ژنێک تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی منداڵانی بێلانە تەرخان کردووە

ڕازاوە یەکێکە لەو ژنانەی لە دوای تەواوکردنی خوێندنی دەستی بەکارکردن کردووە و چەندین کاری جیاوازی کردووە، زۆرینەی کارەکانیشی بۆ خزمەتی منداڵ و بێلانەکان بووە، ئەو ژنە باس لەوە دەکات، کاتێک منداڵێکی بێلانە پەروەردە دەکەین و هەستی دایکایەتیان بۆ ئێمە دەردەبڕن، ئاسوودەی بە دڵ و دەروونمان دەبەخشن و وامان لێدەکەن بەردەوام بین لە کارەکانمان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- تەمەنێک خۆ تەرخانکردن بۆ ئەو منداڵانەی بێلانەن، ناز پێدان و گرنگی و پەروەردەکردنیان، ژیان چەندە سەختیش بێت بۆ منداڵانی بێلانە، بەڵام هەبوونی دەستێک کە دەستیان بگرێت و ژنێک کە نازیان هەڵبگرێت و بە قسەکانی ئامۆژگارییان بکات، ئەتوانێت ببێتە هاوکارییان کە ژیانیان بەسەرببەن و داهاتوویەک بۆ خۆیان دابین بکەن، وتنی وشەی دادە یاخود دایە لەلایەن منداڵەکانەوە بۆ ئەو ژنانەی لە خانەکاندا بەخێویان دەکەن، بەچێژترین هەستە بۆ ژنەکان، لەم دیمانەیەدا زیاتر ئاشنا دەبین بە گوزەران و ژیانی منداڵانی بێلانە لە زاری ڕازاوە عەبدوڵا-وە.

 

گوزەرێک بەناو کارەکانی ڕازاوە عەبدوڵادا

ڕازاوە عەبدوڵا دەرچووی بەشی کۆمەڵناسییە لە زانکۆی بەغداد ساڵی ١٩٨٤، بەهۆی بارودۆخی سیاییەوە تا تەواوکردنی قۆناغی زانکۆی، هەرسێ زانکۆی سلێمانی، سەڵاحەدین و بەغدادی کردووە، ڕازاوە بە درێژایی تەمەنی چەندین ئیشی جۆراوجۆری کردووە، لەوانە وانەبێژی لە قوتابخانەدا، لە ١٩٩٥دا وەک توێژەری کۆمەڵایەتی لە بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی نابینایان دامەزراوە و ماوەی ٦ مانگ لەوێ ماوەتەوە، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ خانەی نەوجەوانانی کچان و لەوێ دەستبەکار دەبێت، لەدوای ساڵی ١٩٩٥ هەولێر بەجێدەهێڵێت و دەچیتە سلێمانی و لە خانەی نەوجەوانانی ئۆڵف پاڵما کە تایبەتە بە منداڵانی تەمەن ٦-١٢ ساڵ دەبێتە توێژەر، دواتر بەهۆی کار و لێهاتووییەوە دەکرێتە بەڕیوەبەری خانەکە بۆ ماوەی ٩ ساڵ.

ڕازاوە لە ژیانیدا چەندی کاری جۆراوجۆری کردووە، وەک خۆشی دەڵێت زۆرینەی کارەکانی بۆ گەنجان و منداڵان بووە و ئاسوودە بووە کاتێک خزمەتی پێکردوون، ڕازاوە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بووەتە جێگری بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی و وێستگەی تری کارەکانییەتی کە تائێستا بەردەوامە.

 

وتنی وشەی دادە پاڵنەرێکە بۆ خزمەتکردن بە منداڵان

بانگکردنی ڕازاوە بە دادە یان دایە لەلایەن منداڵەکانەوە، یەکێکە لە پاڵنەرەکانی بەردەوامیدان بە کارەکەی، ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو وشەیە جوانترین هەستم پێدەدات و  دەروونم پێی ئارام دەبێتەوە و پاڵنەرێکە تا بتوانم خزمەت بەو منداڵە بێنازانە بکەم، ڕازاوە باس لەوە دەکات دڵخۆشە بەوەی چەندین منداڵ هەبوون لە تەمەنی بچوکییەوە بەخێوی کردوون و ئێستا خاوەنی بڕوانامە و کاری تایبەت بە خۆیان یاخود ژیانێکی سەرکەوتووانەیان بۆخۆیان دامەزراندووە.

 

ژنها لە لێدوانێکیدا لەگەڵ یەکێک لەو منداڵانەی پێشتر لە ماڵەکاندا و لەلای ڕازاوە گەورە بووە و لە ئێستادا خاوەن بڕوانامە و کاری خۆیەتی دەڵێت "خۆشترین یادگاریم لەگەڵ دادە ڕازاودا سەیرانەکان بوو ئەیانبردین بۆ سەیران و گەشت، دڵی ناهات دڵمان بشکێنێت کە داوای شتێکمان دەکرد هەموو کاتێک یەکسانی ڕاگرتبوو لە نێوان منداڵەکاندا، بەهۆی ئەوەی منداڵەکان زۆر بووین نەمان دەتوانی هەموو ئەو وزەیەی هەمانە دەری ببڕین تا دراوسێکانمان بێزار نەکەین، دادە ڕازاو وا فێری کردوین کە ڕێز لە دراوسێ بگرین و تەداخولیان نەکەین، ناخۆشترین شت بۆ ئێمە ئەوە بوو کاتێک منداڵێک هاری دەکرد هەموومان باجەکەیمان وەردەگرت، کاتی ئێمە گرانی بوو وافێر کرابووین ئەو شتانەی هەمانە قەدریان بگرین، ئێمە بە تەواوی  پەروەردەیەکی تەندروستمان وەردەگرت، فێری زۆر شت کراین کە دایک و باوکان فێری منداڵەکانیان دەکەن، دادە ڕازاو و کارمەندەکانی دیکە ئەوەنە باشبوون لەگەڵماندا هەتا ئێستاش من سەردانی دەکەم و وەفایەکم هەیە بۆی، لە ئێستایا خاوەن کاری خۆمم و پشت بە خۆم دەبەستم".   

