ڕەیان و چاوان بە کاری چنین ناوبانگیان لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە

ڕەیان و چاوان لە ژوورێکەوە دەستیان بە کاری نەخش و دروومان کرد و لە ماوەیەکی کەمدا کارەکانیان بەناوبانگ بوو.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ڕەیان هیدایەت و چاوان هیدایەت دوو خوشکی دانیشتووی شارەدێی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەن، ڕەیان تەمەنی ٢٢ ساڵە و دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزییە، چاوانیش تەمەنی ٢١ ساڵە و فێرخوازی قۆناغی پێنجی کۆلێژی دەرمانسازیە، ماوەی كەمتر لە ساڵێکە‌ دەستیانکردووە بە کاری دیزاینکردن و چنینی جلوبەرگ و جانتا.

 

کاری ڕەیان و چاوان بریتییە لە دروستکردن و دیزاینکردنی: كراس "قەمیس"، جلی دەرەوە و جانتای بچوک و گەورە بە چنینی ئەتەمینی مەکینەی کۆمپیوتەری، لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیانەوە، ڕەیان باس لەوە دەكات، بیرکەکەیان لە دایکیانەوە وەرگرتووە، چونکە ئەو ماوەیەکی زۆرە کاری لێدانی نەخشی مەکینەی کۆمپیوتەری لە جلی ماڵەوە و جلی کوردی دەکات، "بۆیە ئێمەش بیرۆکەی ئەوەمان بۆ هات ئەم نەخشانە بگوازینەوە بۆ سەر جلی دەرەوە و جانتا، چونکە ئەم ئیشە لە کوردستاندا نییە".

 

ڕەیان و چاوان ئامانجیان لە کارەکە هەبوونی براندێکی ناوخۆییە کە سەرجەم کارەکانی لە ناوخۆی کوردستان ئەنجامبدرێت، ئیستا لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن و هەندێکجاریش لەپێناو ناساندنی براندەکەیان بەشداری پێشەنگا و چالاکییەکان دەبن، ڕەیان دەڵێت: چاومان لەوەیە لە داهاتوودا بتوانین شوێنێکی گەورەتر بکەینەوە و بەرهەمەکانمان بە تەواوی وەک براندێکی ناوخۆیی بناسێنین و لە ڕێگەیەوە هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنین لە هەڵەبجە.

 

"زۆربەی کڕیارەکانمان لە دەرەوەی هەڵەبجەن"

ڕەیان باس لەوەش دەکات کە کڕیارەکانیان زۆربەیان لە دەرەوەی هەڵەبجەن و لە شارەکانی تری کوردستانن، منداڵ و گەنج و هەندێک جاریش بە تەمەنی تیادایە، بەڵام بە گشتی خوێندکارانن.

 

ڕەیان و چاوان بە هۆی خۆشەویستیان بۆ کارەکەیان لە ژوورێکی بەردینی ماڵەکەیان بەردەوامن، وەک خۆی باسی دەکات، "حەز و خولیاکەمان بۆ کارەکەمان وایلێکردووین بەردەوام بین و توانیوومانە سودی مادی و مەعنەوی ببینین.