شڵێر کۆیی
کۆیە- لەچوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژی ژنان بەهاوکاری پەروەردەی کۆیە خولێکی ڕاهێنانی بۆ ٥٠ توێژەری دەروونی و مامۆستایانی ڕێنماییکار لە سنووری پەروەردەی کۆیە کردەوە، بە مەبەستی پێدانی زانیاری و ڕێنمایی پێویست لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی توندوتیژی لە ناو خێزان و ناوەندەکانی خوێندندا.
بەهەست وریا، کارمەند لە نوسینگەی کۆیەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان /هۆبەی هۆشیاری، سەبارەت بە کاروو چالاکیەکانیان وتی: ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان هەستا بە کردنەوەی خولێکی ڕاهێنان بۆ مامۆستایانی ڕێنماییکار لە سنووری پەروەردەی کۆیە، ئەم خولە سەبارەت بەو چالاکییانەیە کە پێویستن، یان بۆ گەیاندنی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن ڕێنماییکار و مامۆستایانی سنووری پەروەردەی کۆیە دەدرێت، تا بزانن چۆن بتوانن ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییانە ببنەوە کە لە چوارچێوەی خێزانەکان لە ناو پەروەردەو سنووری پەروەردە یان لە قوتابخانەکان ڕوو دەدەن.
بەهەست وریا وتیشی: ئامانجمان گەیاندنی ئەو بابەتە یاسایی و دەروونییانەیە بۆ مامۆستاکان و ڕێنماییکارەکان، تا چۆن بتوانن هەماهەنگ بن و چۆن بتوانن یارمەتیدەری ئەو خوێندکارانە بن کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر توندوتیژییەکدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها ساڵانە ئەو هەڵمەتانە یان ئەو خولانەی ڕاهێنانە بۆ ڕێنماییکارەکان یان بۆ ئەو کەسانەی کە کارکردنیان هەیە لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی، یان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکان بن یان لە هەر شوێنێک کە کار لەگەڵ خوێندکاران، منداڵان، ژنان دەکەن، بەڕێوە دەبەین، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە هەر یەک لەو کەسانە و تاکەکان زانیارییان هەبێت کە چۆن بتوانن لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی یان لە کاتی بوونی توندوتیژی، بتوانن چارەسەری بکەن یان لە ڕێگەی ئەو توندوتیژییە ئەلیکترۆنییانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، یان ڕووبەڕووی هەر ڕەگەزێک دەبێتەوە، چۆن بتوانن زانیارییان هەبێت و ڕووبەڕووی ببنەوە و خۆیان بپارێزن. ئەم هەڵمەتە ساڵانە بەردەوامە؛ چ لە ناوەندەکانی خوێندن بێت یان لە دەرەوەی ناوەندەکانی خوێندن.
هەورین محەمەد، ڕێنمایکار لە خوێندنگای پێشەوا کە یەکێک لەبەشداربووانی ڕاهێنانەکە بوو وتی: ئێمە وەک ڕێنماییکارانی پەروەردەی کۆیە، بەشداریمان کرد لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە شاری کۆیە، زۆر بە پێویستی دەزانین ئەو سیمینارو خولانە بۆ ڕێنماییکاران و بۆ سەرجەم چین و توێژەکان بەردەوام بێت، چونکە لە ڕێگەی ئەو سیمینارو خولانەوە کۆمەڵگە هۆشیار دەبێتەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لایەنەکانی توندوتیژی خێزانی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی منداڵ و ئەو کێشانەی کە ئێستا لە سەردەمی ئێستادا باون، لە لایەنی ئەلیکترۆنییاتە، مادییە، خێزانییە، کۆمەڵایەتییە، وەک ڕێنماییکاران زۆر سوودمان لە خولەکە وەرگرت لەبەرئەوەی دەتوانین بزانین چۆن لەگەڵ کەیسەکان لە ناوەندەکانی خوێندن مامەڵە بکەین، چۆن پەیوەندییان پێوە بکەین و چۆن هەنگاوەکانی چارەسەرکردنەکەی بکەین. دەستیان خۆش بێت و ماندوو نەبن.












