ناوەندی هەواڵ
بەبۆنەی ٢٥ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" زنجیرەیەک بابەت و یادداشتی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان، سەبارەت بە ڕەهەندە پێکهاتەییەکانی توندوتیژیی دژی ژنان بڵاو کردەوە.
لە یادداشتەکاندا هاتووە: توندوتیژیی دژی ژنان تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی یان خێزانی نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتە پیاوسالارییەکان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات و باڵادەستیدایە و لە خێزانەوە دەستپێدەکات و تا دەگاتە گۆڕەپانی گشتی، دەستبەسەرکردن، سەرکوت و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستەواژەی (کوشتنی نامووسی) لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ پاساوهێنانەوەی کوشتن و سڕینەوەی ژنان بەکاردێت، لە کاتێکدا لە ئاستی سیاسیدا ناونیشانی (بەغی) وەک تۆمەت و ئامرازێک بۆ سەرکوت و سڕینەوەی ئەو ژنانە بەکاردەهێنرێت کە چالاکی و بەرخۆدانی سیاسی دەکەن.
هەروەها سەبارەت بە سزای دووبارە لەسێدارەدان بەسەر خۆیدا نووسیویەتی، کە ئەم سزایە لە درێژەی میکانیزمەکانی سەرکوت و باڵادەستیدایە و هەوڵێکە بۆ گۆڕینی کات بۆ ئامرازێکی ملپێدان و جێگیرکردنی چاوەڕوانیی مردن لەبری ئەگەری ژیان.
جەختیش دەکاتەوە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەرگرییە لە ژیانێکی ئازاد و بەشکۆ بۆ هەموو کۆمەڵگە و لە پێکهاتەکانی باڵادەستی جیاناکرێتەوە.




