ناوەندی هەواڵ
توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ئێران نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆف لێکەوتووەتەوە، لە ناوەندی هەڵکشانی داواکارییەکان بۆ بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی بۆ ژنان، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەفتارە جیاکارییەکان و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان کە مافە بنەڕەتییەکانیان هەڵدەوەشێننەوە و بەشداریی کارایان لە کۆمەڵگەدا سنووردار دەکەن.
سەندیکای مامۆستایانی کوردستان، بە ڕێکخراوەکانی مەریوان، سەرفاباد، سەقز، زێوێ، سنەوە، ڕاگەیاندراوێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرکرد، کە تێیدا ڕەخنەی لە بەردەوامی و هەڵکشانی توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران گرت، ڕەگەکەی گەڕاندەوە بۆ بنەما پیاوسالارییەکان، جیاکاریی یاسایی و ئابووری، بیروباوەڕە کولتوورییەکانی دژی ژنان.
سەندیکاکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، ئاماژەی بە زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا کردووە، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوی کردوونەتەوە، ژمارەی ژنانی کوژراو لە ٥٥ ژنەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرز بووەتەوە بۆ ٩٣ ژن لە ساڵی ٢٠٢٤، پاشان بۆ ١٧٩ لە ساڵی ٢٠٢٤، تا دواجار لە ساڵی ٢٠٢٦ گەیشتووەتە ٢٠٧ ژن.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئەنجامدەرانی سەرەکیی ئەم تاوانانە زۆربەی کات لە خزم و کەسانی زیانبەرکەوتووانن، لەوانە هاوژین، هاوژینی پێشوو، باوک، برا، ئەندامانی دیکەی خێزان، ئاماژەی بە هۆکارەکانی دیکەش کردووە وەک بەناو "پاراستنی شەرەف"، ڕەتکردنەوەی داواکاریی هاوسەرگیری، داواکاریی جیابوونەوە لەلایەن ژنانەوە، ئەو ناکۆکییانەی لە هاوسەرگیریی منداڵان یان هاوسەرگیریی زۆرەملێوە سەرچاوە دەگرن، وەک هۆکارگەلی تۆمارکراو لەم حاڵەتانەدا.
شێوازەکانی توندوتیژی
سەندیکاکە جەختی لەوە کردەوە، کە چەمکی توندوتیژی دژی ژنان نابێت تەنها لە کوشتن یان خۆکوشتن کە لە ئەنجامی فشار و بێدەسەڵاتییەوە سەرچاوە دەگرێت کورت بکرێتەوە، هەروەها لێدان، بێڕێزیپێکردن، شکاندن، هەڕەشەکردن، کۆنترۆڵکردن، دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسی، سەرەڕای بێبەشکردن لە خوێندن و کار، پەراوێزخستنی ئابووری، جیاکاری لە موچە و کرێدا، بێبەشکردن لە میرات و موڵک و ماڵ، و سنووردارکردنی ئازادیی گەشتکردن، سەرەڕای توندوتیژی و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، هەموو ئەمانە دەچنە چوارچێوەی شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنانەوە.
سەندیکای مامۆستایانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، نایەکسانی لە دەسەڵاتدا لە نێوان ژنان و پیاوان، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی پیاوسالاری لە یاسا و دامەزراوە و زمان و پەیوەندییەکانی ڕۆژانەدا، بە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی توندوتیژی داناوە، سەرنجی خستووەتە سەر ڕۆڵی قەیرانە ئابوورییەکان و هەڵاوسان و بێکاری و فشارەکانی بژێوی لە قووڵکردنەوەی گرژییە خێزانییەکاندا، هەروەها ژنان لە ئەندامانی دیکەی خێزان زیاتر بەرکەوتەی لێکەوتەکانی ئەم دۆخە دەبن.
کۆمەڵەکە ڕەگەکانی توندوتیژی دژی ژنانی وەک تێکەڵەیەک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی پیاوسالاری، هەندێک لێکدانەوەی ئایینی کە ڕق و کینە بەرامبەر ژنان لەخۆ دەگرن، کەلێن و کەموکوڕییە یاساییەکان، ژێرخانی ئابووریی ناتەواو، بیروباوەڕە کولتوورییە جیاکارییەکان پێناسە کردووە، داوای پێداچوونەوەی بە یاسا و فێرکارییە ئایینی و کولتوورییەکان و سیاسەتە ئابوورییەکان، میکانیزمی کارکردنی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکاندا کردووە، لەسەر بنەمای یەکسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز.




