ئیلهام محمد: لە بەشی ناوخۆیی دوورمانی دەکەم و ڕێگر نەبووە لە درێژە دان بە خوێندنم

خوێندکارێکی هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی دەخوێنێت لە بەشی ناوخۆی دەستی بە کاری دوورمانی کردووە بۆ هاوڕێکانی و کەسانی دیکەش تاوەکو بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و بژێوی ژیانی پەیدابکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- قەیرانی دارایی و نەبوونی دەرماڵە بۆ خویندکاران و دووری ڕێگە وایکردوە کە کچان و ژنانی گەنج بۆ پەیداکردنی بژێویان پشت بە خۆیان ببەستن و ئەو پیشەیەی کە هەیانە درێژەی پێ بدەن.

 

 ئیلهام محمد لە بەشی ناوخۆیی کچانی هەڵەبجەیە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستیەکانی ژیانی پڕ بکاتەوە، ماوەی ساڵێکە بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆی کار دەکات و وەک خۆی باسی لێوە دەکات وەک حەزێک هەوڵی داوە خوێندن و کارکردن پێکەوە گرێ بدات و کاری دوورمانی و بەرگدووری بۆکچانی بەشە ناوخۆی هەڵەبجە بکات.

 

 لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها ئیلهام وتی: " من لە قۆناغی سێهەمم لە زانکۆی هەڵەبجە و لەگەڵ خوێندن هەوڵ دەدەم پیشەیەک بۆ خۆم پەیدابکەم."

 

 "هەرچەندە لە شاری خۆم نیم بەڵام توانیومە خوێندن و کارەکەم پێکەوە ئەنجام بدەم"

سەبارەت بەوەی کە چۆن بڕیاری داوە کاری دوورمانی بهێنێتە بەشە ناوخۆیی ئیلهام باس لەوە دەکات کە پیشتریش کاری بۆ هاوڕێکانی کردووە بەڵام بەهۆی ئەوەی دوور بووە نەیتوانیووە خواستی هاوڕێکانی وەک پێویست بەدی بهێنێت بۆیە بڕیاری داوە تەنها کار بۆ هاوڕێکانی نەکات و کارەکەی فراوان بکات، هەر بۆیە لەسەر داواکاری خویندکاران و هاوڕێکانی مەکینەی هێناوەتە بەشە ناوخۆیی کچان و وە چاودێرانی بەشە ناوخۆیش هاوکاری دەکەن لە پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی کاری دوورمانی کردنەکەی.

 

"جل و بەرگ بۆ کەسوکاری هاوڕێکانیشم ئەدورم"

ئیلهام ئاماژە بەوە دەدات کە جل تەنها بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی نادورێت بەڵکو هەرکەس خواستی لێبێت و هەرکەس بیەوێت بە پێی خواستی خۆیان جلیان بۆ ئەدوورێت، "هاوڕێم هەبووە قوماشی هێناوە بۆ خوشک و دایک و پورو کەسە نزیکەکانی و جلەکانم بۆ دوریون چونکە حەزیان لێبووە و ئیشکانمیان بە دڵ بووە."

سەبارەت بە شێوازو دیزاین کردنی جلوبەرگەکان ئیلهام وتی: " هەرکەسێک بە پێی خواست و ئارەزووی خۆی کە داوای بکات جلوبەرگەکەی بۆ دەدورم."

 

" خوێندن و پیشەکەشم هەوڵمداوە بە سەرکەوتووی ئەنجامبدەم "

بەهۆی ئەوەی کە ئیلهام لە بەشە ناوخۆیی دەمێنێتەوە بۆیە جێگا و شوێنی تایبەت بەخۆی پێویستە بۆ کاری دورمان، سەبارەت بەوەی کە ئایا چۆن  بە کار و خوێندن ڕادەگات، ئیلهام وتی: " لەبەر ئەوەی خوێندن لە زانکۆ و کاری دوورمانەکەش حەزی خۆم بووە بۆیە توانیومە کات بۆ هەردوکی دابین بکەم و خەڵک هاتووە جلی زۆر پەلە بووە و وتویەتی پێویستە بەپەلە بۆم تەواو بکەیت بۆیە جلەکەم تەواو کردوە ئینجا دەستم بە خوێندن کردووە."

 

لە کۆتایدا ئیلهام پەیامی خۆی بۆ ژنانی گەنج دووپات کردەوە و وتی:" پەیامم بۆ ژنانی گەنج ئەوەیە کە پیشەکانیان دەربخەن ئەگەر ئاستەنگی هاتە بەردەمیان و پشتگریریشیان نەبوو، پێویستە ژنان خۆیان ببن بە پشت بۆ خۆیان، چونکە خەڵک تەنها سەرکەوتنەکانتان دەبینن، لەگەڵ خوێندن کارەکەشم دەکرد سەرەاڕی ئەوەی ماڵەوە ڕێگرن لەوەی کار بکەم بەڵام بۆ ئەوەی ئەرکی ماڵەوە سوک بکەم و یارمەتی ماڵەوە و خۆشم بدەم بڕیارم دا کار بکەم و هەرگیز سڵ نەکەنەوە لە کار کردنم.