فرۆشگا بچووکەکەی ئایگون سەرچاوەی بژێوی ژنانە

ئایگون بینجی لە "بازاڕی کاری ژنان" کار دەکات، کردنەوەی فرۆشگاکەی بووەتە هیوایەک بۆ ژنان و بەرهەمی ژنانی گوند وەردەگرێت و لە فرۆشگاکەیدا دەیفرۆشێتەوە، دەڵێت: کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی خۆی و ژنانی دیکە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

شرناخ - لە ئاداری ٢٠٢٢دا شارەوانیی هەدەپەی سلۆپی بازاڕی کاری ژنانی لە شارەکە کردەوە، ناوچەیەکی گرنگی دامەزراندنە بۆ ژنانی ناوچەکە و لە ١٢ فرۆشگا و کافێیەک و یەک ژووری شیردانی منداڵ پێکهاتووە، بازاڕەکە بە بەرپرسانی ئەمنیشەوە سەرجەمی کارمەندەکانی ژنن و سەندیکاکانیش بەرهەڵستی قەیرانی ئابووری دەکەن و بەرهەم دەهێنن.

 

ئایگون بینجی یەکێکە لەو ژنانەی کە لە فرۆشگایەکی بچوکی بازاڕەکەدا بەرهەمی سروشتی وەک شیر و پەنیر و زەڵاتە و میوە دەفرۆشێت، بووەتە سەرچاوەی نان بۆ هەزاران ژنی ناوچەکە، ئەو بەرهەمەکانی ژنان لە گوندەکان دەکڕێت و لە فرۆشگاکەیدا دەیفرۆشێتەوە، هەروەها ژنان دڵخۆش دەکات بەو کارەی دەیکات.

 

بازاڕەکە بووە شوێنێک بۆ دامەزراندنی ژنان

ئایگون بینجی، ئاماژەی بەوەکرد کە دوای داواکردنی شارەوانی و وەرگرتنی مۆڵەت، دەستیکرد بە کارکردن، فرۆشگاکەشی بووەتە شوێنی بژێوی ژیانی خۆی و هەزاران ژنی ناوچەکە، هەروەها  بازاڕ و نیگەرانییەکانی ژیانی ڕۆژانی سەرەتای بە پشتیوانی ژنان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تێپەڕاندووە و وتی: دوای ئەوەی فرۆشگاکەم کردەوە، خەڵک دەستیانکرد بەوەی کە هەم بەرهەم لە من وەربگرن و هەم بەرهەمەکانیان بدەن بە من، ئێستا کارەکەم زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، کارکردن پێکەوە لەگەڵ سەندیکای ژنان لێرە خۆشییەکی جیاواز دەبەخشێت، ئەم جۆرە پڕۆژانە دەبێت لە سەرانسەری وڵات هەبێت، من بە کارکردن هەستم بە باشتر کرد و کۆمەڵایەتی بووم.

 

بووە سەرچاوەی نان بۆ هەزار ژن

ئایگون بینجی ئەوەی خستەڕوو کە بە کارکردن لەو بازاڕەی کە شارەوانی دروستی کردووە، بژێوی خۆی و دەیان ژن دابین دەکات، وتیشی: هەندێکجار دێم بۆ فرۆشگاکەم، لە بەردەم دەرگا ژنان شیریان داناوە و ڕۆشتوون، دروستکردنی ئەم باوەڕییە من زۆر دڵخۆش دەکات، دوو جۆر بەرهەم هەیە کە من لە فرۆشگاکەدا دەیفرۆشم، بەشێکیان ئەوانەن کە ژنان دروستی دەکەن، بەشێکیان هی خۆمن، من و ژنانی دیکە پارە پەیدا دەکەین، ئەو پارەیەی کە ژنان لەو شیرەی کە دەیانفرۆشن بەدەستیدەهێنن، زۆر دڵخۆشیان دەکات، کاتێک دڵخۆشی ئەوان دەبینم، من زیاتر دڵخۆشم.