تێداکرد، ئەمەش باشترین خاڵە کە کوردان لەو جێگەیە دەنگیان هەبێت، کە بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدرێت، لە کۆنفرانسەکەدا چەندین پانێڵیان هەبوو تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن بە بڕگە و بنەماکانی نێو پەیماننامەکە، بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن کاری لەسەر بکرێت، یاخود دووبارە ڕێکەوتنامەیەک دابڕێژرێتەوە و ببێتە جێگرەوەی ئەو پەیماننامەیە، ئەمەش بۆ خۆی پێویستی بە لێوردبوونەوە و گفتوگۆ هەیە، تەواوی گفتوگۆکانیش لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و کەسانی سیاسییەوە ئەنجام دەدار.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕێزان شێخ دلێر باسی لەوەشکرد، ئەم کۆنفرانسە وەک کۆنفرانسەکانی دیکە نەبوو بتوانرێت باس لە کێشە ناوخۆییەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکرێت، یاخود باس لە کێشەکانی ژنان بکرێت، بەڵکو تەواوی سەرنجەکان لەسەر پەیماننامەیەکی سەد ساڵی بوو، بە پێچەوانەشەوە ژنان ڕۆڵێکی کارایان هەبوو، بۆچوونی خۆیان هەبووە، بۆیە دەتوانرێت بوترێت ژنان ڕۆڵی کارایان هەبووە بە کرداریانە یەکسانی بەرپا کرابوو.

 

دەربارەی ئەو هێرشەی لە کۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، بەهۆی پیشاندانی چەند ئاڵایەکەوە کرایە سەر کۆنفرانسەکە، ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت: "هەڵەیەکی گەورەیە بۆ خۆمان، کە تا ئێستا نەمان توانیوە ئاڵایەکی تایبەت بە خۆمان هەبێت، بەڵام پێویستە هەمووان بزانن لە ناو کۆنگرەی نەتەوەی حزبی جیاوازی تێدایە، تا ئێستا نەیانتوانیوە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بن، بەشێکیشیان کاریگەری دەوڵەتانی دراوسێیان لەسەرە"، بۆیە بە گرنگی دەزانێت کۆنگرەیەکی تایبەت بکرێت بەوەی تەنها یەک ئاڵا هەبێت بۆ چوار پارچەی کوردستان.