 

نەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی بووەتە کێشەی سەرەکی لە ماڵەکاندا

ڕازاو لە قسەکانیدا باس لەوە دەکات پێویستە لە پاڵ نازپێدان بە منداڵەکان پەروەردەیەکی تەندروست وەربگرن، وەک چۆن دایک ناز و نەخێریشی بۆ منداڵەکانی هەیە، ئێمەش بەو شێوەیەین بۆ منداڵەکان تا لە داهاتوودا کەسانێک دەرنەچن نەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.

ڕازاوە دەڵێت ئێمە هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە وەک خێزانێک بەخێویان بکەین و بتوانن لە داهاتوودا خاوەن بڕوانامە و کاری خۆیان بن، دەشڵێت "لە هەموو خانەکاندا چاودێری پزیشکیمان هەیە بۆ ئاگاداربوون لە منداڵەکان، هەروەها خانەکان مامۆستا و فێرکاری تایبەتییان تێدایە وەک چۆن منداڵەکان لەگەڵ خێزانەکانیان پێویستان بە هاوکاری هەیە بۆ خوێندن و فێر بوون، مامۆستاکانی ئێمەش هاوکاریانن لەهەر پێویستیەکی فێربووندا".

 

نەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی لە خانەخاندا گرفتێکە کە ڕووبەڕووی خانە و منداڵەکانی دەبێتەوە ، بەهۆی دانەمەزراندنی توێژەر بۆ ئەو خانانە لەلایەن حکومەتەوە، ڕازاوە ئاماژە بەوە دەکات "ماوەی چەن ساڵە توێژەرەکان دانەمەزراون و کەمی توێژەر بووەتە کێشە، بە لایەنی کەمەوە پێویستە هەر ماڵەی سێ توێژەری تیدابێت چونکە ئەو منداڵانە هەریەکە و لە ژینگەیەکەوە هاتوون و هەریەکە و باری دەروونیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە.

لە دانەمەزراندی توێژەر لەلایەن حکومەتەوە، چەند کۆمپانیایەکی خێرخوازی دادە و توێژەر یان بۆ خانەکان دابینکردووە تا بتوانن هاوکاری ئەو منداڵانە بن، هەروەها ژن هەیە خۆبەخشانە خزمەت بەو منداڵانە دەکەن، مەرجی وەرگرتینشیان هەبوونی بڕوانامەیەکە تایبەت بە منداڵ، پەروەدە و زانستەکان، هەروەها پێشینەی کارکردنیان هەبێت لەگەڵ منداڵاندا.

 

داهاتووی منداڵەکان لە دوای ١٨ ساڵییەوە بە کوێ دەگات؟

لە خانەکاندا مەرجە هەموو منداڵەکان خاوەن بڕوانامە بن، ئەو منداڵانەی دەخوێنن، وەک گرێبەستێک کاریان بۆ کراوە کە پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەن هەتا خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام منداڵ هەیە ناخوێنێت و خاوەن هیچ کەس و کارێک نییە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، و حکومەت شوێنی بۆ ئەو منداڵانە دابین نەکردووە، ئەو جێگرە ئاماژە بە قەیرانی دارایی دەکات کە کاری کردووەتە سەر بەڕێوەبردنی خانەکە و ئەو بڕە پارەیەی کە بۆیان دابینکراوە بەشی پێویستییەکانیان ناکات، و دەڵێت: "ئەو ساتەی منداڵێک دێتە بەردەم، و داواکاری شتێکی هەیە و ناتوانین بۆی دابینبکەین ناخۆشترین هەستە" دەشڵێت "هەستێکی پڕ ئازارە بۆ من".

 

لە پەیامێکیدا تایبەت بە ٨ی مارس دەڵێت

ڕازاوە عەبدوڵا وەک ژنێکی بە ئەزموون و سەرکەوتوو لە کارکردنیدا دەربارەی ٨ی مارس پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان و ژنانی کورد بە تایبەت دەکات، هەروەها پەیامی خۆی بۆ ژنان دەنێرێت و دەڵێت: "هیچ ژنێک چاوەڕوانی هیچ کەسێک نەکات تا مافەکانی بەدەست بهێنێت، چونکە کەس هەست بە ئازار و ناخی ئەو ژنە  ناکات کە هەیەتی، ژنان وزەی شاراوەیان هەیە هەوڵبدەن و تێبکۆشن تا وزە شاراوەکانی ناخیان بەدەرخەن".

 

ت.پ