توندوتیژیی دیجیتاڵی لە تونس... چەکێکی نوێ بۆ چەسپاندنی هەژموونی پیاوسالاری و بەئامانجگرتنی ژنان

لە کاتێکدا کە زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی لە ٦٠٪ی ژنانی تونس لە ڕێگەی کەشی دیجیتاڵیەوە ڕووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە، توندوتیژیی دیجیتاڵی وەک درێژکراوەیەکی مەترسیداری جیاکاریی لەسەر بنەمای ڕەگەز دەردەکەوێت.

توندوتیژیی دیجیتاڵی لە تونس... چەکێکی نوێ بۆ چەسپاندنی هەژموونی پیاوسالاری و بەئامانجگرتنی ژنان

زهور مەشریقی

تونس ـ لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کۆمەڵەی تونسی بۆ ژنانی دیموکرات، ٢٥ی تشرینی دووەم، وۆرکشۆپی "توندوتیژیی دیجیتاڵی دژی ژنان: شێوازە نوێبووەوەکانی جیاکاری و ئاستەنگەکان"ی ڕێکخست.

بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەم وۆرکشۆپە دەچێتە چوارچێوەی وێستگەیەکی خەبات و دادپەروەری کە ساڵانە نوێ دەبێتەوە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها بۆنەیەکی تێپەڕ نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی بەردەوام و بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە کە یەکخستنی هەوڵەکان دەخوازێت بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادی و کەرامەت و یەکسانیی ژنان، بەتایبەتی لە سایەی گۆڕانی کەشی دیجیتاڵی بۆ درێژکراوەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کە ژنان لە کەشە کۆمەڵایەتی و پیشەیی و سیاسییەکاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام بە ئامراز و ڕێکاری نوێ کە پەرەپێدانی تێگەیشتن و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوە دەسەپێنن.

هەروەها جەختیان کردەوە، کە تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان ئەو جیاکارییەی لە ڕاستی ژیاندا هەیە هەڵناوەشێننەوە، بەڵکو قووڵتری دەکەنەوە، چونکە کەشی دیجیتاڵی دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ پیادەکردنی توندوتیژیی ئامڕازی و ملکەچپێکردنی ژنان بۆ چاودێری و ناوزڕاندنی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پلاتفۆرمگەلێکەوە کە خێرایی بڵاوبوونەوە و قەبارەی زیانەکە دووهێندە دەکەن.

یاساکان لە تونس "دووڕوون"

ڕەجا دەهمانی، سەرۆکی کۆمەڵەی تونسی بۆ ژنانی دیموکرات، ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستپێکردنی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی چالاکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و توندوتیژیی بونیادنراو لەسەر بنەمای ڕەگەز، وێستگەیەکی نێودەوڵەتییە کە تونس ساڵانە بە بەشداریی کۆمەڵەی ژنان زیندووی دەکاتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی، کۆمەڵەکە ئەمساڵ هەڵیبژاردووە تیشک بخاتە سەر توندوتیژیی دیجیتاڵی کە بووەتە دیاردەیەکی ترسناک لە وڵاتدا.

ڕوونیکردەوە، کە ناوەندەکانی گوێگرتن و ڕێنماییکردنی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان لە ئاستی توندوتیژیی دیجیتاڵی یان ئەلیکترۆنیدا تۆمار کردووە هاوتەریب لەگەڵ بەکارهێنانی پەرەسەندووی میکانیزمەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی سەردەمییانە، وتی: وۆرکشۆپەکە گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانی پاراستن و شێوازە نوێیەکانی دەکات، بەو پێیەی شێوازێکە لە شێوازەکانی جیاکاری و پەراوێزخستن کە ژنان دەگرێتەوە، بە پلەی یەکەم بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکاتە ئامانج کە دەنگیان لەکەدار کراوە و ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی سەخت دەبنەوە کە دەگاتە ئاستی ئازاردان و زیانگەیاندن.

جەختی لەوە کردەوە، کە یاساکان لە تونس "دووڕوون"، بڕیاری ژمارە ٥٤ کە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە کەشی دیجیتاڵیدا دانراوە، گۆڕاوە بۆ ئامرازی فشار و شمشێرێک بەسەر چالاکوانانی مافی مرۆڤ و پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانەوە، لەگەڵ تۆمارکردنی ڕاوەدوونانی دادوەری و سزای زیندانیکردن لەسەر پێکهاتەی لێدوانەکان و ئازادیی ڕادەربڕین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر پێویستیی دەربازنەبوون لە سزا و ئاڕاستەکردنی ئەم دەقە یاساییانە بەرەو ئەنجامدەرانی تاوانە ڕاستەقینەکان دژی ژنان و پیاوانی تونس، نەک بۆ بەتاوانبارکردنی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕین، بەو پێیەی پێداچوونەوە بە بڕیارەکە و گۆڕینی سزای زیندانیکردن بە سزای دارایی، جیاکارییەک لە جۆرێکی دیکە دەچەسپێنێت کە وا دەکات دەوڵەمەندەکان لە ڕووی داراییەوە توانای زیاتریان هەبێت بۆ دەربڕین بەو شێوەیەی دەیانەوێت.

