مەهرانگ بەلوچ خەڵاتی مافەکانی مرۆڤی ئێدڵستامی وەرگرت

دامەزراوەی هاراڵد ئێدێلستام لە سوید بەهۆی هەوڵ و ڕۆشنکردنەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنکردنە زۆرەملێکان و پارێزوانی مافەکانی مرۆڤ خەڵاتی مافەکانی مرۆڤی ئێدڵستامی ٢٠٢٦ی بەخشی بە مەهرانگ بەلوچ.

مەهرانگ بەلوچ خەڵاتی مافەکانی مرۆڤی ئێدڵستامی وەرگرت

ناوەندی هەواڵ

لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دەزگای هاراڵد ئێدێلستام لە سوید ڕایگەیاند، کە مەهرانگ بەلوچ، پزیشک و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی بەلوچ لە پاکستان خەڵاتی مافی مرۆڤی ئێدێلستام بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پێبەخشراوە.

بەپێی ئەو دامەزراوەیە، ئەم خەڵاتە وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی مەهرانگ بەلوچ بۆ بەرگریکردن لە ڕاستی و دادپەروەری بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، پشتیوانیکردنی لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و کارە فراوانەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بەخشراوە.

هەوڵەکانی بۆ دادپەروەری لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی پێکرد

مەهرانگ بەلوچ کەسایەتییەکی دیارە لە ناو لیژنەی بەلوچ یاکجێهتی (BYC)، هەوڵەکانی بۆ دادپەروەری لە ساڵی ٢٠٠٩ بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی باوکی عەبدول غەفار لەنگو دەستیپێکرد، دوای سێ ساڵ تەرمی باوکی دۆزرایەوە، ئەم ئەزموونانە وایکردووە کە مەهرانگ بەلوچ دەنگێکی پێشەنگ بێت لە خەباتی دادپەروەری بەناوی بنەماڵەی بێسەروشوێنەکانی پارێزگای بەلوچستان.

لە ساڵی ٢٠٢٥ دەستگیرکراوە

لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٥دا لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی لیژنەی بەلوچ یاکجێهتی (BYC) دوای ناڕەزایەتییەکی هێمنانە لە دژی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە دەستگیرکران، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی دامەزراوەی ئێدڵستام، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە میانی کەمپەنەکەدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون.

سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا

هەروەها دامەزراوەکە ڕایگەیاند، کە دوای ڕێوشوێنە یاساییەکان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦، مەهرانگ بەلوچ لە زیندانی هودا لە شاری کوێتا دوو سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها ڕۆیتەرز لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٦دا بڵاویکردەوە کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە. دامەزراوەی ئێدێلستام ڕێوشوێنی یاسایی دژی مەهرانگ بەلوچ  بە "دادگایەک کە لە پشت دەرگای داخراوەوە بەڕێوەدەچێت" پێناسە کردووە.

ئاهەنگی خەڵاتکردنەکە لە ٣ی کانوونی دووەم بەڕێوەدەچێت

ڕێوڕەسمی خەڵاتی مافی مرۆڤی ئێدێلستام لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە ماڵی شوڕشگێڕان (ریدارهوسێت) لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت، بەو پێیەی مەهرانگ بەلوچ ئێستا لە زینداندایە، خەڵاتەکە بەناوی ئەوەوە وەردەگیرێت، لەلایەن هاوکارەکەی لە لیژنەی بەلوچ یاکجێهتی (BYC) و میر بالیخ شێر، برای بیبی بۆ بەلۆچ، کە هاوکات لەگەڵیدا لە زینداندایە.

داوای ئازادکردنی زیندانیان دەکات

دامەزراوەی هاراڵد ئێدێڵستام لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی مەهرانگ بەلوچ و هاوکارەکانی کرد کە لەگەڵیدا دەستبەسەرن، جەختی لەسەر گرنگی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، دەستڕاگەیشتن بە نوێنەرایەتی یاسایی بە هەڵبژاردنی خۆی و ڕوونی لە ڕێوشوێنە دادوەرییەکان کردەوە.

خەڵاتی ئێدێلستام هەر دوو ساڵ جارێک دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لە هەلومەرجی سەختدا ورەیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین نیشانداوە.