یەپەژە بانگەوازی بۆ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان دەکات

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، بانگەوازی لە کۆمەڵگە کرد بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارییەکانی لە پاراستنی ژنان و پاراستنی ماف و کەرامەتیان.

یەپەژە بانگەوازی بۆ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان دەکات

ناوەندی هەواڵ – توندوتیژی دژی ژنان بە شێوە جیاوازەکانی، وەک توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی و یاسایی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکات و ژیان و مافە بنەڕەتییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە. ئەمەش لەگەڵ داواکارییە بەردەوامەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسا ڕێگرەکان و جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی پاراستن و دادپەروەری، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بێسزادان، بەردەوامە.

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە ،بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی نێودەوڵەتیی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. یەپەژە جەختی لەوە کردەوە کە توندوتیژی دژی ژنان نەک کێشەیەکی تاکەکەسییە، نە بابەتێکی تایبەتیی ناوماڵە و نە ڕووداوێکی کاتییە؛ بەڵکو دیاردەیەکی سیستەماتیکییە کە لەلایەن هۆشیاریی دەسەڵاتخواز، نەریتە دواكەوتووەکان و ئەو سیاسەتانەوە بەهێز دەکرێت کە ژنان لە مافی بڕیاردانی ئازادانە، دەسەڵاتی بەسەر جەستەی خۆیان و دیاریکردنی ڕێچکەی ژیانیان بێبەش دەکەن.

بانگەواز بۆ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی

یەپەژە جەختی لەوە کردەوە کە خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە بوون و ناسنامەیانەوە هەیە و لەبارەی ئەو خەباتەوە وتی: ئەم خەباتە لە پاراستنی ئەو کەسانەدا خۆی دەبینێتەوە کە لە توندوتیژیی ناوماڵ ڕزگاریان بووە، لە دژی هاوسەرگیریی بەزۆر، تاوانەکانی بەناو شەرەف و ڕزگارکردنی ئەو ژنانەی لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە ڕفێندراون و کردوونیانەتە کۆیلە. هەروەها بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی پەروەردەی ژنان و دامەزراندنی سیستەمێک دەگرێتەوە کە ژنان بەهێز دەکات تاکو خۆیان بپارێزن، داواکارییەکانیان دەرببڕن، بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن و بە ئازادی و سەربەخۆیی بڕیار بدەن.

یەپەژە ئاماژەی بەوەش کرد کە توندوتیژی تەنها بە هێرشی جەستەیی یان کوشتن سنووردار نابێت و وتی: بێدەنگکردنی ژنان، سنووردارکردنی ئازادییەکانیان، بێبەشکردنیان لە پەروەردە، کار و بەشدارییان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەروەها فشارە دەروونییەکانیان و پشتگوێخستنی ویست و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان، هەمووی لە توندوتیژیدا دەگرێتەوە.

یەپەژە داوای لە هەموو ژنان کرد کە کەرامەتی خۆیان بپارێزن و بە توندی بەرگری لە کەرامەتی خۆیان بکەن. فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنانیەپەژە بانگەوازی بۆ هەموو کۆمەڵگە کرد بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارییەکانیان لە پاراستنی ژنان و بەرگری لە ماف و کەرامەتیان.

هەروەها جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامبوون لە خەبات دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم خەباتە نابێت تەنها لە ٢٥ی تشر  ینی دووەمدا بێت، بەڵکو دەبێت هەموو ڕۆژێک و لە هەموو ساتێکدا بەردەوام بێت.