ڕوونیکردەوە، کە کەسی دەوڵەمەند لە سزا دەربازی دەبێت لە کاتێکدا بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ئەو لایەنەی کە لێکەوتەکانی هەموو ئەوانە هەڵدەگرێت، ئاماژەی بە فرەیی شێوازەکانی توندوتیژیی پیادەکراو دژی ژنان کرد، لە توندوتیژیی هاوژینی و خێزانی و جەستەیی و زارەکی، وتی: سەرەڕای سەرکەوتن لە دەرکردنی یاسای ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردانە، جێبەجێکردنی هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، سەرەڕای بوونی بەرگرییەک لە ناو دەسەڵاتی دادوەریی تونسدا کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی دەکات بە بیانووی ئەوەی کە پێش کۆمەڵگە کەوتووە.

توندوتیژیی ئاسانکراو بە تەکنەلۆژیا هەڕەمی کۆمەڵایەتی هەڵناوەشێنێتەوە

لە میانەی وۆرکشۆپەکەدا، فەتحییە سەعیدی، توێژەر لە زانستی کۆمەڵناسی و ئەندامی کۆمەڵەی تونسی بۆ ژنانی دیموکرات، جەختی لەوە کردەوە، کە تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان ئەو هەڕەمە کۆمەڵایەتییەی لە ڕاستی ژیاندا هەیە هەڵناوەشێننەوە، بەڵکو قووڵتری دەکەنەوە، توندوتیژیی دیجیتاڵیی لەسەر بنەمای ڕەگەز، پیادەکردنێک لەخۆ دەگرێت کە بە پلەی یەکەم ئامانجیان ملکەچپێکردنی ژنانە بۆ ئەو پێوەرە ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییانەی کە کولتووری پیاوسالاری دەیانسەپێنێت، بەبێ جیاوازی دەیانکاتە ئامانج هەرچەندە تەمەن یان پێگەی کۆمەڵایەتی یان پیشە یان سروشتی چالاکییەکانیان لە کەشی گشتیدا جیاواز بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تێگەیشتن لەم دیاردەیە پێویستی بە ئامادەکردنی چەمکی توندوتیژیی ئامڕازی هەیە، بەو پێیەی توندوتیژی هەمیشە لە ڕێگەی زۆرلێکردنی ماددیی ڕاستەوخۆوە پیادە ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی بڕیار و پۆلێنکردن و وێناکردنە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار دەکات کە وا دەکەن پەیوەندییەکانی هەژموون سروشتی و قبووڵکراو دەربکەون، پێگەی ژن لە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆیدا کورت دەکاتەوە.

وتیشی: ئەو سەرنجانەی گومان دەخەنە سەر ڕەوشتی ژنان، یان گاڵتە بە ڕووکەشیان دەکەن، داوایان لێدەکەن بگەڕێنەوە بۆ ڕۆڵە نەریتییەکانی ناو ماڵ، سنووری بێڕێزی تاکەکەسی تێدەپەڕێنن بۆ ئەوەی دووبارە سیستەمی ڕەگەزی بەرهەم بهێننەوە و ئەو سنوورانە بچەسپێنن کە بەسەر ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسییاندا سەپێنراون، هەروەها جەستەی ژن لە وێناکردنی پیاوسالاریدا وەک جەستەیەکی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە ملکەچی هەڵسەنگاندن و چاودێری و سزای بەکۆمەڵە، نەک وەک موڵکێکی تاکەکەسیی سەربەخۆ.

لە چوارچێوەی چاودێریکردنی شێوازەکانی ئەم توندوتیژییەدا، توێژەرەکە ئاماژەی بە ناوزڕاندن کرد، جەوهەری "نازڕاندنی کۆمەڵایەتی" لەسەر گۆڕینی هەندێک سیفەتی دراوەپاڵ تاک دەوەستێت بۆ کۆمەڵە نیشانەیەک کە بۆ کەمکردنەوەی بەها و پێگەی و دووبارە پێناسەکردنەوەی لە بەرچاوی ئەوانی دیکەدا بەکاردەهێنرێن، هەروەها ئەم پرۆسەیە لە کەشی دیجیتاڵیدا ڕەهەندی دووهێندە وەردەگرێت، چونکە نازڕاندن چیتر لە بازنەیەکی کۆمەڵایەتیدا قەتیس نەماوە، بەڵکو ئامرازەکانی پەیوەندیی مەجازی و پلاتفۆرمە میدیاییەکان توانای بڵاوبوونەوەی فراوان و گەورەکردنی کاریگەرییەکەی پێدەبەخشن.

فەتحییە سەعیدی لەم چوارچێوەیەدا، سەرنجی خستە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی ژن، و هەروەها پەڕەی فەرمیی کۆمەڵەی تونسی بۆ ژنانی دیموکرات بۆ هێرشی دیجیتاڵیی دووبارەبووەوە کە کار و خەباتی ژنانی ئەوانی کردووەتە ئامانج.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.