ناوەندی هەواڵ
ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی هەڵکشانێکی نیگەرانکەری ئاستی توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەبنەوە لە ناوەندی زیادبوونی ئەو کۆتوبەندانەی بەسەر ئازادییەکانیاندا سەپێنراون، هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکان سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی مرۆییان و داواکاری بۆ دابینکردنی پاراستنی بەپەلە و مسۆگەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان.
تۆڕی بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، کە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە ڕێکاری کردەیی، بەرپرسیارێتی، لێپرسینەوە هەیە، ئەم کێشەیە بە بێدەنگی یان سازشکردن یان دەرکردنی ڕاگەیاندراوی فەرمی چارەسەر نابێت، بەو پێیەی توندوتیژی دژی ژنان پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و دەستدرێژییە بۆ سەر کەرامەتیان.
جەختی لەسەر پێویستیی بەرپەرچدانەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی پیادەکراو دژی ژنان کردەوە، هەروەها سەرکۆنەکردنی توندوتیژی بە تەنها بەس نییە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە جووڵەیەکی کاریگەر و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە.




